توێژینەوەیەك: بوومەلەرزەیەك بۆ ماوەی 50 رۆژ لە توركیا دەدات

:: PM:01:52:14/02/2019 ‌
بەگوێرەی توێژینەوەیەك، توركیا رووبەڕووی بوومەلەرزەیەكی بەردەوام بووەتەوە بۆ ماوەی 50 رۆژ، كەسیش هەستی پێ نەكردووە. لێكۆڵەرانیش دەڵێن زۆرجار وەها بوومەلەرزەیەكی هەست پێنەكراو دەبێتە هۆی بوومەلەرزەیەكی بەهێز.

ئەمرٍۆ پێنجشەم 14ی شوبات/ فێبرایەر، گۆڤاری "نامەكانی زانستی زەوی و هەسارەكان" بڵاوی كردەوە، بەگوێرەی توێژینەوەیەك ئاشكرا بووە كە لە هاوینی 2016، زنجیرەیەك بوومەلەرزە توركیای گرتووەتەوە و بۆ ماوەی 50 رۆژ بەردەوام بووە و بێ ئەوەی كەس هەستی پێ بكات.

بەگوێرەی توێژینەوەكە، بوومەلەرزەكە دەرئەنجامی داڕمانی لەسەرخۆی چینەكانی زەوی بووە لە دەرئەنجامی بەریەككەوتن یان جووڵەی لە ناكاوی چینەكانی زەوی كە بەهۆی گوشاری دەرچوونی ئەو وزەیەی ناو جەرگەی زەوی دروست دەبن و كە هەوڵی دەرچوون لە ناو چینەكانی زەوی دەدەن بۆ سەر زەوی، روودانی ئەو دۆخەش ماوەی چەند هەفتەیەك بۆ مانگێك زیاتر بەردەوام دەبێت و جووڵەیەكی زۆر هێواش و لەسەرخۆیە كە مرۆڤەكان هەستی پێ ناكەن.

باتریشیا غارزون لێكۆڵەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە لە گۆڤاری جیۆمیكانیك لە ناوەندی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی جیۆلۆجی لە بۆتسدام، دەڵێ دەكرێت ئەو بوومەلەزرەیە ناو بنێرێت بە بوومەلەرزەی وەهمی.

بەگوێرەی زانیارییەكان گەورەترین و درێژترین ماوەی وەها بوومەلەرزەیەك پێشتر لە ئالاسكا تۆمار كراوە كە ماوەی چەند ساڵێك بەردەوامی هەبووە، ئەمەش لێكۆڵەرانی ناچار كرد بەدواداچوونی زیاتر بكەن و بگەنە ئەو باوەڕەی وەها بوومەلەرزەیەك لە شوێنی تری نزیكی ئەو ناوچەیەش روو دەدەن.

لێكۆڵینەوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەو بوومەلەرزە و جووڵە لەسەرخۆیەی چینەكانی زەوی، پرۆسەیەكی بەردەوام و زیانبەخش نییە، بەڵام هۆشداریش دەدەن ئەگەری هەیە هەندێك جار ببن بە بوومەلەرزەیەكی بەهێزی هەست پێكراو، بۆ ئەمەش ئاماژە بە بوومەلەرزەكەی كایكورای نیوزلەندای ساڵی 2016 دەكەن، كە پێش روودانی بوومەلەرزە گەورەكە، بوومەلەرزەی هەست پێنەكراو لە چینەكانی زەوی ناوچەكە هەبووە كە هەستی پێ نەكراوە.



وشە - فه‌رمان سادق