باڵه‌خانه‌ی زانكۆیه‌ك له شاری سان پترسبۆرگی ڕووسیا داڕما و به گوێره‌ی زانیارییه‌كان زیاتر له 20 كه‌س له ژێر پاشماوه‌ی ڕووخاوی باڵه‌خانه‌كه ماونه‌ته‌وه و تیمه‌كانی فریاكه‌وتن و ڕزگاركردنیش هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه بۆ دۆزینه‌وه و ڕزگاركردنیان.
میدیاكانی ڕووسیا بڵاویان كرده‌وه، كه ڕووداوه‌كه له زانكۆی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و میكانیكی و پزیشكی چاو ڕوویداوه و به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تایییه‌كان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 60 كه‌س له‌ناو باڵه‌خانه‌كه بوونیان هه‌بووه و 21 كه‌س بێسه‌روشوێنن و پێشبینی ده‌كرێ له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كه گیریان خواردبێت.
هێزه‌كانی ته‌ناهی ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كردووه و دۆسیه‌كه‌یان وه‌ك تاوان ناوبردووه، به‌هۆی نه‌بوونی دڵنیایی و سه‌لامه‌تی و شیاوی له‌و باڵه‌خانه‌یه، بۆیه له زانكۆكه‌یش ده‌كۆڵنه‌وه.
ئه‌لیكسانده‌ر بیگلۆڤ حاكمی سان پترسبۆرگ به وه‌كاله‌ت له شوێنی ڕووداوه‌كه به ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند، 81 كه‌س له ناوچه‌كه دوورخراونه‌ته‌وه و تا ئێسته هیچ قوربانییه‌ك تۆمار نه‌كراوه و تیمه‌كانی فریاكه‌وتن به په‌له گه‌یشتوونه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه و ده‌ستیان به لادانی پاشماوه‌كانی باڵه‌خانه‌كه كردووه، بۆ دۆزینه‌وه و ڕزگاركردنی ئه‌و 21 كه‌سه‌ی له ژێر پارچه داڕووخاوه‌كان گیریان خواردووه.
بیگلۆڤ گوتی، زۆرینه‌ی ئه‌و 20 كه‌سه قوتابیانی بیانین كه له كۆتایی هه‌فته‌یش دا هاتوون بۆ وه‌رگرتنی وانه‌ی تایبه‌ت به كۆلێژ و پسپۆرییه‌كانیان.