هەرێمی کوردستان بەرگەی ستراتیجی هەزار خەنجەر دەگرێت؟

PM:12:10:13/01/2024 ‌
ساڵانێکە لە ژینگەی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەکتەرەکان باس لە ستراتیجێک دەکەن بەناوی "هەزار خەنجەر /Strategy of a Thousand Daggers"، لە بنەڕەتدا پلانێکە بۆ کوشتن لە ڕێی بریندارکردن بە هەزار خەنجەرەوە. واتە وڵاتێک بە لێدانی بەردەوام و یەک لە دوای یەکی خەنجەری خۆی یان هاوپەیمانەکانییەوە، رکابەرەکەی تووشی خوێنبەربوونی لە رادەبەدەر دەکات، ئیتر رکابەرەکەی لاواز دەبێ و دواجار دەکەوێت، بێ ئەوەی خۆشی تووشی شەڕێکی گەورە بە تێچوویەکی قورسەوە کردبێت. 
لەم ستراتیجە ترسناکەدا لە یەککاتدا ئامرازی جۆراوجۆر لەوانەه‌ کاری سیخوڕی، شەڕی دەروونی، پڕوپاگەندەی بەردەوام، گوشاری ئابووری، پاڵپەستۆی سیاسی و لێدانی سەربازی و ڕووداوی دەبرێتە کار. 

سەرەتا بانگەشەی ئەوە دەکرا كە ئیسراییل و تەنانەت ئەمەریکا، ئەم سیاسەتەیان دژ بە تاران گرتووتە بەر و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبیش پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەکەن، بەڵام کە شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کرد و بەرە بەرە هەندی لایەنی نزیک لە تاران ئیسرائیلیان کردە ئامانج، هەندێ لە شرۆڤەکاران و هەروەها راگەیاندن و ناوەندەکانی بیرکردنەوە، باسیان لەوە کرد كە تاران سیاسەتەکەی جارانی ئیسرائیلی دژ بەو وڵاتە، بەکارهێناوەتەوە و دەیەوێت بە سەتان چەقۆی بچووک بچووک و لە شوێن و کاتی جیاوازدا، تەلئەبیب بە چۆکدا بێنێت. وای لیهاتووە ئیسرائیل خۆیشی ئەمە رەت ناکاتەوە و بەردەوام باس لەوە دەکات، بەلای کەمەوە لە شەش شوێنەوە خەنجەری یەک لە دوای یەکی لێ دەدرێت.

باسی ئیسرائیل و فەلەستین و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بەجێدێڵین، دێینەوە سەر کورد و هەرێمی کوردستان. کاتێک ستراتیجی هەزار خنجەر دەخوێنیتەوە، پاش تێڕامانێکی کورت و خێرا، خەیاڵت دەچێت بۆ لای سیاسەتەکانی بەغدا دژ بە هەرێمی کوردستان. بەغدا و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی تا ئێستە بە ئاشکرا و نائاشکرا رایاننەگەیاندووە كە بە هەزاران خنجەر لە هەولێر دەدەن و دەیخەن، بەڵام بە کردەوە هەمان سیاسەت و رێچکەیان گرتووەتە بەر و نموونەی هەرە راستەقینەی ئەم ستراتیجەن، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

پێش ئەوەی باسی ئەو سیاسەتە بکەم، لەوانەیە ئەو پرسیارە دروست بووبێت كە تا ڕادەیەکی زۆر ستراتیجی هەزار خنجەر بۆ وڵاتێکی بەهێز دەبرێتە کار، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ئەو هێز و جێگە و پێگەیەی نییە، هەرێمی کوردستان سیمبۆل و هێمای پرس و ناسیۆنالیزمی کوردە لە ناوچەکەدا. زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئیدارەی پرسی کورد دەدەن، وەک رێوشوێنێکی مێژوویی ئەم کارە بە خشکەیی و بە بێدەنگی دەکەن. واتە نایانەوێت بە ئاشکرا دژایەتی کورد بکەن و بۆ نموونە بڵێن ئەم قەوارەیە دەسڕینەوە، لەبەرئەوەی کێرڤی پرسی کورد بەرەو هەڵکشان دەڕوات و پرسەکە جارێکیتر دەبێتەوە بە دۆزێكی نێودەوڵەتی گەرم و بەرۆکی ئەم چەند وڵاتە دەگرێتەوە. هەربۆیە خۆیان لە هەر جۆرە دەربڕینێکی وەها دەدزنەوە و ئەوە رەت دەکەنەوە ستراتیجی بنکۆڵکردنی کورد و بە دیاریکراوی هەرێمی کوردستانیان هەبێت، بەڵام بە کردەوە و بێ ئاڵۆسكاندنی کورد و جیهان، ئەمە جێبەجێ دەکەن.

