قسه‌یه‌کی کۆنی نه‌سته‌قی کورد هه‌یه ده‌ڵێ، به‌رد له جێی خۆی سه‌نگینه. به‌داخه‌وه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، ئه‌م قسه‌یه به باڵای زۆر که‌س که‌م تا زۆر ده‌دوورێت، به‌ڵام له هه‌مووان زیاتر ئه‌م قسه‌یه پڕ به باڵای فه‌رهاد سه‌نگاوییە. ئەو تا له شاخ بوو و له ئێستگه‌ی شۆڕش ئیشی ده‌کرد، به‌هۆی ده‌نگ و تێکسته‌کانییه‌وه جێگه‌یه‌کی له ناو زه‌ینی خه‌ڵکدا کردبووه‌وه، به‌ڵام ئه‌و قیچه جێگه‌یه‌ش که وه‌ک شۆڕشگێڕ سه‌رده‌مێک بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ری کردبوو، له قۆناغی پاش شاخ و ده‌ست پێکردنی ژیانی شار و حوکمڕانی کوردی‌دا، به فه‌نای دا!
سەنگاوی پاش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پشکی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان خولێکی په‌ڕله‌مانی بێ هیچ ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆ که ته‌با بێت له‌گه‌ڵ دروشمه ئایدیال و بریقه‌داره‌کانیدا بۆ خه‌ڵک، تێپه‌ڕ کرد، وێستگه‌یه‌کی دیکه‌ی تاقی کرده‌وه که ئه‌ویش داڕمان و داکه‌وتنێتی کاتێک که له ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا چووه پاڵ ده‌نگی نه‌وه‌ی نوێ و نه‌خێره‌کان و ته‌نانه‌ت حزبه‌که‌ی خۆیشی حاشای لێ کرد و وزە ڕاسته‌قینه‌كەی گچکه‌بوونی ئه‌وی له‌ژێر ناوی "بێژه‌رێکی سه‌رده‌می شاخ"! خسته ڕوو، پاشان ئه‌م که‌سایه‌تییه په‌شێوه له چه‌ندان بانگه‌شه و هه‌ڵای میدیاییدا باسی ڕفاندن و لێدان و گوێجه‌ڕاندنی له‌لایه‌ن ده‌سته نادیار و دیاره‌کانه‌وه کرد، وه‌ک هه‌موو جارێک خۆی به پاڵه‌وانی کوردایه‌تی و شۆڕشگێڕیی ناساند و به گه‌زی هاوار و زایه‌ڵه ڕووشاوه‌کانی باش و جاش و کورد و ناکوردی دیاری ده‌کرد! واته وه‌همێک که ته‌نیا ئه‌و هه‌ڵگرێتی.
ئه‌گه‌رچی به‌شێکی زۆری خه‌ڵک ده‌زانن ئه‌و ئێسته له‌باری جه‌سته‌یییه‌وه ته‌واو نییه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بینه‌ر سه‌رنجی ڤیدیۆی ده‌رکه‌وتنه دۆنکیشۆتییه‌کانی بدات، به ئاسانی ده‌بینێ ده‌سته‌کانی وه‌ک فڕفڕۆکه ده‌یانه‌وێت سووڕ بخۆن و بۆی گیر نابن، دیاره فڕفڕۆکه‌بوونه‌که ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه بۆ کاره‌کته‌ری و ده‌رخه‌ری ئه‌و په‌شێوی و سه‌رگه‌ردانییه‌ی که نازانێت سه‌ر بکات به ماڵی کام لایه‌ن و ڕێکخراودا بۆ دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سیی خۆی!
کێشه‌ی گه‌وره له که‌سایه‌تی و زه‌ینییه‌تی په‌رێشانی فەرهاددا ئه‌وه‌یه ئێسته‌یش وا ده‌زانێ له ڕادیۆی شاخه و کۆمه‌ڵێک گوتار ده‌دات و هه‌ندێک قسه و دروشم ده‌ڵێته‌وه که ئه‌گه‌ر به‌پێی لۆجیکی ئێسته و واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هوشیاریی ده‌سته‌جه‌معیی کورد چاوی لێ بکه‌ین، جگه له گاڵته‌جاڕی و حه‌نه‌کچێتی، هه‌ڵکه‌وتی هیچنر ناکه‌ین، چونکه نه خه‌ڵک ئێسته به لۆجیکی ئه‌و سه‌رده‌مه چاو له ده‌لاله‌تی ئه‌و وشانه ده‌که‌ن و نه ئه‌رزی واقیعی سیاسیش هێنده ڕه‌ش و سپییه که ئه‌و له‌و چاویلکه دووکه‌ڵییه‌وه ده‌یبینێت! ده‌لاله‌تی ئه‌و وشانه‌ی ئه‌و ته‌نیا دیاریکه‌ری بای به‌رژه‌وه‌ندییه و خه‌ڵک به باشی ئه‌مه ده‌زانن.
دیاره و وه‌ک ڕوونیشه به دڵنیاییه‌وه مه‌به‌ست ئه‌وه نییه به‌هاکانی شاخ که دنیایه‌ک قوربانی و خوێنی بۆ دراوه، له لۆجیکی سیاسی ئێسته‌ماندا به‌کاڵه‌وه‌بوو ببینین، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و ڕه‌هابینی و هوتافکێشانه، به‌ر له هه‌ر چتێک یارییه‌کی میدیاییه و بۆ ئه‌ویش زیاتر ڕۆڵ و کرده‌یه‌کی دۆنکیشۆتی و گاڵته‌جاڕانه‌یه. واته کاک فه‌رهاد تووشی شوێنپه‌رۆشی بووه و هێشتا له زه‌ینی خۆیدا ئه‌مه‌ی قبووڵ نه‌کردووه که له شاخ نییه و ئێسته له شاردا ده‌ژی و لۆجیکی ئاوا که ته‌نیا و ته‌نیا خۆت پێ باش و پاڵه‌وان بێت و ئه‌وانیتر به جۆری دیکه پێناسه بکه‌ی نه‌ک ته‌نیا مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه، به‌ڵکوو مایه‌ی قێز و پشت تێکرنیشه.
