یه‌كه‌م/ یه‌كگرتن وه‌ك بنه‌مای هێز
دابڕان و په‌رته‌وازه‌یی ئه‌گه‌ر بنه‌مای دابه‌شبوون و لاوازی بێت، بێگومان یه‌كگرتوویی به‌ردی بناغه‌ی هێز و ره‌گه‌زه‌كانی هێز و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌یار و لایه‌نی به‌رانبه‌ره. هه‌موو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه و به‌رده‌وامی به پێگه سیاسی و یاساییه‌كه‌ی خۆی بدات، ده‌بێت ره‌گه‌زه‌كانی هێزی خۆی به‌ته‌واوی بنیات بنێت و پته‌وی بكات. ره‌گه‌زه‌كانی هێز خۆی له فاكته‌ری جیۆگرافی، مێژوویی، دامه‌زراوه‌یی و یه‌كگرتوویی ناوخۆییدا ده‌بینێته‌وه. دیاره یه‌كگرتوویی و یه‌ك گوتاری و یه‌ك سیاسه‌تی قووڵایی ستراتیجی هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی هێزه و رۆڵی كارا ده‌بینێت له كاتی جه‌نگ و ئاشتی و ته‌نانه‌ت ململانێ و دانوستانه‌كانیشدا.
له‌دوای بوونی یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی، قۆناغی گفتوگۆ دێته پێشه‌وه وه‌ك بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕی دیپلۆماسی. گفتوگۆ كاریگه‌رترین ئامرازی دیپلۆماسی و سیاسه‌ت و دنیای پێوه‌ندییه‌كانه، به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمێكی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه تا ئێسته ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵد ده‌كرێت و رێسای یاساكانی له‌گه‌ڵدا داده‌ڕێژرێته‌وه.
فشاره‌كانی ئه‌مجاره‌ی به‌غدا ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ك بووه هۆی ماندووكردنی هه‌رێم، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه بووه ده‌رفه‌ت بۆ یه‌كگرتنی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كان و گه‌ڕانه‌وه بۆ یه‌كگوتاری و یه‌كهه‌ڵوێستی بۆ به‌رگریكردن له مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت مافی مووچه و مافه ئابوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كه له بنه‌ڕه‌تدا نابێت بكرێن به ئامرازی سیاسی، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی فشار به‌كار بهێنرێت و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی پێ سزا بدرێت، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی خه‌ڵك یان هاووڵاتی كێشه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و هاووڵاتییانی تری ناوچه‌كانی تری عێراق نییه، ناكرێت ئه‌م ململانێ و فشاره بگوازرێته‌وه بۆ ئاستی خواره‌وه كه له دوورمه‌ودادا زیانێكی گه‌وره‌ی بۆ پێوه‌ندیی دیپلۆماسیی جه‌ماوه‌ری ده‌بێت، زیان به هه‌موو ئه‌و كارلێك و پێوه‌ندییه گشتییانه ده‌گه‌یه‌نێت كه له نێوان خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و عێراقیدا هه‌یه.
دووه‌م/ ناوه‌ندگه‌رایی یان فیدراڵیزمی راسته‌قینه
له دوای رووخانی رژێمه‌وه، یه‌كێك له‌و دیارده شاراوانه‌ی كه كه‌م هه‌ستی پێ كراوه، بابه‌ت و پرسی چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی فیدراڵیزم و گۆڕانی شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه له فۆڕمی فیدراڵی و شێوه ده‌ستوورییه‌كه‌ی خۆی، بۆ شێوه‌ی تری وه‌ك ناوه‌ندگه‌رایی. واته حكوومه‌تی به‌غدا ئه‌و كاته‌ی كه به‌هێز بووه، حه‌زی كردووه عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ببێت به ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هێز و بنه‌ماكانی هێز لای خۆی گل بداته‌وه، ئه‌گه‌رچی عێراق به‌گوێره‌ی ده‌ستوور فیدراڵییه و ده‌سه‌ڵات تێیدا له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شێتی و سه‌ربه‌خۆیی خودی و پێكه‌وه‌بوون و به‌یه‌كه‌وه بڕیاردان دامه‌زراوه و بنیات نراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روو ده‌دات، بنه‌ما و لۆجیكی هێز كه زاڵه به‌سه‌ر هێزی لۆجیك و ده‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور و یاساكان فۆڕمێكی تر له به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانی له عێراق بهێنێته كایه‌وه.
