له ساڵی 1555 ڕێككه‌وتنی ئه‌ماسیا له نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌كان واژووكرا، به‌ڵام سه‌فه‌وییه‌كان داخی شكستی گه‌وره‌ی شه‌ڕی چاڵدێرانیان له دڵ ده‌رنه‌چوو بوو و ماوه‌وه ماوه په‌لاماری ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی عوسمانییه‌كانیان ده‌دا، به‌ڵام له 1623 شه‌ڕ به چڕی له نێوان هه‌ردوولا ده‌ستی پێكرده‌وه، له‌سه‌ر خاكی كوردستان و ویلایه‌تی به‌غدا و به‌سڕه و ئه‌رمینیا و جۆرجیا، تا دواجار له 1639 جارێكی تر په‌یماننامه‌ی قه‌سری شیرین له نێوان هه‌ردوولا واژوو كرا.
له هه‌موو هێرش و شه‌ڕه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته كه كوردستانیان به‌سه‌ر دوو به‌ش دابه‌شكرد بوو، كه بریتی بوو له كوردستانی سه‌فه‌وی و كوردستانی عوسمانییه‌كان، هه‌میشه خه‌ڵكی كورد زۆرترین قوربانی ده‌دا، زۆربه‌ی جاریش میره‌كانی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و مانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یان له شاڵاوی كوشتوبڕی و تاڵانی و كۆمه‌ڵكوژكردن، به‌شێكیان ده‌چوونه پاڵ یه‌كێك له‌و دوو لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره، سه‌ره‌كیترین هۆكاریش بۆ چوونه پاڵ یه‌كێك له‌و دوو لایه‌نه، به‌كارهێنانی سۆزی ئایینی بوو له نێوان هه‌ردوولا، بۆ به كوشتدانی كورد له‌سه‌ر دابه‌شكردنی خاكی خۆیان و فره‌وانكردنی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌ریه‌ك له‌م دوو ده‌وڵه‌ته له ناوچه‌كه.
له ماوه‌ی 1623 تا 1639 كه ده‌كاته 16 ساڵ به به‌رده‌وامی شه‌ڕی قورس و وێرانكه‌ر له نێوان هێزه‌كانی هه‌ردوولا له‌سه‌ر خاكی كوردستان به‌رپا كرا و دواجار عوسمانییه‌كان توانیان ویلایه‌تی به‌غدا له ده‌ست سه‌فه‌وییه‌كان ده‌ربهێننه‌وه و دووباره جۆرێك له سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر سه‌فه‌وییه‌كان تۆمار كرد.
دوای 16 ساڵ له شه‌ڕكردن له‌سه‌ر خاكی كوردستان جارێكی تر ڕێككه‌وتن له نێوان عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی كوردستان كرایه‌وه
لاسه‌نگی هێز و نا به‌رانبه‌ری سه‌فه‌وییه‌كان له به‌رده‌م عوسمانییه‌كان و سه‌رقاڵی عوسمانییه‌كانیش به پرۆسه‌ی داگیركردنی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، جارێكی تر وایكرد كه هه‌ردوولا شاند ڕه‌وانه‌ی لای یه‌كتر بكه‌ن و كۆتایی به‌و شه‌ڕه دوور مه‌ودایه بهێنن و دووباره سنووری نێوانیان دابڕێژنه‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سوڵتان مورادی چواره‌م كه ئه‌و كاته فه‌رمانڕه‌وای عوسمانییه‌كان بوو ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر گفتوگۆ و دانوستاندن و واژووكردنی ڕێككه‌وتنێكی نوێ له شوێنی ڕێككه‌وتنی ئه‌ماسیا ده‌ربڕی، نوێنه‌رانی هه‌ردوولا له ناوچه‌ی قه‌سری شیرین كه ئێسته شارۆكه‌یه‌كی سه‌ر به پارێزگای كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه كۆبوونه‌وه.
دوای چه‌ندان گه‌ڕی گفتوگۆ و دانوستاندن سه‌ره‌نجام هه‌ردوولا له‌سه‌ر دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی سنوور و كۆتاییهێنان به ناكۆكییه‌كانی سنووری نێوان هه‌ردوولا وڵات دواجار له 17ی ئایار/مایۆی 1639 شاندی هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ی قه‌سری شیرین یان "سه‌رپیل زه‌هاو" واژوو كرا.
له ڕێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه عوسمانییه‌كان ده‌ستیان له ئه‌رمینیا و یه‌ریڤان هه‌ڵگرت و به سه‌فه‌وییه‌كانیان دا، له به‌رانبه‌ریش سه‌فه‌وییه‌كان كوردستان و ویلایه‌تی به‌غدا و به‌سڕه‌یان واز لێ هێنا و بۆ توركه عوسمانییه‌كانیان به‌جێهێشت.
پرۆفیسۆر ئێرنست تاكه‌ر ده‌ڵێ، ڕێككه‌وتننامه‌ی قه‌سری شیرین به نه‌رمترین و وردترین ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ردوولا داده‌نرێ، به دیاریكراوی سنووره‌كانی هه‌ردوولا نه‌خشه‌یان بۆ كێشرا، ئازه‌ربایجان و ڕۆژهه‌ڵاتی جۆرجیا و ئه‌رمینیا درانه سه‌فه‌وییه‌كان، به‌هه‌مانشێوه جارێكی تریش به‌شی زۆری ناوچه كوردنشینه‌كان و به‌غدا و به‌سڕه به عوسمانییه‌كان درایه‌وه.
شاره‌زایانی مێژوو هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ڕێككه‌وتنه‌كه درێژكراوی په‌یمانی ئه‌ماسیا بوو و جیاوازییه‌كی كه‌م له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی ناوچه‌كه له نێوان هه‌ردوولا له هه‌ردوو ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌یه، چه‌ند خاڵێكی پێوه‌ست به حاڵه‌تی ئایینیش كه له په‌یمانی ئه‌ماسیا هه‌بوو، به‌هه‌مانشێوه له ڕێككه‌وتنی قه‌سری شیرین دووپاتی لێ كرایه‌وه.
له ڕێككه‌وتن و شه‌ڕی نێوان هه‌ردوولا تاكه قوربانی هه‌ر كوردبوون
دوای ڕێككه‌وتنه‌كه كه دووباره شه‌ڕ و ناكۆكی له نێوان هه‌ردوولا دروست بووه‌وه، له باكور به تایبه‌ت له جۆرجیا و ئه‌رمینیا جارێكی تر گۆڕانكاری له سنووری نێوان هه‌ردوولا ڕووی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام له كوردستان و ویلایه‌تی به‌غدا و به‌سڕه تا ئێسته‌یش كه بووه‌ته سنووری عێراق، وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وكاتیش
قه‌سری شیرین ناوچه‌یه‌كی سنووری نێوان هه‌ردوولا بوو، كه شاندی هه‌ردوولای لێ كۆبووه‌وه و دواجار ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش به ناوی ئه‌و ناوچه‌یه كرا.
هه‌رچه‌نده ڕێككه‌وتنه‌كان دابه‌شكردنی خاكی گه‌لانێكی لێ ده‌كه‌وته‌وه، كه هیچ مافی سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌كانی به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هێز بوون به ویستی خۆیان یارییان به چاره‌نووسی ئه‌و گه‌لانه ده‌كرد و به‌رده‌وامیش ناوچه‌كانیان له‌و په‌ڕی وێرانی ده‌هێشته‌وه.
بۆیه گه‌لی كورد و ئه‌رمه‌ن و جۆرجییه‌كان زۆرترین مه‌ینه‌تی و ئازاریان به ده‌ست ئه‌و دوو دوژمنه بینی، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌ردوو گه‌لی ئه‌رمه‌ن و جۆرجییه‌كان بوون به خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆیان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پاش ڕووخانی عوسمانییه‌كان ئه‌و مافه‌یان به‌و گه‌لانه دا، به‌ڵام كورد بوون به قوربانی و جاران كه به‌سه‌ر دوو ده‌وڵه‌ت دابه‌شكرا بوون، ئه‌مجاره خاكی كوردستان كرا به چوار به‌ش و به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته تازه‌كانی ئێران و توركیا و عێراق و سووریا دابه‌شكرا.
به‌شی یه‌كه‌م
به‌شی دووه‌م