مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و چاودێری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان هاوتای عێراق دەكرێن

:: AM:11:26:23/05/2024 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، مووچەی خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی و چاودێریی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان هاوتای بەغدا دەكرێن.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، گۆڕانكاریی گەورە لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق ڕوویداوە و بەپێی خشتەی بودجەكە بۆ ساڵی 2024 پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار زیادی كردووە.

كۆچەر ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی هەمواری یاسای بودجە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی جێبەجێكردنی یاساكەش نەبێت، حكوومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، چونكە خەرجی ڕاستەقینە لە بەشەبودجەی هەرێم جیاكراوەتەوە، كە ساڵی ڕابردوو بەهۆیەوە كێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستبوو.

ئەو ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پێویستە مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان هاوتای عێراق بكرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی 19ی ئایار لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دا، خشتەكانی بودجەی 2024ی پەسند كرد، ڕۆژی سێشەممە 22ی ئایار خشتەكە گەیشتە پەرلەمانی عێراق.



وشە - سۆران عەزیز