فیدراڵیزم بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی له دایك بێت و گه‌شه بكات و به‌رده‌وامیی هه‌بێت، ده‌بێت زه‌وینه و بارودۆخ و كولتووری سیاسی بۆ بنیات بنرێت و خۆراكی تایبه‌تی پێ بدرێت كه خۆی له بڕوابوون به سیستمه‌كه و دووركه‌وتنه‌وه له عه‌قڵییه‌ت و بیرۆكه‌ی ناوه‌ندگه‌رایی ده‌بینێته‌وه. دیاره هێشتا ئه‌و بیرۆكه و باوه‌ڕه لای زۆرینه‌ی ده‌سته‌بژێری سیاسیی عێراقی ساز و ئاماده نییه، فیدراڵیزم به مه‌ترسی و خاڵی هه‌ڕه‌شه ده‌زانن له‌بری ده‌رفه‌ت كه له بنه‌مادا فیدراڵیزم باشترین و جوانترین ده‌رفه‌ته بۆ عێراق و هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه فره‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكیان تێدایه، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی فیدراڵیزمه‌وه مۆدێلی جوان له پێكه‌وه‌بوون و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبووڵكردن گه‌شه پێ بده‌ن، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ململانێ و توندوتیژی و یان شێوه جیاوازه‌كانی ره‌تكردنه‌وه و نكۆڵی‌كردن له ناسنامه و بوون و قه‌واره و مانه‌وه‌ی یه‌كتر. بیركردنه‌وه له ناوه‌ندگه‌رایی له عێراق، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سیستم و سه‌رده‌می دكتاتۆریی و تۆتالیتاریزم.
سێیه‌م/ دڵخۆشی و دیپلۆماسی به‌كۆمه‌ڵ
كورد له به‌غدا كۆ ده‌بێته‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره به كۆمه‌ڵ و كۆكه‌ره‌وه‌یه. هه‌موو لایه‌نه‌كان و هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كان له به‌غدا كۆ ده‌بنه‌وه و یه‌كتر ده‌بینن و ته‌وقه ده‌كه‌ن، بۆ به‌رگریكردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی. ئه‌م دیمه‌ن و سیاسه‌تكردنه یه‌كجار دڵخۆشكه‌ر و سه‌ره‌تای دیپلۆماسییه‌كی نوێیه له به‌غدا ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامی پێ بدرێت. خه‌ڵكی كوردستان به گشتی دڵخۆشییه‌كی یه‌كجار گه‌وره و هه‌ستێكی ته‌واو به‌خته‌وه‌رانه‌ی هه‌بوو بۆ ئه‌م یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌ستی و یه‌كگوتارییه‌ی كورد له به‌غدا. ئه‌م په‌یامه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه سه‌ره‌ڕای ململانێ له ناوخۆ و بوونی به‌رنامه و ره‌خنه‌ی جیاواز، به‌ڵام ده‌بێت به‌غدا چه‌ق و مه‌ڵبه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و لایه‌نه ناكۆكانه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بێت كه راستییه‌كه‌ی ئه‌مه دینامیكییه‌ت و ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت و دیپلۆماسی و حوكمڕانی هاوچه‌رخه.
ده‌ركه‌وتنی نوێنه‌رانی كورد له ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به‌تایبه‌ت له به‌غدا به‌یه‌ك پڕۆژه‌ی سیاسی و ستراتیجی و پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری و خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ك جۆرێك له دیپلۆماسیی جه‌ماوه‌ری سه‌رچاوه‌یه‌كی یه‌كجار به پیت و به‌هێزی دیپلۆماسیی گشتیی هه‌رێمی كوردستانه وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی. ئه‌م شێوه له دیپلۆماسییه به كۆمه‌ڵه له دنیای ئه‌مڕۆدا، ده‌توانێت زۆر پرس و بابه‌ت بگۆڕێت وه‌ك چۆن له كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١دا توانی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌لای خۆیدا رابكێشێت، دواتر بوو بنه‌مای كۆمه‌ڵێك بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كورد و هه‌رێمی كوردستاندا.