گەڕانەوەی نیمار بۆ بەرشەلۆنە هەمووی درۆیە

:: AM:10:48:18/02/2019 ‌

باوكی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی نوێترین زانیاری لەسەر دەنگۆكانی گەڕانەوەی كوڕەكەی بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و جێهێشتنی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرا كرد.

نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.

باوكی نیمار بە تۆڕی هەواڵی (تیلیفوت)ی فڕەنسی راگەیاند: هەواڵی گەڕانەوەی نیمار بۆ یانەی بەرشەلۆنە هەمووی درۆیە و تا ئێستاش لەمبارەیەوە هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ یانەكە نەكراوە.

زیاتر گوتی: هەرچەندە بەرشەلۆنە یانەیەكی گەورەیە، بەڵام ئەوانەی لە رۆژنامەكان بڵاو دەكرێنەوە تەنیا دەنگۆن و كوڕەكەم لە یانەی پاریس سان جێرمان دڵخۆشە.

باوكی نیمار ئاشكراشی كرد كە پێشبینی داهاتوو لە یاریی تۆپی پێدا زەحمەتە و رەنگە لە هەر كاتێكدا گۆڕانكاری نوێ روو بدات، بۆیە ناتوانێ داهاتووی كوڕەكەی لە یانەی پاریس سان جێرمان یان هەر یانەیەكی تر دیای بكات.

نیمار ئێستا بەهۆی تووشبوونی بە پێكانەوە لە یاریكردن دوور كەوتۆتەوە، باوكی داوای لە ناوبژیوانانی خولی فڕەنسا كرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی یاریزانەكان و سزای توندی ئەو یاریزانانەش بدەن كە بەشێوەی بەهێز و ئەنقەست دەیانەوێ یاریزانان تووشی پێكان بكەن و دووریان بخەنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م