ئەوە زیاتر لە 10 ساڵە بەغدا و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی خنجەر لە دوای خنجەر لە جەستەی هەولێر دەدەن. سەرەتا وا هەست دەکرا گورزێک لە کورد دەدرێت و بابەتەکە کۆتایی دێت. لە بودجە و مووچەدا دەمێنێتەوە و کەرت و بەشەکانی تر ناگرێتەوە، بەڵام ئێستە سەیری تابلۆکە دەکەی، هەزار خنجەر بە چاوی خۆت دەبینی.

لە ئابووری و داراییدا رۆژ نییە برینی خنجەرەکە نوێ نەکەنەوە، ساڵی رابردوو بابەتی نەوت و دۆسیەی غازیشی هاتە سەر. بە خنجەری یاسایی و بەناو دادگای پاریس، پرسی نەوتیان لە دەست کورد دەرهێنا. ئێستە لە یەک کاتیشدا بابەتی رادەستکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و بەگشتی داهاتی ناوخۆ و هەروەها ناردنی راستەوخۆی مووچەیش هاتووتە ئاراوە، خنجەر لە دوای خنجەر لە کورد دەدرێت.
بەدەر لەم دیوە ئابووری، یاسایی و کارگێڕییانە، شەڕێکی دەروونی بەردەوام و بێ وێنە لەگەڵ کورد دەکرێت. سەتان پەیج و ماڵپەڕ و بە گشتی راگەیاندن و ناوەندی بیرکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستە راسپێردراون کە ئامانج لێی ساردکردنەوەی خەڵکە لە دەسەڵاتی خۆماڵی و هەروەها حکوومەتی هەرێمیش لە رەوایەتی دابماڵن، لە پاڵ ئەمەیشدا ماوەیەکە گوشاری سەربازی و لێکترازاندنی ئەمنیش کاری بۆ کراوە و بەپێی ئاماژەکان لە داهاتوودا ئەمەیش بەشێکی گرنگی پڕۆژەی هەزار خنجەر دەبێت.

هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی خوێنبەربوونێکی زۆر کە ئێستەیش بەردەوامە و لێی دەچۆڕێت، ماندوو و هیلاک بووە. وەک ئەوەی بە چۆکدا بێت، جارێ دوورە، بەڵام ئامانجی سەرەکی بەغدا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە و بە ئاسانیش دەستبەرداری نابن، چونكە ئەوان هەموو دەسەڵاتەکانی بەغدا و بەشێکی ناوچەکەیان خستووەتە خزمەت ئەم ئەجێندایەوە. 

لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستان چی دەکات؟ تا ئێستەش کوردستان ئامادە نییە ددان بەم واقیعە تاڵەدا بنێت و پێناچێت بە کردەوە قبووڵی بێت بە هەزار خنجەرەوە لێی دەدرێت، ئەمەیش وایکردووە پلانی ئەرێنی و نەرێنی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم سترتیجە نەبێت. لە کاتێکدا دەکرێت بە دوو جۆر وەڵامی ئەم دۆخە بداتەوە:

یەکەم، لە چوارچێوەی رێگەچارەیەکی ئەرێنیدا، خۆی پڕچەک بکات بە قەڵغانی جۆراوجۆر. واتە کاتێک دەستی خنجەری بۆ درێژ دەکرێت، قەڵغانی کوردستان رێگە نەدات جارێکیتر خنجەر بگاتەوە جەستەی کورد. هەرێم دەتوانێت هەندێ وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکات. 
دووەمیش دەچێتە خانەی سیاسەتی چاوترسێنکردن یان راگرتنەوە (Deterrence)، دەست بۆ کوردستان ببرێت، ناچارین دەستتان بۆ درێژ بکەین. بۆ نموونە، ئەگەر رێگە نادەن کورد نەوت بفرۆشێت، ئێمەیش ناهێڵێن بە ئاسانی بەشێک لە نەوتەکەی بەردەستان بفرۆشن. نەوتی کەرکووک نزیکە، یان ئێمەیش نەوت دەفرۆشین، یان لەوەی دەفرۆشن پشکمان دەدەن یان خواحافیزی لە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بکەن. 
ئێوە کارتی نەوت دەبەنە کار ئێمە کارتی ئاو. ئێوە گوشاری سیاسی و میدیایی لە بەغداوە دروست دەکەن، ئێمە لە هەمان بەغداوە و لەڕێگەی نوێنەرەکانی خۆمانەوە لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات، سیاسەتی بەغدا بۆ برسیکردن و ملشکاندنی کوردستان بە هەموو جیهاندا، جاڕ دەدەین. 
لەم بوارەدا حکوومەتی هەرێم و لایەنەکان زۆر ئاسایی و یاسایی مامەڵە دەکەن، ئەوە لە بیر دەکەن ئێرە رەشهەڵاتی ناوەڕاستە و جەستەی کورد خوێنی لێ دەچۆڕێت.