نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:10:26:09/10/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم نرخی نەوت دابەزی.

دوێنێ دووشەم لە یەكەم رۆژی كردنەوەی هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت لە 84 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی بۆ 83 دۆلار و لە ئێوارەكەیدا تا ئاستێك هەڵكشا و دواجار نرخەكە بە 83 دۆلار و 70 سەنت داخرا، ئەمڕۆ سێشەمیش نرخەكە تا 84 دۆلار و 50 سەنت بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی dailyfx هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد و گەیشتە 86 دۆلار و 50 سەنت، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كرد و ئەم دابەزینەش لە ئێوارەی چوارشەمی رابردوو تا دوێنێ نیوەڕۆ بەردەوام بوو.

ئەمەریكا بڕیاری داوە لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان