شوێنەواری خانی گەورەی كۆیە خەریكە بە تەواوی دەڕووخێت

:: AM:09:38:09/02/2019 ‌
قایمقامی كۆیە: پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی خانی گەورە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە


خانی گەورە، خانێكی گەورە و فراوان و جوان و مێژوویی شارۆكەی كۆیەیە، ڕووخسار و وێنای خانەكە، گوزارشتە لە كولتوور و نەریت و شارستانیی كۆنی ناوچەكە. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی بارانەوە بەشێكی خانەكە ڕووخا و ئەمساڵیش بەشێكی تری ڕووخا. لە بەرانبەردا فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە لە هەوڵی نۆژەنكردنەوەیدا بوون. قایمقامی شارۆكەكە دەڵێ: "پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە".
 
خانی مەحموود ئاغا یان خانی گەورە، ساڵی 1868 لەلایەن بنەماڵەی غەفوورییەكان و بەتایبەتی مەحموود ئاغای باوكی حەمەئاغای غەفووری دروست كراوە، كە بنەماڵەیەكی دیاری كۆیە بوون. بۆ دروستكردنی ئەو خانە وەستای بەتوانا و شارەزای لە شارە دوورە دەستەكانی كوردستانەوە هێناوە، بەتایبەتی لە مووسڵ. 

لەبارەی دروستكردنی خانی گەورە، شێروان كاكەزیاد نەوەی بنەماڵەی غەفوورییەكان، بۆ "وشە" گوتی، "مەحموود ئاغای باپیرە گەورەمان، یەكێك بووە لە كەسایەتییە دیار و بەرچاوەكانی كۆیە و كوردستان بەگشتی، لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام هەوڵی داوە شوێن و كاری گرنگ بكات، بۆ ئەوەی لە سەردەمی خۆی و سەردەمی دوای خۆی خەڵك سوودی لێ وەربگرن و بەهەموو شێوەیەك خزمەت بە خەڵك بكات.

غەفووری ئەوەیشی گوت، كۆیە مەڵبەندێكی گرنگ و ناوچەیەكی ستراتیجی بووە، چەق و سەنتەری بەیەكەوەبەستنی نێوان شارەكانی بەغدا، مووسڵ، كەركووك و هەولێر بووە بە شارەكانی خانێ-پیرانشار و مهاباد. بە بەردەوامی خەڵك لەو شارەدا ماونەتەوە، لەبەرئەوە مەحموود ئاغا ئەو خانەی دروست كردووە و وەك كاروانسەرا مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و گەشتیاران و كاركەران تێیدا پشوویان داوە.

لەبارەی مێژوو و دروستكردنی خانی گەورە، دكتۆر جەمال فەتحوڵا شارەزای مێژووی كۆیە و مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، خانی مەحموود ئاغا خانێكی گەورە و فراوانە، بەشێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش دیزاین كراوە و ساز كراوە، پێداویستی و كەلوپەلی گرانبەها و بەنرخی تێدا بەكار هاتووە، هەوڵ دراوە لە ڕواڵەت و ناوەرۆكدا خانێكی جوان و ناوازە دروست بكەن. 

ئەوەیشی خستە ڕوو كە "راستییەكەی سیما و تایبەتمەندی دەوڵەتی عوسمانی پێوە دیارە و خەرجییەكی زۆری لێ كراوە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆی كۆیە، زانیاری زیاتری لەبارەی خانەكە دا و گوتی، "ئەو خانە لەسەر ڕووبەری هەزار و 365 مەتری چوارگۆشە دروست كراوە و لە دوو نهۆم پێكهاتووە. نهۆمی یەكەم 33 ژوور و نهۆمی دووەم 32 ژووری تێدایە، ژوور و هۆڵەكانی نهۆمی دووەم وەك هۆتێل بەكار هاتوون، بەڵام نهۆمی یەكەم وەك تەویلە بۆ مەڕ و ماڵات، كەلوپەلەكانی هاووڵاتییانیش لە نهۆمی دووەم دانراون". 

