که‌رکووک نه‌ک دڵی کوردستان و گرێپووچکه‌ی دۆزی کورد له هه‌موو ناوچه‌که و به تایبه‌تیش باشووری کوردستانه، به‌ڵکوو ئێسته ڕه‌مزی ململانێیه بۆ به‌زاندن و شکاندنی عرووبه و گوتاره ئایدۆلۆجیسته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی. کاتێک ده‌ڵێین عرووبه بێگومان مه‌به‌ستمان هه‌ر سوننه نییه، به‌ڵکوو ئێسته و له‌م قۆناغه‌دا شیعه و هه‌ژموونی شیعی چاوساغ و پلاندانه‌ری ئه‌م پێڕەوكردنهی عرووبه و فاشییه‌تی قه‌ومیی عه‌ره‌بین له عێراق و ناوچه‌که‌دا، لێره‌یشدا کورد وه‌ک قۆچی قوربانی چاوی لێ کراوه و ده‌کرێت!
پێویست به ئاماژه ناکات که مێژووی که‌رکووک بۆ کورد چه‌نده خوێناوی و پڕ له جه‌خار و ئۆف بووه، هه‌موو سیستم و ڕژێمه سیاسییه‌کان له عێراق و ناوچه‌که‌یشدا، به وردی چاودێریی که‌رکووکیان کردووه و ده‌یکه‌ن، ڕاسته له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان و به‌پێی ئه‌و سیستمه له هه‌ڵبژاردن، کورد شکستی نه‌خوارد، به‌ڵام ده‌بێ هێنده‌یش واقیعبین بین که ددان به‌وه‌دا بنێین سه‌رکه‌وتنێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه و لێبڕاوانهیشمان مسۆگه‌ر نه‌کردووه، تا ئێستە و مانا و ده‌لاله‌تی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه ته‌نانه‌ت له هه‌ڵبژاردنێکی ئاوادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌رده هه‌میشه‌ییه‌ی یه‌کنه‌گرتوویی و ناتەبایی كورد که ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه بکرێین به ئامرازی گوشار به‌سه‌ر نیشتمان و لایه‌نی سیاسیی ترمانه‌وه، ئه‌مه‌یش بۆ گوتارێکی عرووبه‌ی شیعه/سوننه که وڵاتانی ده‌ره‌کی ههریەكەیان له سۆنگه‌یه‌که‌وه، له ئێرانه‌وه بگره تا قه‌ته‌ر و ئیمارات، هانده‌ر و پشتگیریانن، خاڵێکی ڕوون و پنتێکی دیاره و به ئاسانی ده‌کرێین به نیشانه‌ی پێکان.
له پاش په‌سندکردنی ماده‌ی 140، تا ئێسته و ئه‌م ساته‌یش که من ئه‌م وتارە ده‌نووسم، چاره‌نووسی کورد له واقیع و پراکتیکدا له که‌رکووک هیچ گۆڕانێکی دیاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پلان و به‌رنامه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بۆ بێهێزکردن و لاوازیی کورد له‌و شارە، زیاتر بره‌و ده‌سێنێ و به چاوقایمییهکی زیاتریشه‌وه له پراکتیزه‌کردنی عرووبه و پرۆژه‌ی ئهنفالیزم دێنه پێشه‌وه.
هیچ که‌س و ته‌نانه‌ت مێژوویش، ناتوانن نکۆڵی له خۆڕاگری و کۆڵنه‌ده‌ریی کورد به گشتی و کوردی که‌رکووک و گه‌رمیان و دووز و چه‌مچه‌ماڵ به تایبه‌تی بکەن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ له ئاستی ئه‌و هه‌موو قوربانی و خه‌بات و بوێرییهدا، له‌لایه‌ن هێزە سیاسییە کوردییهكانەوه به هه‌موو حزبه‌کانه‌وه، پشتگیریی کراون و قه‌ره‌بوو کراوه‌ته‌وه؟ ئه‌مه له‌لایه‌ک.
