یه‌كه‌م/ عێراق و پێگه‌ی دیپلۆماسی
عێراق وڵاتێكه له ئاستی جیۆپۆله‌تیك پێگه‌ی دیار و به‌رچاوه، به‌ڵام ناتوانرێت ئه‌و پێگه‌یه بگوازرێته‌وه بۆ ئاستی سیاسی و وه‌به‌رهێنانی سیاسیی تێدا بكرێت. له سنووری باشوورییه‌وه به‌ڕووی كه‌نداودا كراوه‌ته‌وه، له رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه ده‌رگای هاتنه‌ژووره‌وه‌ی وڵاتانی ئێران و ئاسیای ناوه‌ڕاسته بۆ هاتنه ناو دنیای عه‌ره‌بی و نیشتمانی عه‌ره‌بییه‌وه. له‌لای رۆژئاوایشه‌وه له‌گه‌ڵ سعوودیه هاوسنووره كه پێگه‌یه‌كی گرنگی ئاینی هه‌یه و نوێنه‌رایه‌تیی دنیای ئیسلامی و له‌ناویشیدا دنیای سوننی ده‌كات، جگه له‌وه‌ی له باكوری رۆژئاوای له‌گه‌ڵ ئوردن و سووریا هاوسنووره، له‌ولاوه‌ش له‌ڕێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دراوسێی كۆماری توركیایه كه رۆژگارێك له ناوچه‌كه باڵاده‌ست بووه و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه نزیكه‌ی ٥٠٠ ساڵ ئیمپراتۆری ناوچه‌كه و ویلایه‌ته‌كانی مووسڵ و به‌غدا و به‌سره‌ی له ژێرده‌ستدا بووه و به‌ڕێوه‌ی بردووه.
مه‌به‌ست له‌م وێنه جیۆپۆله‌تیكی و جیۆگرافییه سیاسییه‌ی عێراق، ئه‌و قووڵاییه ستراتیجییه‌یه كه عێراق له رابردوودا خاوه‌نی بووه و هه‌ردوو ره‌گه‌زی مێژوو و جیۆگرافیای تێدا باڵاده‌ست بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌كته‌رێكی لاوازی ناو سیستمی سیاسیی هه‌رێمی و په‌یكه‌ری سیاسیی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و شانۆی نێوده‌وڵه‌تیشه. عێراقی هاوچه‌رخ ته‌مه‌نی زیاتر له 100 ساڵه و له ساڵی ١٩٣٢شدا سه‌ربه‌خۆیی خۆی له شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا وه‌رگرتووه. تا ساڵی ١٩٥٨ رژێمه سیاسییه‌كه‌ی پاشایه‌تی بووه، واته پاشا كه‌سی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵات و سیستمه سیاسییه‌كه‌ی بووه و دواتریش له‌ڕێی شۆڕشێكه‌وه فۆرمی حوكمڕانیی ده‌گۆڕێت بۆ كۆماری و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار، ده‌بێت به چه‌قی سیستمه‌كه و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی دووباره و جارێكی تر له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی رێكده‌خرێته‌وه. هه‌موو ئه‌و دینامیكییه سیاسییه، نه‌بوون به بنه‌مای حوكمڕانییه‌كی باش بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق له ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی دنیا و ژیانی دیپلۆماسی.
دووه‌م/ عێراق له لووتكه‌ی قاهیره
عێراق له لووتكه‌ی قاهیره به‌شدار ده‌بێت له‌ڕێی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه كه جومگه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ژماره یه‌كی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی ئێسته‌ی سیستمی سیاسیی عێراقه. لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌و مانایه‌ی كه به‌پێی ده‌ستوور، زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاته هه‌ستیار و گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی پێ دراوه كه به‌شێكیان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی تایبه‌ت به سیاسه‌تی ناوخۆیه، به‌شه‌كه‌ی تریشیان تایبه‌ته به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه. دیاره هه‌ردوو سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه له دوو ژینگه‌ی جیاوازدا كار ه‌كه‌ن و به‌گه‌ڕ ده‌خرێن، هه‌ریه‌كه‌یان له ژێر كاریگه‌ریی دوو گۆڕاوی سه‌ربه‌خۆ و فاكته‌ری جیاوازی رووداوه سیاسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
لووتكه‌ی قاهیره بۆ ئاشتی له میسر به‌ڕێوه چوو به به‌شداریی وڵاتانی عه‌ره‌بی. تێما و پرسی سه‌ره‌كیی لووتكه‌كه، ململانێ و جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و حه‌ماسه كه زیاتر له دوو هه‌فته‌یه به‌رده‌وامه و قوربانیی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. عێراق به‌شێكه له لووتكه‌كه و به‌شداره، به‌ڵام به‌بێ هیچ بڕیار و هه‌ژموونێكی سیاسی و دیپلۆماسی. ئه‌وه‌ی كه عێراق پێشانی دا له‌و لووتكه‌یه، زیاتر نمایشی سیاسی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و هێڵه فكری و سیاسییانه بوو كه كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراقی كێشاوه، به‌تایبه‌ت كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زیاتر له هه‌موو وڵاتانی تری عه‌ره‌بی، گوتاره تونده‌كانی وڵاته‌كه‌ی دژ به ئیسرائیل ئاراسته كرد و نمایش كرد.
