بەغدا بە یاسا هێنانی ژنی دووەم بەسەر پیاوی كورددا دەسەپێنێت

:: PM:01:30:11/05/2024 ‌
دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای پارێزەرێكی كورد لەبارەی مەرجەكانی فرەژنی لە هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە، ئەو پارێزەرە دەڵێت، مەرجەكانی هێنانی ژنی دووەم ئەوەندە زۆرن، ئەستەمە جێبەجێ بكرێن.

بڕیارە ڕۆژی یەكشەم 12ی ئایار، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یەكەم دانیشتن بۆ ئەو سكاڵایە بكات كە لە دژی مەرجەكانی فرەژنی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.

بەرهەم ڕەئووف پارێزەر و سكاڵاكاری یاسای فرەژنی لە دادگای فیدراڵیی عێراق ڕای گەیاند، مەرجەكانی فرەژنی لە هەرێمی كوردستان كە لە یاساكەدا هاتووە، لە بنەڕەتدا پێچەوانەی بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامە، چونكە زۆر ئەستەمە هەر پێنج مەرجەكە بەیەكەوە جێبەجێ بكرێت.

بەگوێرەی هەمواری یاسای فرەژنی لە پەرلەمانی كوردستان كە لە مادەی حەوتی یاساكەدا كراوە، هێنانی ژنی دووەم بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو مەرجانە، سزاكەی بەندكردنە بۆ ماوەی ساڵێك، بەبێ ئەوەی دادوەر بتوانێت جێبەجێكردنی سزاكە ڕابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزای پێبژاردن دەدرێت.

ئەو مەرج و سزایانەی كە لە هەرێمی كوردستان بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 زیاد كراون، لە عێراقدا نین.

لە یاساكەی عێراقدا تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانی ژنی دووەم كە بریتین لەوەی كچەكە گەیشتبێتە تەمەنی 18 ساڵی و دادوەریش ڕێ بە هاوسەرگیرییەكە بدات، هاوسەری یەكەم بۆی نییە سكاڵا بكات، ئەمەش دژی مافی ژنی یەكەمە، بەڵام لە هەموارەكەی هەرێمی كوردستاندا ژنی یەكەم بۆی هەیە سكاڵا بكات و ناڕازی بێت.

بەپێی هەموارەكەی كوردستان، هیچ پیاوێك بۆی نییە زیاتر لە ژنێك بهێنێت مەگەر ئەوەی كە ژنی یەكەم نەخۆش یان نەزۆك بێت و پیاو توانای دارایی هەبێت و بەڵێنی دادپەروەری بدات لە نێوان هاوسەرەكانی، لە سەرووی هەمووشیەوە دەبێت ژنی یەكەمی رازی بێت، بۆیە ئەگەر ئەو هۆكارانەش هەبێت و ژنی یەكەم رازی نەبێت، ئەوا هێشتا پیاو ناتوانێت ژنی دووەم بهێنێت.

 بەڵام ئەگەر پیاوێك لە دەرەوەی دادگا ژنی دووەم و زیاتری هێنا و گرێبەستی دەرەكی كرد، هێشتا ناتوانێت لە دادگاكانی هەرێم داوای پەسندكردنی ئەو گرێبەستە دەرەكییە بكات، چونكە بەپێی یاسا مارەكردنی دەرەوەی دادگا تاوانە و لە كاتی رەوانەكرنی ئەو ژن و پیاوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوە، سزاكەی بەپێی هەمان هەموار لە بڕگەی پێنجەمی مادەی حەوتی سزاكەی پێكدێت لە گرتن و پێبژاردن.

هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی كوردستان، بووە هۆی ئەوەی سزای هەموو ئەو كەسانە بدات كە ژنی دەوەم دێنن بێ رەزامەندی ژنی یەكەم و دابینكردنی مافەكانیان.

یاساناسان و چالاكانی بواری مافی مرۆڤ پێیان وایە، ئەم یاسایەی هەرێمی كوردستان یاسایەكی مۆدێرنە و هەق بەژن دەدات وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، نەك كەرەستەیەكی سێكسی بێت، بەڵام یاساكانی بەغدا دژی بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت ژنن، هیچ مافێك بۆ ژنی یەكەم رەچاو نەكراوە و زیاتر لە بەرژەوەندیی پیاوان ئیش دەكەن.
 



وشە - سۆران عەزیز