له‌لایه‌کی ترەوە هێزی عرووبه و ئه‌نفالچێتی و ته‌نانه‌ت شانه شاراوه‌کانی به‌عس به تایبه‌تی هێشتا له که‌رکووک، گوێقوڵاخن و سه‌رنجیان چڕ کردووه‌ته‌وه، پێم وایه چ داعشی یا شیوعی یانژی شیعه یاخۆ سوننه یان مەسیحی سه‌ربه ڕه‌یان که‌لدانی، یا چه‌پڵه‌لێده‌ری سوودانی و سه‌ودازه‌ده‌ی ڕه‌غدی کچی سه‌دام و... هیچیان به نیسبه‌ت کورده‌وه لێبووردەیی و پێکه‌وه‌ژیانیان پێ نییه، هه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌میشه کردوویانه، ئه‌م رۆژاتە ته‌نانه‌ت پاش سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌یی کورد له که‌رکووک، به‌سه‌ر ماڵباتە كوردەكانی گه‌ڕه‌کی نه‌ورۆزی که‌رکووک دەهێنن. ڕاسته پاشه‌کشێیان کرد به‌و جووڵانه‌ی هێزه کوردییه‌کان له به‌غدا، به‌ڵام زهردههڵگهرانی منداڵ و ماڵ و ژنی کورد دووپاتبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و سیناریۆیه‌ی لێدان له سایکۆلۆجییه‌تی کورد و شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤی کورد نییه؟
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت نه سیاسه‌ت به قسه و دیپلۆپماسیی ڕه‌ها و تاک لایه‌نانه ده‌کرێت، نه نه‌ته‌وه‌سازی به گوتاری حزبایه‌تی، له 2003ه‌وه تا ئێسته، کورد عێراق بنیات ده‌نێته‌وه، که‌چی ئێسته لێمان بووه به‌و ته‌وره‌ی که خۆمان دووگمان بۆ دروست کرد! بۆیە دەڵێم، ئێمه له هه‌مبه‌ر گوتاری عرووبه و فاشییه‌کانی ناوچه‌که‌دا، ده‌بێت ئیمان به‌وه بێنین که ته‌وری برای دار بوونی نییه و ماری شیرین ژاریش هه‌ر نه‌خولقاوه و ناخولقێ!
گوتاری پێکه‌وه‌ژیانی کوردانه له خۆڕا و ههرواگوتنهوهی له وڵاتێکی پڕ له خوێن و که‌ربه‌لا و ئه‌مه‌وی و عه‌باسی و ده‌یان کۆده‌تا و سه‌دام و به‌عس و خێڵ و نووری مالیکی و سه‌تانی دیکه‌ش و... ناچێته مێشکه‌وه، به‌ڵکوو ئه‌م چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و سیاسییه ته‌نیا یه‌کێک له پرینسیپه شارستانی و سیاسییه‌کانی سه‌رده‌مه که کۆمه‌ڵگەی کوردی ده‌یه‌وێت وه‌ک مۆدێلێکی پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی پێڕه‌وی بکات، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه ئایا به‌رانبه‌ره‌که‌ی کورد، واته ئه‌وانیتر، هه‌ڵگری ئه‌مە بیركردنەوەن؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری نین چ ڕێکارێک ده‌بێت بگیرێته به‌ر و ڕێگه چاره چییه؟ مه‌گه‌ر سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی دوای هەڵبژاردن له تورکیا له‌گه‌ڵ هاکان فیدان کۆ نه‌بووه‌وه له‌باره‌ی که‌رکووکی هه‌میشه کوردستانییه‌وه؟ جگه له هێزه‌کانی سەربە کۆمار، کێ له پشت ئه‌و درۆنانه‌یه كە ده‌نرێن به هه‌ولێر و هه‌رێمی کوردستانه‌وه؟ هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب و عرووبهیش لەولاوە دانێ که دیار و ڕوونه!
ئه‌م کولتووره فاشییانه به‌رهه‌می ساڵانێک ده‌سه‌ڵاتداریی هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌که‌ن و تێزی پێکه‌وه‌ژیان وه‌ڵامده‌ره‌وه نابێت، دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه کورد وه‌ک کو‌لتوور هه‌ڵگری ڕۆحیه‌تی هه‌ڵکردن و لێبوورده‌یی نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌وان هه‌ڵیده‌وه‌شێننه‌وه! بۆیه ده‌بێ له پاڵ هێزی گوتار، هێزی کرده‌یی و هه‌ژموونی سه‌ربازی و تێخوڕینی جه‌ماوه‌رییش هه‌بێت.
پرسیار ده‌که‌م، له کۆی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا که عه‌ره‌بی عێراق، کورد به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌نفال و پاکتاو ده‌کات، چه‌ند عه‌ره‌ب به‌رگرییان له کورد کرد؟ به دڵنیاییه‌وه ژماره‌یان ناگاته پەنجەكانی ده‌ست، هه‌ربۆیه ڕێگه‌چاره ته‌نیا یه‌کگرتنی کوردە له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا، چونكە یه‌کنه‌گرتن هه‌م له که‌رکووک تووشی شکستمان ده‌کات و هه‌میش له به‌غداد زیاتر لاواز ده‌بین. گومان له‌وه‌دا نییه دۆزی کورد ڕه‌وایه و به هیچ و كەس نایەتە سڕینەوە، به‌ڵام واقیعیش ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر له‌مه زیاتر به دابڕان و یه‌کنه‌گرتوویی له ئاستی سیاسی‌دا درێژه پێ بده‌ین، قڵیشی کۆمه‌ڵایه‌تیش زیاتر ده‌بێت و خۆمان و پواز و لاوازییه‌کانمان، ده‌رگا بۆ ئه‌نفالێکی سپی و نه‌رم و هێواشتری عەره‌ب ده‌که‌ینه‌وه!