نەوتی كەركووك بە تانكەر رەوانەی ئوردن دەكرێت

:: AM:09:41:23/05/2024 ‌
دوای وەستانی نەوت، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ناردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن دەست پێ بكاتەوە. وەزارەتی وزە و سامانی كانزایی ئوردن ڕای گەیاند، عێراق بە دەستپێكردنەوەی نەوت رازی بووە.

ئیمان عەواد بەڕێوەبەری نەوت و گازی سروشتیی ئوردن رای گەیاند، "عێراق بۆ درێژكردنەوە و ناردنەوەی نەوت بۆ ئوردن رازی بووە، گرێبەستەكانیش هەمان مەرجی پێشوویان تێدا نووسراوە.

پێشتر ئوردن داوای لە عێراق كردبوو یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان بۆ هاوردەكردنی نەوت بۆ یەك ساڵ درێژ بكرێتەوە، بەڵام گرێبەستەكە بۆ ماوەی سێ مانگە.

 "ئوردن هەموو رێكارەكانی پێویست گرتووەتەبەر، تا عێراق پرۆسەی باركردنی نەوتی خاوی كەركووك بۆ پاڵاوگەی نەوت لە پارێزگای زەرقا دەست پێ بكات، بۆیە پێشبینی دەكەین لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا ناردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن دەست پێ بكاتەوە.

 عێراق ماوەی چەندان ساڵە بە رێژەی كەمتر لە بازاڕەكانی دنیا نەوت بە ئوردن دەفرۆشێت، بەڵام لە كابینەكەی سوودانی و بەتایبەت لەمساڵدا، نەوتیان بۆ ئوردن راگرت و داوای پارەی زیاتریان كرد، ئێستە بەهیوان نەوتی كەركووك بە تانكەر بۆ ئوردن بنێرن و بەڕێژەی كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی دنیا بەو وڵاتە بفرۆشن.



وشە - سۆران عەزیز