سندووقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابووری عێراق لە مەترسیدایە

:: PM:01:22:11/06/2024 ‌
پێشبینی دەكرێت ئابووری عێراق لە ساڵی 2025ـدا 5.3% گەشە بكات و سندووقی دراوی نێودەوڵەتیش دەڵێت، ئابووری ئەو وڵاتە لە بەردەم مەترسیدایە و پێویستە حكوومەت چاكسازیی دارایی بكات.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا لەبارەی دۆخی ئابووری عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سەرباری ئەوەی ئابووری ئەو وڵاتە ڕووی لە گەشەكردنە، بەڵام كورتهێنانی بودجە زیادی كردووە.

ڕاپۆرتەكەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە كردووە، "ساڵی 2022 داكشانی ئابووری عێراق بە ڕێژەی 2.2% بووە، دواتر ڕووی لە گەشەكردن كردووە و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ ڕێژەی گەشەكردنی ئابووری عێراق بگاتە 1.4% و لە 2025ـدا 5.3% بێت.

 سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كورتهێنانی بودجەی گشتیی وڵاتەكە زیاتر بووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2023دا 1.3% بووە، لە كاتێكدا ئەمساڵ ڕێژەكەی بەرز بووەتەوە بۆ 7.6%"..

وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، "ئەگەر عێراق گۆڕانكاری لە سیاسەتی دارایی خۆیدا نەكات، مەترسیی فشاری قەرزەكانی زیاتر دەبێت و ڕەنگە ببێتە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی وڵاتەكە بەتایبەت لەسەر ئاستی دەرەوە".

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی چەند پێشنیازێكی خستووەتەڕوو، "پێویستە حكوومەت كرێی گشتی وەك كرێی خزمەتگوزارییەكان لە هاووڵاتییان و بەكاربەران وەربگرێتەوە، دامەزراندن ڕابگیرێت و داهاتی نانەوتی زیاد بكرێت. چاكسازی لە كەرتی گومرگدا بكرێت و داهاتەكان لە خەزێنەی دەوڵەتدا كۆ بكرێنەوە، ڕێگری بكرێت لە بەكارهێنانی پارە لە دەرەوەی بودجە".



وشە - سۆران عەزیز