له كۆى 12 كێڵگه‌ى نه‌وتى كۆمپانیاكان ته‌نیا گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر سێ كێڵگه كرد
كۆمپانیاكانى نێوده‌وڵه‌تى بوارى نه‌وت، به‌هۆى نه‌گونجاوى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وتى حكوومه‌تى عێراقه‌وه، ئاماده نین كار له كێڵگه و بلۆكه‌كانى نه‌وتى عێراقدا بكه‌ن، له دوایین گه‌ڕى كهمكارى و مۆڵه‌تیشدا، له كۆى 12 كێڵگه‌ى نه‌وتى كۆمپانیاكان ته‌نیا واژوویان له‌سه‌ر سێ كێڵگه كردووه، ئه‌وه‌ش حكوومه‌تى عێراق ناچار به گۆڕینى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت ده‌كات.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى "وشه" كه له سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌ستى كه‌وتووه، به‌هۆى نه‌گونجاوى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وتى حكوومه‌تى عێراقه‌وه، له دوایین گه‌ڕى گرێبه‌ست و مۆڵه‌تدا كه 12 كێڵگه و بلۆكى نه‌وتى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى حكوومه‌تى عێراقه‌وه راگهیانرابوو، كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى بوارى نه‌وت واژوویان له‌سه‌ر ته‌نیا سێ كێڵگه كردووه و نۆ كێڵگه‌ى تر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
ئیسماعیل جابر ئه‌ندازیارى نه‌وت له عێراق به "وشه"ى راگه‌یاند، له ساڵانى 2009 به‌دواوه چه‌ند گه‌ڕێكى مۆڵه‌ت و گرێبه‌ست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى حكوومه‌تى عێراقه‌وه راگه‌یه‌نراوه و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بوارى نه‌وت واژوو كراوه، به‌ڵام له دوایین گه‌ڕى مۆڵه‌ت و گرێبه‌ستدا، كه وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق 12 كێڵگه و بلۆكى نه‌وتى بۆ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خسته ڕوو، كۆمپانیاكان وه‌ڵامى ئه‌رێنییان نه‌بوو، به‌و هۆیه‌وه گرێبه‌ست له‌سه‌ر ته‌نیا سێ كێڵگه‌ى نه‌وتى واژوو كرا و نۆ كێڵگه‌ى تر وه‌ك خۆیان مانه‌ته‌وه و هیچ كۆمپانیایه‌كى گه‌وره و بچووك ئاماده نه‌بوون گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر واژوو بكه‌ن.
جابر روونى كرده‌وه، "هێشتا به فه‌رمى هیچ گرێبه‌ستێكى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان ئاشكرا نه‌كراوه، ئێمه نازانین ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كان به‌دیاریكراوى چۆنن، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و جۆره گرێبه‌سته به‌شێوه‌یه‌ك نین كه سه‌رنجى كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ خۆیان رابكێشن، له‌به‌رئه‌وه ناتوانرێت به مۆدێلى سه‌ركه‌وتووى گرێبه‌ست دابنرێن".
ئه‌و ئهندازیارهى بوارى نه‌وت ده‌ڵێ، "چه‌ند هۆكارێك هه‌یه كه حكوومه‌تى عێراق ناچار ده‌كات سازشى زیاتر بۆ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى بوارى نه‌وت بكات، ئه‌و سازشهش به گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت ده‌بێت، یه‌كێك له‌و هۆكارانه بارودۆخى ته‌ناهى و سیاسیى عێراقه كه كۆمپانیاكان له كاركردن سارد ده‌كاته‌وه، له هه‌مان كاتدا چه‌ند كێشه‌ى ته‌كنیكى هه‌ن، له شێوه‌ى ئه‌گه‌رى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت یان كێشه‌كانى پێوه‌ست به په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌كانى نه‌وتى".