شارەزایانی كولتوور و فەرهەنگ باوەڕیان وایە، خانی گەورە بەهای مێژوویی، كولتووری، شارستانیی و گەشتیاریی هەیە. 
وەك ئەوان دەڵێن "دەكرێ لەدوای نۆژەنكردنەوەی وەك شوێنێكی مێژوویی و كولتووری و گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێ، بەمەرجێك لەسەر هەمان دیزاین و شێوازی خۆی بێ، بۆ ئەوەی دیزاینە ڕەسەنەكەی لە دەست نەدا و بەهای مێژوویی و كولتووری خۆی بمێنێت، هەروەها دەروازە و هەنگاوێكی باشیش بێ بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران".

لەبارەی خانی گەورە، سەركەوت سۆفی لێپرسراوی فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە، بۆ "وشە” روونی كردەوە كە لە ساڵی 2013ەوە سەرقاڵی خانی گەورەن و ساڵی 2014 بڕە گوژمەی نۆژەنكردنەوە و كرێی كڕینەوەی خانەكە تەرخان كرا، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش، پارەكە خەرج نەكرا. 

زیاتر دەڵێت كە بە بەردەوامی هەوڵیان داوە و هەموو ڕێیەكیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بەزووترین كات ئەو خانە نۆژەن بكرێتەوە. ئەگەرچی بەتەنیا ئەم خانە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە نییە، بەڵكو ژمارەیەك شوێنی تری مێژوویی و كولتووری لە سنوورەكەیان پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە.

لێپرسراوی فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە ئەوەیشی خستە ڕوو، دیزاین و هێڵكاری تایبەتیان بۆ خانی گەورە كردووە و دەیانەوێ بەشێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش و هاوشێوەی خۆی نۆژەنی بكەنەوە و وەك خانە پێشكەوتووەكانی سەردەمی عوسمانی لێ بكەن، بەتایبەتی خانەكانی باكوری كوردستان، بەمشێوەیە دەبێتە ناوەندێكی گەورە و بازاڕێكی مۆدێرن.

لە سنووری شارۆكەی كۆیە، 180 شوێنەوار هەن، ئەمانەیش گوزارشت لە مێژوو و زیندوویی شارۆكەكە دەكەن.

تاریق حەیدەری قایمقامی كۆیە، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، هیچ شارێك بە ئەندازەی كۆیە خاوەنی خان و خانووی كولتووری و مێژوویی نییە، ‌بۆیە پێویستە بایەخ بەو شوێنانە بدرێ، ئەگەرچی لەماوەی پێشوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە شوێنە مێژووییەكانی كۆیە و تەنانەت بەشێكیشیان نۆژەن كرانەوە و لە ڕووخان پارێزران.

 بەگوتەی حەیدەری، هەوڵی رژد و تەواو دراوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەمساڵ خانی گەورە نۆژەن بكەینەوە. ئاشكرای كرد "ئێستە پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی خانی گەورە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و هیوادارین ڕەزامەندی لەسەر بدرێ بۆ ئەوەی دەست بە نۆژەنكردنەوەی خانەكە بكرێ و چیتر ترسی ڕووخانی لێ نەكرێ". 

ئیسماعیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری كۆیە، قسەی لەبارەی دوای نۆژەنكردنەوەی خانی گەورە دەكات و بە"وشە"ی گوت، ئەركی گەشتوگوزاری كۆیە بە بازاڕكردن و ماركێتینگكردنی ئەو شوێنە مێژوویی و كولتوورییانەیە، ئەگەر خانی گەورە نۆژەن بكرێتەوە، ئەوا سەرنجی گەشتیاران و سەردانیكەران بۆ خانی گەورە ڕادەكێشێت، بەشێوەیەك خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بێنە دیدەنی، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ڕێبەری گەشتیاری و پڕۆژەی گەشتیاریدا ئەو شوێنانە دەخەنە بەردەستی خەڵك، دەكرێ دواتر ئەو خانە بكرێتە بازاڕ و بكرێتە سەرچاوەی باشی پەیداكردنی داهات بۆ خەڵكی ناوچەكە.

وشە/كۆیە- تایبەت



وشە - سلێمان تاشان