ئەمڕۆ هەر ئاواتێك بخەیتە دڵتەوە دێتە دی

:: AM:11:01:23/05/2024 ‌
ئەمڕۆ لای شوێنكەوتووانی بودا پیرۆزترین رۆژی ساڵە، ئەوان دەڵێن هەموو ساڵێك لە 23ی ئایار مانگ پڕ دەبێت، "بودا" لە دایك بووە، هەر لەم رۆژەدا گەیشتووەتە قۆناغی رۆشنبوونەوە، لەم رۆژەدا كۆچی دوایی كردووە.

شوێنكەوتووانی ئاینەكە پێیان وایە، ئەمڕۆ یەكێكە لەو رۆژانەی هەر ئاواتێك بخەیتە دڵتەوە دێتە دی، ئەوان بڕوایان بە كارما هەیە، بەپێی كارما هەر كردارێك یان قسەیەك بكەیت، لە ئایندەدا دێتەوە رێت، ئەگەر كار و كردەوەی چاكە بكەیت و وزەی باش پەخش بكەیت، ئەوە وزەی باش وەردەگریتەوە، ئەگەر كار و كردەوەكانیشت خراپە بن، هەر ئەوە دێتەوە رێت.

بودی ئاینێكە لە هیندستانەوە سەری هەڵداوە، نزیكەی دوو هەزار و 500 ساڵ لەمەوپێش لەلایەن سیدهارتا گاوتاما كە بە "بودا" ناسراوە دروست بووە.

500 ملیۆن بودی لە دنیادا هەن. لە ئاماری ساڵی 2000دا ژمارەیان بە 450 تا 500 ملیۆن كەس مەزەندە كراوە. ئاینی بودیزم بووە بە دوو بەشی سەرەكییەوە، بەشی "سێراڤادا" واتە زانیارییە كۆنترینەكە، هەموو بودییەكانی سریلانكا و تایلاند پێڕەوی لێ دەكەن. 

بەشی دووەم "ماهایانا" واتە عەرەبانە گەورەكە، هەموو بودییەكانی نیپاڵ و تیبت و چین و كۆریا و ژاپۆن پێڕەوی لێ دەكەن. لقێكی بچووكتریش هەیەو پێی دەگوترێت، تانتریسكا.

لەم ئاینەدا چوار ڕاستی دەستنیشان كراوە، بریتین لە راستی لەبارەی ئازار، راستی لەبارەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئازار، راستی لەبارەی كۆتایی ئازار، راستی لەبارەی رێی كۆتاپێهێنانی ئازار.

لەم ئاینەدا هەشت ئەرك دەسنیشان كراوە، بۆچوونی راست، بڕیاردانی راست، قسەكردنی راست، واتە نابێت لە قسەكردندا درۆ و غەیبەت و بوختان بكرێت، مامەڵە و پێوەندی، لەم دوانەشدا مرۆڤ نابێت بكوژ و دز بێت و دەبێت ژیانێكی سێكسی گونجاویشی هەبێت، مرۆڤ نابێت بەشێوازێك ژیان بەسەر بەرێت كە تێیدا ئازار بەكەسانی تر بگەیەنێت، دەبێت مرۆڤ بەهۆی رامانەوە كۆنترۆڵێكی وردی بەسەر ژیانی خۆیەوە هەبێت، بەردەوام دەبێت مرۆڤ لە هەوڵ و تێكۆشاندا بێت.

لەم ئاینەدا 272 یاسا و رێسا و فەرمان هەن كە پیاوانی ئاینی "مونك"یان پێدەڵێن، دەبێت رەچاوی بكەن، بۆ نموونە مونكەكانی ئەم ئاینە نابێت ئێواران نان بخۆن، لەزەت لە خۆشییەكانی ژیانی وەك موزیك و دانس وەربگرن، لە نوێنێكی بەرفراوان و نەرم و خۆشدا بنوون، خاوەنی شتە بەنرخەكانی وەك زێڕ و ئەڵماس و خشڵ بن، بەڵام دەتوانن خاوەنی تەنیا دوو دەست جلی رەنگ پرتەقاڵی بن، یەك دەرزیی دروومان و یەك پشتوێنی چەرم بن، یەك دەوری بۆ نانخواردن، یەك چەقۆی مووتاشین، یەك جامی كونتێبوو بۆ ئەوەی نابێت ئاوی زۆر بخواتەوە.



وشە - سۆران عەزیز