"پارێزگای دهۆك لە بەرهەمی ستراتیجی گەیشتووەتە ئاسایشی خۆراك"

:: AM:10:31:23/05/2024 ‌
798 هەزار دۆنم زەوی لە دهۆك بەگەنم داچێنراوە، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ئەو پارێزگایە پێشبینی دەكات، ئەو گەنمەی ئامادە دەكرێت بۆ بە بازاڕكردن، زیاتر بێت لە 400 هەزار تۆن.

ئەندازیار ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی دهۆك رای گەیاند، "ئەمساڵ 798 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆك بەگەنم داچێنراوە، بۆیە ئێمە پێشبینی دەكەین ئەو گەنمەی ئامادە دەكرێت بۆ بە بازاڕكردن، زیاتر لە 400 هەزار تۆن بێت".

دوای گفتوگۆیەكی زۆری وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ، ئەوان تا ئێستە هیچ بڕیارێكیان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان نەداوە.

ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەش كرد، هەنگاوەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بە بازاڕكردنی بەروبوومی خۆماڵی زۆر گرنگ بوو، ئەوەبوو وەك دەستپێك سێوی بەرواری هەناردە كرا، دواتر پەتاتە و مازی و برنج و سماق لە دهۆك هەناردە كراوە، ئەوە جگە لە هەناردەكردنی هەنگوین و هەنار. ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "پارێزگای دهۆك لە بەرهەمی ستراتیجی گەیشتووەتە ئاسایشی خۆراك".




وشە - سۆران عەزیز