فێڵێكی تری یەكێتی لە دەنگدەرانی سلێمانی ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:26:11/10/2018 ‌
یەكێتی بۆ ئەوەی خەڵك دەنگی پێ بدەن، لە مانگی ئاب كەمتر پارەی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و بۆ دوای هەڵبژاردن پارەكان كەڵەكە بوون، ئێستەیش خەڵك بۆیان ڕوون بووەتەوە و تێگەیشتوون یەكێتی فێڵی لێ كردوون، لەجیاتی كەمكردنەوەی پارەی مۆلیدە، بۆ دوای هەڵبژاردن بۆی كۆ كردوونەتەوە.

تاریق سەمین بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەندان ساڵە سەعاتەكانی پێدانی مۆلیدەی ئەهلی لە 28ی مانگ بۆ 28ی مانگی دواتر كۆ دەكرێتەوە و پارەی مۆلیدەی ئەهلی لێ دەرهێنراوە، بەڵام مانگی هەشتی ئەمساڵ لەبەر ئەوەی كارەبای زۆر درابووە هاووڵاتییان، لە 28ی حەوت تا 25ی هەشت پارەیان بۆ حیساب كرا.

زیاتر گوتی، سەعاتەكانی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی هەشت كەم كرایەوە و خرایە سەر مانگی ئەیلوول، بۆیە نرخی ئەمپێرێكی مۆلیدە بووە 14 هەزار دینار، بەڵام زیاتر لە 100 سەعاتی پێدانەوەی كارەبای مۆلیدەی مانگی هەشت خرایە سەر مانگی ئەیلوول، ئەگەر لەسەر مانگی هەشت حیساب بكرایە نرخی ئەمپێرێك دەگەیشتە 18 هەزار دینار.

خاوەن مۆلیدەیەكی شاری سلێمانی گوتی، هەموو جار مانگێكی تەواو حیساب دەكرا و پارەی مۆلیدەی لێ دەردەهێنرا، بەڵام مانگی هەشت چەند ڕۆژێك كەم كرایەوە و خرایە سەر مانگی ئەیلوول، پاش ئەوەی هاووڵاتییان ناڕەزایی زۆریان دەربڕی لە گرانبوونی نرخی كارەبای مۆلیدە.

سلێمانی/هۆشیار عەلی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د