ئەردۆغان پێداگیرە لە كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S-400ی رووسی

:: PM:02:35:16/02/2019 ‌
لە كاتێكدا ئەو مۆڵەتەی واشنتن بۆ ئەنقەڕەی دانا بوو لە پاشگەز بوونەوە لە كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S-400ی رووسی كۆتایی هاتووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پێداگیری لە كڕینی دەكات و گوێ بە هۆشداری ئەمەریكا نادات، دەڵێ، ئامادەین سیستەمی دژە مووشەكی پاتریۆتی ئەمەریكیش بكڕین.

ئەمڕۆ شەموو 16ی شوبات/ فێبرایەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رای گەیاند، وڵاتەكەی لە كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S-400ی رووسی پاشگەز نابێتەوە.

ئەو لێدوانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە پێشتریش دووپاتی لە كڕینی S-400ی رووسی كردووەتەوە ئەگەرچی لە لایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانان هۆشداری دراوەتێ كە نابێت سیستەمی دژە مووشەكی S-400ی رووسی بێتە نێو سیستەمی بەرگری ناتۆ كە توركیا ئەندامە لە ناتۆ.

بۆ هۆشدارییەكانیان، بەرپرسانی ئەمەریكی مۆڵەتێكی نا فەرمیان بە توركیا دا بوو تا 15ی ئەم مانگە، واتە دوێنێ، وەڵامی دەستەوارەكەی ئەمەریكا بدەنەوە لە بارەی پاشگەز بوونەوە لە كڕینی S-400ی رووسی بەرانبەر بە پێدانی سیستەمی دژە مووشەكی پاتریۆت كە كۆمپانیای رایسیۆنی ئەمەریكی دروستی دەكات و ئامادەیە نوێترین جۆری ئەو سیستەمە لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بیفرۆشێت بە توركیا.

ئەمەریكا، جگە لە پێ فرۆشتنی سیستەمی دژە مووشەكی پاتریۆت، ئامادەیی پێ فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی F-35یشی بە توركیا هەبوو كە كۆمپانیای لوكهید مارتن دروستی دەكات، بەڵام ئەردۆغان پێداگیری لە كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی S-400ی رووسی دەكات، رەنگە ئەمەیش وەك بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن، بگاتە ئاستی سەپاندنی سزا بەسەر توركیا.

ئەردۆغان لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی "ئێن تی ڤی" گوتی "گرێبەستی كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی  S-400ی رووسی واژوو كردووە، لێی پاشگەز نابینەوە، توركیاش ئامادەیە سیستەمی دژە مووشەكی پاتریۆت لە ئەمەریكا بكڕێت، ئەگەر ئەو گرێبەستە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی توركیا بكات، ئەمەش لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ ئەمەریكا".
 
بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن، خستنەڕووی فەرمی بۆ پێ فرۆشتنی سیستەمی دژە مووشەكی پاتریۆت لە مانگی ئاداری داهاتوو كۆتایی دێت، توركیا ئەگەر خواستی كڕینی هەیە دەبێت جارێكی تر داواكاری كڕین پێشكەش بكاتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق