نەتەوەیەكگرتووەكان عێراق دەخاتە لیستی رەشی وڵاتانی بێ ئابڕوو

:: PM:03:58:20/02/2019 ‌
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ هۆشداری لە بوونی عێراق لە لیستی رەش دەدات كە ساڵانە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی ئەو وڵاتانەی بازرگانی بە مرۆڤ تێیدا ئەنجام دەدرێت ئامادەی دەكات، دەڵێ هەبوونی عێراق لەو لیستە ئابڕووبەرانەیە وا دەكات لە هەموو یارمەتی و كۆمەكە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان بێبەش بێت.

عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراقی رای گەیاند، دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بەتایبەت پرسی بەندایەتی لەناو ماڵەكاندا كە كرێكارە بیانییەكان لەوەدا تا ئاستی بەندایەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئێستە لە عێراق زۆر بەربڵاوە و نەبوونی دامەزراوەیەك بۆ چاودێری و گرتنەبەری رێوشوێن بۆ رێگریكردن لێی، مەترسی گەورەی لەسەر عێراق هەیە.

"دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، پرسێكی نێودەوڵەتییە و گرووپە مافیاكانی دنیا لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق كاری لەسەر دەكەن، دۆخی خراپی تەناهی و كرانەوەی سنوورەكان و نەبوونی چاودێری لەلایەن دەوڵەتەوە، لەگەڵ دۆخی خراپی ئابووری و نەزانین و كەمی ئاستی رۆشنبیری تا دەگاتە بەكارهێنان بۆ مەرامی تایبەتی، هاوكار بووە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق". بەیاتی وا دەڵێ. ئەوەیشی خستەڕوو كە هەڕەشەی ئەوە لەسەر عێراق هەیە بخرێتە لیستی وڵاتانی بێ ئابڕوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەگەر ئەمەش روو بدات دەبێتە هۆی بڕینی هەرچی كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ عێراق.

بەیاتی ئەوەشی خستەڕوو بۆ رێگریكردن لەو دیاردەیە پێویستە ستراتیجێكی نیشتمانی هەبێت بۆ چارەسەری ئەو دیاردە ترسناكە كە بووەتە هەڕەشە بەسەر هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی عێراقی. گوتی "پێویستە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ كارا بكرێت و بە دەستێكی ئاسنین لەو لایەنانە بدات كە ئەو كارە دەكەن، دەیان گرووپی مافیایی لە عێراق لەو بازرگانییە تێوەگلاون كە پێوەندی هەرێمایەتییان هەیە".

هۆشدارییەكەی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە كاتێكدایە رۆژی یەكشەمی رابردوو روانگەی عێراقی بۆ قوربانییانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ رای گەیاند، بەڵگەیان هەیە لەسەر 15 گرووپ لە بەغدا و شارەكانی باشوور كە بازرگانی بە مرۆڤ دەكەن و كچان بۆ كاری لەشفرۆشی و بەساڵاچووان و منداڵانیش بۆ سواڵكردن بەكار دەهێنن.



وشە - فه‌رمان سادق