پزیشکێک پێوەندیی سێکسی لەگەڵ ژنێکی خێزاندار ساز دەکات

:: PM:01:18:19/12/2018 ‌

ژنەكە كاتێك منداڵەكەی نەخۆش دەكەوێت سەردانی نەخۆشخانە دەكات و پزیشكەكانیش رێنوێنی دەكەن بیباتە لای پزیشكی دەروونی، دوای پرسیاركردن لە باشترین پزیشكی دەروونی بۆ منداڵەكەی، ناونیشانی پزیشكێكی پێ دەڵین و منداڵەكەی دەباتە لای بەو ئامانجەی دەروونی منداڵەكەی ئارام بێت، ماوەیەك لە پێوەندییەكی سۆزداری لەگەڵ پزیشكەكە دەبێت و بۆ هەمیشە ژیانی تێك دەچێت، بەشێوەیەك نازانێ داهاتووی چی لێ دێت.

چرۆ ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە خاوەن كوڕێكی تەمەن هەشت ساڵە، ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی پزیشكێكەوە ژیانی بەتەواوی تێكچووە و هاوسەرەكەشی پێی گوتووە "لەناو ئاگر و ئاو دەبێ بژیت و نابێت ڕۆژێك ئۆخەی لە ژیانی بكات چونكە ناپاكی كردووە"، چرۆ باسی پێوەندییە سۆزدارییەكەی لەگەڵ پزیشكەكە دەكات و دەڵێت، ئەو پزیشكە تەواوی ژیانی تێكداوە و پێكەنینەكانی كردووە بەگریان.

لە سەردانكردنی یەكەمەوە هەستی بە نیگا و شێوازی قسەكردن و زۆر شتی تر دەكرد، بەڵام چونكە یەكەم جار بوو بچێتە لای پزیشكی دەروونی، پێی وابوو دەبێت پزیشكە دەروونییەكان جیاواز بن و مامەڵەیان بەو نەرمییە بێت، بەڵام لەدوای سەردانی سێیەم ئیتر هەموو شت گۆڕا، گوتی "ئەوەندە بە ژیرانە گرنگی بەخۆم و كوڕەكەم دەدا، منیش هەموو مامەڵەیەكم لەگەڵی گۆڕا و ڕۆژم دەژمارد بۆ ئەوەی زووتر سەردانی بكەینەوە، هەموو جارێكیش بەبێ هاوسەرەكەم دەچووین".

پێوەندی خۆشەویستی لە نێوان ئەو پزیشكە و چرۆ دروست دەبێت، ئەو پزیشكە سەرەتا ئاشكرای ناكات كە خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، چرۆ باس لەوە دەكات سەرەتا پێی گوتووە من چاوەڕێت دەبم تا هاوسەرەكەت دەمرێت یان جیا دەبیتەوە لێی و هاوسەرگیری دەكەین، نایشارێتەوە كە لەدوای دروستبوونی پێوەندییەكەوە بە بەردەوام شەڕی بە هاوسەرەكەی فرۆشتووە و بیانووی پێ گرتووە بۆ ئەوەی لێی جیا ببێتەوە، بەڵام هاوسەرەكەی بڕیاری نەداوە.

چرۆ ددان بەوەدا دەنێت كە هەڵەیەكی گەورەی كردووە كە لە سەرووی هاوسەر و كوڕەكەیەوە پێوەندی سۆزداری هەبووە و ئاماژە بەوەش دەكات ئەوكات هەڵەكەی گەورەتر بووە كە زانیویەتی پزیشكەكە هاوسەردارە و هەر پێوەندییەكەی بەردەوام بووە، پێوەندییە سۆزدارییەكەی دایكی نەخۆش و پزیشكەكە بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی پێوەندی سێكسی لەنێوانیان دروست دەبێت.

"بەجۆریك خۆشم دەویست هەستم بەهیچ  هەڵەیەكم نەدەكرد وەك بڵیی چاوم كوێر بووبوو، جارێكیان هاوسەرەكەم سەفەری كرد منیش پێشوازیم لە دكتۆر كرد لە ماڵەكەم، ئەو كاتە هەموو ئەو شتانە ڕوویان دا كە نەدەبوو قەت ڕوو بدەن، دوای ئەو ڕۆژە هەموو شتێك تێكچوو، بەتەواوی ڕووخام دەمویست هاوسەرەكەم لێم جیا ببێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ دكتۆر بكەم، زۆر لە دكتۆر پاڕامەوە كە لە دوای ئەوەی ڕووی دا لەنێوانمان من ناتوانم ڕۆڵی ژنێكی پاك بگێڕم لەلای هاوسەرەكەم، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتم و گوتی من ناتوانم لە ژنەكەم جیا ببمەوە و پێگەی كۆمەڵایەتیشم ڕێم نادات دوو ژنم هەبێت لەیەك كاتدا". چرۆ وای گوت.

باری دەروونی چرۆ بەتەواوی تێك دەچێت بەشێوەیەك هاوسەرەكەی هەست دەكات كە شتێكی نامۆ هەیە، چرۆ دەڵێت ماوەیەك لە خۆمەوە قسەم دەكرد، هەندێك جار بە ڕاستەوخۆ بەهاوسەرەكەم دەگوت من كەسێكی ترم خۆش دەوێت. دووپات لەوە دەكاتەوە كە خۆی حاڵی خێزانەكەی بەوە گەیاندووە و دەڵێت من وام كرد هاوسەرەكەم هیچ ڕێزم نەگرێت و ئێستە وەك كۆیلە مامەڵەم لەگەڵ بكات. 

دوای ئەوەی چرۆ زۆر پێداگر دەبێت لەسەر ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیا ببێتەوە و لەگەڵ دكتۆر هاوسەرگیری بكات، دكتۆرەكە وازی لێ دەهێنێت و دەڵێت "هیچ هیوایەكت بەمن نەبێت من ناتوانم هاوسەرگیریت لەگەڵ بكەم". چرۆ بڕیار دەدات لە هاوسەرەكەشی جیا بێتەوە و لەگەڵ كوڕەكەی ژیانێكی نوێ دەست پێ بكات، بەڵام هاوسەرەكەی ڕازی نابێت و پێی گوتووە "هەتا ماوی دەبێت خزمەتی من و كوڕەكەم بكەی و بەوجۆرە بژی كە من دەمەوێ، ڕێ نادەم كوڕەكەم ببەی و بەپیسی خۆت گەورەی بكەی".

"وشە" چەند جارێك پێوەندی بە پزیشكەكەوە كرد بۆ ئەوەی لەبارەی پێوەندی لەگەڵ دایكی نەخۆشەكەوە گوتەی وەربگرێت، بەڵام پزیشكەكە وەڵامی نەدایەوە و ئامادە نەبوو قسە بكات.

چرۆ لە كۆتایی قسەیدا لەسەر كێشەی خۆی پێداگری لەوە كرد كە هەموو تاوانێك ناخاتە سەر پزیشكەكە و دەڵێت، "ئەوەی پزیشكەكە هەوڵی بۆ دا من دەمتوانی وەك ژنێكی ڕەوشتبەرز ڕەتی كەمەوە، بەڵام من خۆم خۆمم بەو ڕۆژە گەیاند، بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەكەم پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك هەڵبێنن، سەت جار بیر لە هەموو وردەكارییەكان بكەنەوە بۆ ئەوەی هەموو شتێك و پێش هەموو شتێكیش خۆیان لە دەست نەدەن."


وشە - تایبه‌ت