زانكۆكەیەكی بەریتانی پڕۆژەیەكی گەورەی كنە و پشكنین لە سێ ناوچەی شوێنەواری كوردستان ئەنجام دەدات و دەیەوێ تەواوی وردەكارییەكانی پڕۆژەی كەوانەی بەپیت، لەبارەی نیشتەجێبوون و كشتوكاڵا بۆ یەكەمجارە لەلایەن مرۆڤەوە ڕوون بكاتەوە.
زانكۆی ریدینگی بەریتانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لە پڕۆژەی "كەوانەی بە پیت"ی بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی بە قۆناغی گواستنەوەی ژیانی مرۆڤ دەدا لە ئەشكەوتەكانەوە بۆ پێدەشتەكان و نیشتەجێبوون و دواتر داهێنانی كشتوكاڵَ و خۆماڵیكردنی ئاژەڵ.
پڕۆژەكە لە لایەن "د. روجر ماتیوس"ی پسپۆڕی بواری شوێنەوار و هاوسەرەكەی هێنراوەتەوە كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵ لە هەر سێ گردی شوێنەواری بێستانسوور لە سلێمانی و ئەشكەوتی زەرزی لە ناوچەی چەمی ڕێزان و شوێنەواری "شێخ ئاباد" لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەردەوام دەبێت بە مەبەستی كنە و پشكنین و شیكردنەوەی مێژوویی لە 17 هەزار ساڵ تا حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستە.
عوسمان توفیق فەتاح مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بەشی شوێنەوار لەبارەی قازانج و بەرهەمەكانی ئەم پڕۆژەیە بۆ كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە هەموو ڕوویەكەوە قازانج و داهاتی دەبێت بۆ كوردستان، بۆ نموونە لە ڕووی مەعنەوییەوە ناساندنی زیاتری شوێنەوارەكان و مێژووی كوردستان بە دنیا كە ئەمەش دەبێتە هۆی هێنانی تیمی تری زانستی لە بوارە جیاوازەكانی شوێنەواری بۆ نموونە ئەنسرۆلۆجی، پڕۆژەكەیش دەبێَتە هۆی دروستكردنی لینكی پێوەندی نێوان زانكۆكانی دنیا و بواری شوێنەواری لە كوردستان، لایەنی مادی پڕۆژە بەشێكی گرنگە بۆ كوردستان كە هەر لە سەرەتای پڕۆژەكەوە دەبێتە هۆی بووژاندنەوە و چالاك بوونی لایەنە مادییە پێوەنددارەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی ئیش بۆ چەندان كەس.
"پڕۆژەی كەوانەی بە پیت" مەبەست لەو ناوچانەیە كە لە ئیسرائیلەوە بۆ شام و كوردستان كە زەوییەكەی بە پیتە بۆ كشتوكاڵ و لە چاخی بەردینی نوێ كشتوكاڵی تێدا كراوە.
پڕۆفیسور رۆجر ماتیوس و تیمە شوێنەوارییەكەی ماوەی چوار ساڵە لەسەر گردی شوێنەواری بێستانسوور كاری كنە و پشكنین دەكەن و بەگوێرەی دوا لێكۆلینەوەی شوێنەواری ئەو تیمە كە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی ئەنجام درا، دەركەوت كە بێستانسوور كۆنترین گوند یان شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە لە كوردستان.
هەولێر/سارا سەردار.