زیاتر ده‌ڵێ، "زۆرینه‌ى كێڵگه‌كانى نه‌وتى عێراق پیر بوون و پێویستیان به په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وام هه‌یه، له‌كاتێكدا به‌شێك له‌و كێڵگانه له حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه نه‌وتیان تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ڵام په‌ره‌پێدانیان تێدا نه‌كراوه یان به‌شێوه‌ى خراپ كاریان له‌سه‌ر كراوه، ئه‌وه‌ش هه‌م كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاستى به‌رهه‌م و كوالێتى نه‌وته‌كه دروست كردووه و هه‌میش حكوومه‌ت ناچار ده‌كات مۆدێلى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وتى له‌سه‌ر بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بتوانن كارى تێدا بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان قازانجى كۆمپانیاكان و حكوومه‌ت رابگیرێت".
كێشه‌ى گرێبه‌ست و كێڵگه‌كانى نه‌وتى عێراق له‌كاتێكدایه كه كۆمپانیاى شێڵ كه دووه‌م گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تى بوارى نه‌وته له دنیادا، بڕیاری داوه له ساڵى 2018دا پشكه‌كانى خۆى له كێڵگه‌ى نه‌وتى مه‌جنوون راده‌ستى حكوومه‌تى عێراق بكاته‌وه. ئێسته ئه‌و كۆمپانیایه خاوه‌ندارێتى 45%ى كێڵگه‌ى مه‌جنوون ده‌كات و تا ئێسته هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌ى زۆر روون نییه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پێشتر به‌رپرسانى حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌رده‌وام ره‌خنه‌یان له مۆدێلى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرت، به‌وه‌ى مۆدێلى گرێبه‌سته‌كان خراپه و زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیاكانى نه‌وته تا به حكوومه‌ت، به‌ڵام دواجار حكوومه‌تى عێراق خۆیشى ده‌ستى به واژووكردنى ئه‌و مۆدێله له گرێبه‌ستى نه‌وتى كرد، له‌ناویاندا گرێبه‌سته‌كانى كۆمپانیاى گازى به‌سڕه كه له مۆدێلى هاوبه‌ش له به‌رهه‌مهێنان واژوو كراون.
د. زاهیر مه‌جید پسپۆڕ له یاسا و گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت به "وشه"ى راگه‌یاند، به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق، هه‌رێمى كوردستان ده‌سه‌ڵاتى واژوو كردنى گرێبه‌ست و به‌ڕێوه‌بردنى چالاكییه‌كانى نه‌وت و گازى هه‌یه.
ئه‌و روونى كرده‌وه، "په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عێراق پێشتر دانیان به یاساییبوونى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وتى كوردستان داناوه، ئه‌وه‌ش له په‌سندكردنى بودجه‌ى ساڵى 2012دا ده‌رده‌كه‌وێت كه حكوومه‌تى عێراق شایسته دارایییهكانى كۆمپانیاكانى خاوه‌نكار له كه‌رتى نه‌وت و گازى كوردستانى خسته ئه‌ستۆى خۆیه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌رووى یاسایییه‌وه به ماناى داننان به گرێبه‌سته‌كان و چالاكییه‌كانى نه‌وت و گازى كوردستان دێت".
ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت روونى ده‌كاته‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ند مۆدێلێكى دیاریكراو له گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت كاریان پێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دواجار گرنگه، بریتییه له ماده و بڕگه‌كانى كه له ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت هاتوون، به‌و مانایه‌ى كه گرێبه‌سته‌كه هه‌ر ناوێكى له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌یه كه له ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كاندا چى هاتووه.
حكوومه‌تى عێراق له ساڵانى پاش 2003ه‌وه چه‌ندان گرێبه‌ستى نه‌وتى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى نێوده‌وڵه‌تى واژوو كردووه، به‌ڵام تا ئێسته ده‌قى هیچ گرێبه‌ستێكى نه‌وتى عێراق بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه و شاره‌زایانى بواره‌كه به‌پێویستى ده‌زانن وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ پابه‌ندبوون به شه‌فافیه‌ت، حكوومه‌تى عێراق ئه‌و گرێبه‌ستانه ئاشكرا بكات.