بەرشەلۆنە جێگرەوەی پیكێ دۆزیوەتەوە

:: AM:11:57:11/10/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی خۆی لەسەر بەگریكارێك یەكلایی كردۆتەوە بۆ شوێنگرەوەی گیرارد پیكێ بەمەبەستی باشتركردنی هێڵی بەرگری تیپەكەی.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەی لاوی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی ماتیاس دی لیخت.

یانەی بەرشەلۆنە پێویستی بە بەرگریكارێكی ناوەڕاست هەیە كە بەپێی راست یاری بكات بەهۆی دابەزینی ئاستی گیرارد پیكێ لە یارییەكانی ئەم دواییەی خولی ئیسپانیادا.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە لەسەرجەم یارییەكانی ئەم وەرزەدا بەناچاری یاریی بە پیكێ كردووە بەهۆی ئەوەی هاوكارێكی لە شوێنەكەیدا نەبووە.

رۆژنامە ئیسپانییەكە ئاشكراشی كرد كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكی زۆرە چاودێری ئاستی دی لیخت دەكەن و پێیانوایە باشترین بژاردە دەبێت بۆ یاریكردن لە شوێنی پیكێ.

لای خۆشییەوە دی لیخت چەند رۆژێك پێش ئێستا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە هەوڵی گرێبەستكردنی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵیدا تەنیا لە رۆژنامەكانەوە دەبیستێ و تا ئێستا بەفەرمی هیچ داواكارییەكی پێ نەگەیشتووە، بۆیە بیر لەم دەنگۆیانە ناكاتەوە و هەموو هزر و توانایەكی خۆی بۆ یاریكردن لە ریزی یانەی ئەیاكس ئەمستەردام خەرج دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م