دوا زانیاری لەبارەی كاری لیژنە هاوبەشەكانی بەرگری عێراق و پێشمەرگە

:: PM:11:43:20/02/2019 ‌

لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە بەردەوامە لە رووپێوی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەندامێكی لیژنەكە ئاماژە دەكات كە رووپێوی لە پارێزگای دیالە تەواو بووە و لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدینیش دەستیان بە كاركردن كردووە. 

لیوا ئیسماعیل سەرحان، ئەندامی لیژنە هاوبەشەكەی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، لیژنەكەمان رووپێوی لە پارێزگای دیالە تەواو كردووە، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین رووپێوی دەكەین. زیاتر گوتی، دوای دیالە و سەڵاحەدین، لیژنەكان لە سنووری كەركووك و مەخموور تا مووسڵ ڕووپێوی دەكەن.

هاوكات جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد كە لەسەر بنەمای ئەو رووپێویە، هێڵی پێشەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاری دەكرێت. دووپاتی كردەوە، ئەو ناوچانەی هێزیان زۆر تێدایە، جا پێشمەرگە بێت یان سوپا دەیانكێشینەوە، ئەو ناوچانەیش هەڕەشەی داعشیان لەسەرە، هێزیان تێدا زیاد دەكەین.

10ی ئەم مانگە لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی بەرگری ‌و پێشمەرگە لە خانەقین و سنووری پارێزگای دیالە دەستیان بە كار كردووە.

زیاتر گوتی، دەستبەكاربوونی ئەو لیژنەیە دوای نووسراوێكی هەفتەی رابردووی وەزارەتی بەرگری عێراق دێت كە لیژنەیەكی سەرەكی و چوار لیژنەی لاوەكی پێكهێناوە بۆ دیالە، كەركووك، مەخموور و مووسڵ لە بارەی دووبارە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش لەو ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل