میلیشیاكانی حەشد دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر مەسیحییە گەڕاوەكانی دەشتی نەینەوا

ترس لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بووەتە دێوەزمە لە بەردەم گەڕانەوەی دەیان خانەوادەی ئاوارەی مەسیحی بۆ زێدی خۆیان لە دەشتی نەینەوا، كە پێشتر لە ترسی داعش ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببوون.

لە گۆڕەپانێكی گەورەی شارەدێی بەرتلە لە دەشتی نەینەوا، خاچێكی گەورە هەڵواسراوە وەك نیشانەیەك كە دەڤەرەكە، ناوچەیەكی مەسیحی نشینە، ئەمە پێش هاتنی میلیشیاكانی حەشد بۆ بەرتلە، لە ئێستەدا دوای دوو ساڵ لە ئازادكردنی تەنیا یەك لەسەر سێی دانیشتووانی گەڕاونەتەوە كە چوار هەزار خانەوادە دەبن، ئەوانی كە زۆرینەن لە ترسی میلیشیاكانی حەشد ناوێرن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
بەهنام بینوكا كاهنێكی كاسۆلیكی بەرتلەیە، دەڵێ شەبەكی شیعەی سنووری بەرتلە راوی مەسیحییەكان دەنێن، تەنانەت ئەوانەیشی گەڕاونەتەوە بەردەوام گێچەڵیان پێ دەكەن و دۆخەكە گەیشتووەتە گێچەڵی سێكسی.
ئیقبال شینۆ كە یەكێكە لەو كەسانەی دوای ئازادكردنی بەرتلە لە نۆڤێمبەری 2017 گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی، دەڵێ لە ناو بازاڕ، یەكێك لە شەبەكە شیعەكانی بەرتلە لە پشتەوە دەستی گرتم و گێچەڵی پێ كردم. بەڵام قوسەی عەباس پەرلەمانتار و نوێنەری شەبەك دەڵێ ئەوانەی بە ناوی شەبەكەوە گێچەڵ بە مەسیحییەكان دەكەن، نوێنەرایەتی شەبەك و میلیشیاكانی حەشد ناكەن كە سەر بە حكوومەتی عێراقن.

زۆرینەی شەبەكی سنووری شارەدێی بەرتلە گەڕاونەتە سەر زێدی خۆیان، بەڵام سەنتەری بەرتلە كە زۆرینەی رەهای مەسیحی نشینن، هێشتا ناسنامەكەی دیار نییە و شەبەكێكی زۆری سەر بە حەشدی شەعبی كە حەنین قەدۆ سەركردایەتی دەكات، لەناو بەرتلە جێگیر كراون و دۆسیەی تەناهی شارەدێیەكەش لە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە.
 
پێش هاتنی داعش، پۆلیسی خۆجێی بەرتلە دۆسیەی تەناهی شارەدێیەكەی دەپاراست كە زۆرینەی مەسیحی بوون، بەڵام ئێستە دۆخەكە پێچەوانە بووەتەوە و ئەوان دوای هاتنی داعش بەرەو كوردستان ئاوارە بوونە و تا ئێستە بە هۆكاری جیا جیا نەگەڕاونەتەوە بۆ بەرتلە، ئەمەش وایكردووە گەڕانەوەی مەسیحییەكان بۆ بەرتلە هێندەی تر مەترسیدار بێت.

عەمار شەمعون موسا سەرۆكی یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا، دەڵێ رایەڵەی بەستنەوەی مەسیحییەكان بە كۆمەڵگەی عێراقی زۆر لاواز بووە، ئەمەش وایكردووە خانەوادە مەسیحییەكان نەگەڕێنەوە بۆ بەرتلە و ناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا تا دڵنیا نەبن بە سەقامگیری ئەو ناوچانە.
جەلال بەتروس ئەندامی ئەنجوومەنی شارەدێی بەرتلە دەڵێ یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا بەشێكە لە ناسنامەی ئێمە و بوونمان، گوتی "میلیشیاكانی حەشد هیچ جیایان ناكاتەوە لە چەكدارانی داعش".

لە كڵێسای مار شمونی ئەسۆزكسی لە عەنكاوە، سەدان مەسیحی نوێژ دەكەن كە زۆرینەی رەهایان خەڵكی بەرتلەن، حەبیبە قیاقوس 72 ساڵ، كە تەواوی ژیانی لە بەرتلە ژیاوە، دەڵێ نامەوێ بگەڕێمەوە بەرتلە، چونكە خانووەكەم رووخێنراوە و هەرچی هەمبوو دزراوە و تاڵان كراوە، گوتی "دەترسم بگەڕێمەوە چەكدارە توندڕۆكان بمكوژن".



وشە - فه‌رمان سادق


PM:02:17:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