دیاره ئه‌م جۆره به‌شدارییه له لووتكه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه، ئاماژه‌یه بۆ وابه‌سته‌بوونی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌ڵوێستی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌كته‌ره‌كانی تری ناو سیستمی هه‌رێمی له ناوچه‌كه‌دا.
سێیه‌م/ سیاسه‌تی دار و گێزه‌ر
سیاسه‌تی دار و گێزه‌ر، سیاسه‌تێكه كه وڵاتی ناوك یان ناوه‌ند وه‌ك میتافۆڕێك به‌ده‌ستێك گێزه‌رێك ده‌دات به وڵاتی په‌راوێز و به‌ده‌ستێكی تریش به‌دار لێی ده‌دات، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گوێڕایه‌ڵی و پابه‌ندی و ده‌رنه‌چوون له فه‌رمان و بڕیار و رێساكانی و ده‌سته‌مۆكردن و گه‌مارۆدان، تا وڵاتی په‌راوێز نه‌توانێ له سیاسه‌ته‌كان و بڕیاره‌كانی ده‌ربچێت. ئه‌مڕۆ له سیستمی سیاسیی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان به‌مشێوه‌یه كار ده‌كه‌ن و ده‌جووڵێن. هه‌ر له عێراق و لبنان و سووریا و یه‌مه‌نه‌وه، تا ده‌گاته ئوردن و به‌شێك له وڵاتانی تری كه‌نداو و ته‌نانه‌ت سعوودیه‌ش.
به‌ڵام پێده‌چێت كه‌یسی عێراق له هه‌موویان تایبه‌تتر و سه‌رنجڕاكێشتر بێت، به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه جیۆپۆله‌تیكی و جیۆگرافیا سیاسییه‌ی كه عێراق هه‌یه‌تی و له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كردووه، به‌هۆی هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌شی كه له دوای ٢٠٠٣ و له دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه هاتووه‌ته پێشه‌وه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه گۆڕینی ده‌سته‌بژێری سیاسی، پارته سیاسییه‌كان و گۆڕانی فۆرم و شێوه و ناوه‌ڕۆكی ململانێكان و شێوازی سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی و پێوه‌ندیی عێراق خۆی به وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه. دیاره سیاسه‌تی دار و گێزه‌ر خۆی فۆرمێكه له دیپلۆماسی بۆ داگیركردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دیپلۆماسیی وڵاتێكی تر.
بۆ نموونه عێراق به‌هۆی ئه‌م شێوه دیپلۆماسییه‌وه ناتوانێ له شانۆی نێوده‌وڵه‌تی و له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ره‌چاوی به‌ها سیاسییه‌كان و نۆرمه‌كان و ژینگه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی بكات، سه‌ربه‌خۆیانه بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانی به‌ڕێوه ببات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسێكی هه‌ستیار و مێژوویی وه‌ك پرسی فه‌له‌ستین و پاڵنه‌ره‌كانی جه‌نگی ئه‌مجاره و سروشتی ململانێكان، چونكه راسته به ڕووكه‌ش جه‌نگه‌كه ناوخۆییه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا ره‌هه‌ندێكی هه‌رێمی و ناوچه‌یی هه‌یه، ده‌بێت هه‌ڵوێسته دیپلۆماسییه‌كان به‌وردی و به‌گوێره‌ی تواناكانی ده‌وڵه‌ت، بیری لێ بكرێته‌وه و رابگه‌یه‌نرێت.