تۆ چۆن ده‌توانی و بوار به خۆت ده‌ده‌یت له‌سه‌ر حزبێک قسه بکه‌ی که به ڕاده‌ی ته‌مه‌نی تۆ و باوکت سه‌رپشکی خه‌بات و شۆڕشگێڕی بووه؟ یان وه‌ها قسه بکه‌ی كە هه‌موو پێوه‌ره ڕه‌هاکانی گه‌ردوون له‌لایه‌ن هێزێکی غه‌یبانی و ئاسمانییه‌وه ڕاده‌ستت کراون؟ هه‌ڵبه‌ت بۆ هه‌مووان ڕوونه که فه‌رهاد سەنگاوی له‌م ماڵ به‌کۆڵی و بێ لانه‌یی و بێ حزبییه‌دا، خه‌ریکی په‌له‌قاژه‌یه‌کی گه‌وجانه‌یه، به‌ڵکوو یه‌کێتی وه‌ریبگرێته‌وه، ئه‌وه‌یشی یه‌کێتی و سه‌رۆکه نوێکه‌ی بناسێت ده‌زانێ ئێسته له‌ودیو ئه‌و شاشانه‌ی که ئه‌و خۆی وه‌ک پاڵه‌وان تێدا ده‌رخستوون، پێی پێده‌که‌نێت و ده‌ڵێت با ئه‌مه‌ش هه‌بێت!
تایبه‌تمه‌ندیی دۆن‌کیشۆت ئه‌وه‌بوو وایده‌زانی هه‌ر له‌و دنیا به‌رته‌سک و کۆنه‌ی خۆیدا ده‌ژی و هێشتا پاڵه‌وانی سه‌رده‌می نوێیه، فه‌رهاد له سه‌رده‌می شاخ و له ژوورۆچکه‌یه‌ک به‌و شاخانه‌وه ته‌نیا به‌هۆی به‌هره‌ی ده‌نگی (که ئێسته‌یش ئه‌وه‌نده‌ی قیڕاندووه ژێکانی گه‌رووی ئه‌ڵێی قرتاون! ده‌نگی له کیس داوه)، دانیشتووه به ئیشتیای خۆی قیڕاندوویه‌تی و وایزانیوه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ریبڕیوه خۆیشی مسۆگه‌ری کردووه. ئه‌و وه‌همه‌ی خوێن و خه‌باتی هه‌زاران پێشمه‌رگه له سایکۆلۆجیای خۆت و ده‌نگتدا داگیر بکه‌ی، به‌رله‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێک بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی نۆستالۆجیایانه‌ی خۆت، خۆکردنه به گاڵته‌جاڕ و لیبۆکی به‌رده‌م شاشه و میدیاکان، هیچ که‌سێکی ژیر ناتوانێت گومان له‌وه بکات ئه‌و زاته په‌شێوه چه‌نده لایه‌نگرانه و بەرژەوەندیخوازانە قسه ده‌کات و کۆمێنته‌کانی ژێر قسه‌کانیشی پڕن له سووکایه‌تی و گاڵته و توانج که هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره وێک دێنه‌وه: (پاره‌ی لێ بڕاوه).
ئه‌وه‌ی ئێسته ئه‌و میدیایانه هیچ ناڵێن و ته‌نیا دنه‌ت ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر ڕۆڵی دۆن‌کیشۆت بگێڕیت بۆ به‌زمی شایی ئه‌و غه‌نیمه و ده‌سکه‌وتانه‌ی له تاڵان‌کردنی کوردستاندا چه‌ند که‌سێک که تۆیان به بێژه‌ری شاخ ناساند، بۆ خۆیان مسۆگه‌ریان کردووه. ئه‌و تۆزه حورمه‌ته‌ش ماوته هی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاخه که گوتاری کوردستانیت به گه‌روودا تێپه‌ڕ ده‌کرد، به‌ڵام ئێسته دنه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌ده‌یت ڕۆژنامه‌نووس و چالاکانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له هه‌ولێر زیاتر بخا‌ته ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌وه؟ ئه‌م هه‌موو په‌شێوی و سه‌رلێشێواوییه له پای چی و بۆ چ مه‌به‌ستێک؟ نازانی به گوتاری شۆڕشگێڕییه‌وه خه‌ریکی تۆوی ئاژاوه ده‌چێنیت و خوازراو یان نه‌خوازراو خه‌ریکی خیانه‌ت له کورد ده‌که‌ی؟
ئه‌م پرۆسه‌یه تێکچوون و داڕمانه و خۆتیش نازانی له به‌رده‌م ئه‌و شاشانه‌دا چ ده‌ڵێی و به‌ره‌و کام ئاقار ملت ناوه و له کام خه‌ره‌ند به‌ر ده‌بییه‌وه، ئه‌گه‌رچی زۆرن ئەوانەی له به‌رده‌م ئه‌و شاشانه‌دا "وایانزانی ڕادیۆیه" به‌ڵام تۆ نابێ وابزانی ڕادیۆیه. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش من بۆم پرسیاره ئایا کاک فه‌رهاد دۆستێکی دڵسۆز یان خزم و بنه‌ماڵه‌یه‌کی په‌رۆشی نییه که په‌لی بگرن و بڵێن، کاکه ئه‌مه ڕادیۆ نییه.