پەرلەمانتارێك: كێشەكان چارەسەر كراون و بەغدا دەیەوێ خەڵكی كوردستان برسی بكات

:: PM:09:19:06/05/2024 ‌

بەغدا لە سیاسەتی سزادان كە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی بەكاری دێنێت بەردەوامە، چەندین مانگە مووچەی فەرمانبەران هەر جارە و بە بیانوو و هۆكارێك دوا دەخات، ئەمجارەش دەیەوێ هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی خۆی ژێردەستە بكا و بڕیارەكانی خۆی بسەپێنێت، پەرلەمانتارێك دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا دەیەوێ لەو رێگەوە حكوومەتی هەرێم ناچاری پابەندبوون بە بڕیارەكانی بكات.

نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نابێت كە گوتی نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بكەوێت، تا ئێستە نازانین بۆچی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دواخستووە و ئەمجارە چ بیانووێكی بە دەستەوەیە؟، لە كۆتا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا چارەسەری كێشەكان كرا، بەڵام بەغدا جارێكی تر پابەند نەبووە.

روونی كردەوە، بەغدا دەیەوێ خەڵكی كوردستان برسی بكا و هەموو كوردستانی بە مووچە سەرقاڵ كردووە، كە ئەمە مافێكی زۆر بچووكی خەڵكی كوردستانە بەغدا وای لێ دەكات، بۆیە هیچ كات رێككەوتنێكی نەكردووە كاری پێ كردبێت، بەغدا مووچەی بە هەموو شتێكەوە بەستووەتەوە، دەزانێت بابەتێكی هەستیار و گرنگە و قووتی خەڵكە، دەیەوێ لەو رێگەوە حكوومەت ناچار بە پابەندبوون بە بڕیارەكانی خۆی بكات، لەكاتێكدا ئەوەی بەغدا دەیەوێ ئەوەیە بە زۆر هەرێم بە بڕیارەكانی رازی بكات، كە هەمیشە بەو لایەنە كاری پێ كردووە كە چۆن وا بكات كورد ژێردەستە بكات.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، دادگای فیدراڵی داوای كرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆی بدرێت، كەچی حكوومەتی عێراق دەیەوێ بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێم جێبەجێ بكات، ئەمە هەموو یاریكردنە بە مووچەی فەرمانبەران و سیاسەتێكە كە خۆیان دایانناوە، بەغدا دەیەوێ كوردستان بێهێز و بێدەسەڵات بكات، حكوومەت لاواز بكات و بڕیارەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، بابەتەكە ئەوەیە كە بەغدا نایەوێ خزمەتی خەڵكێك بكات كە خاوەن حكوومەتی خۆیانن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، تا ئێستە دیار نییە كەی پارە دەنێرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

لای خۆیەوە عەدنان ئەحمەد، رۆشنبیرێكی شاری سلێمانی بە "وشە"ی گوت، مانگ لەدوای مانگ بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەخات و هەر مانگێك بە بیانووێكی جیاواز، مانگی رابردوو بڕیار درا هەموو مانگێك تا 25ی مانگ مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكرێت، بۆیە ئەو سیاسەتەی بەغدا قبووڵكراو نییە و ناكرێ سەتان هەزار مووچەخۆر بەهۆی ئەو سیاسەتانەی بەغدا مووچەیان رابگیرێت، عێراق ئەگەر وڵاتی یاسا بێت، ئەمە یاسا نییە و نایاساییە، كوا دادگا بۆچی هیچ هەڵوێست و قسەی نییە؟، ئەمەی بەغدا دەیكات بە تەواوی مامەڵەیەكی نامرۆڤانەیە و بەشێكیشی بۆ ئەو گرووپ و لایەن و پەرلەمانتارانە دەگەڕێتەوە كە دەیانگوت بەغدا باشترە ‌و با ئەوان مووچەمان بدەنێ.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، نەك هەر مووچە، كە چەند مانگێكە گرفت بۆ هەرێم و فەرمانبەران دروست كراوە، دەیەوێ بە چەندین بڕیاری تر كە پێچەوانەی یاسایە، هەرێمی كوردستان لاواز بكات و بیخاتەوە سەر عێراق، بەغدا هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە ئەو بڕیارەی خۆی دەیەوێ و دەری دەكات بەسەر هەرێمی بسەپێنێت، ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان لەوەی ئێستە هەیە و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە سایەی ئابووریی سەربەخۆ بە دەستی هێنا بوەستێت و گەشە نەكات.

 هەر پێوەست بەو بابەتە سەباح كەریم، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پێم وابێ بەغدا هی ئەوە نییە متمانەی پێ بكرێت، پابەندی یاسای بودجە نەبوو، كە یاسایە و دەرچووە و هەموو وڵات كاری پێ دەكات، لە ماوەی ساڵی رابردوو تا ئێستە چەندین رێككەوتن كراوە، مانگانە شاندی حكوومەتی هەرێم چوونەتە بەغدا و روونكردنەوەیان داوە، دواتر بەغدا لەسەر ئەو شێوازەی خۆی بەردەوام بووە، وای لێ هاتووە تا مووچەیەك دەنێرێت، دانەیەك دەفەوتێنێت، وەك ئەوەی ساڵی رابردوو كردی و سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم فەوتان.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل