هاوپەیمانی فەتح: فەیاز دەگۆڕدرێت و كابینەی حكوومەت یەكلا دەكرێتەوە

:: PM:08:37:13/02/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری دەڵێت كە ئەو لیژنانەی لە هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح پێكهێنراون هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سوننەكان و وەتەنییە كۆ دەبنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی وەزارەتی بەرگری، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتن كراوە بۆ گۆڕینی فالح فەیاز بە كاندیدێكی نوێ.

فازڵ فەتلاوی ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق و پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی ماون لە یەكەم دانیشتنی دووەم وەرزی ئەم خولەی پەرلەمان رێككەوتوون، بۆیە لە یەكەم هەفتەی دووەم وەرزی یاسادانان هەموو وەزارەتەكانی ماون پڕ دەكرێنەوە.  

زیاتر گوتی، لە هەفتەی داهاتوودا لیژنەكانی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون چاویان بە ئەندامانی هاوپەیمانی وەتەنییە و میحوەری نیشتیمانی دەكەوێت بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی وەزارەتی بەرگری و روونی كردەوە هەردوولا رێككەوتوون لەسەر گۆڕینی فالح فەیاز وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ بە كەسێكی تر كە تا ئێستە دیار نییە.

هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەكی پەرلەمانی لە هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد، كە هەردوو هاوپەیمانیەتی سائیروون و فەتح لەسەر گۆڕینی فالح فەیاز وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێككەوتوون و لە بری ئەو شیروان وائیلی سەركردە لە حزبی دەعوە بۆ پۆستەكە كاندید دەكرێت و فەیازیش دەبێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەناهی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل