كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه خراوه‌ته ژێر گوشار و له ماوه‌ی ڕابردوو و له دوای بڕیاری دادگای به‌ناو فیدراڵی، ئه‌م گوشارانه چوونه‌ته قوناغێكی تازه و چڕتر و چه‌ندان په‌ستانی یاسایی، سیاسی و سه‌ربازی له خۆ گرتووه. ئه‌م گوشار و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی عێراق له دژی كه‌رتی وزه‌ی كوردستان، ئه‌و پرسیاره دێنێته ئاراوه ئاخۆ چ فاكته‌رگه‌لێك وا ده‌كه‌ن به به‌رده‌وامی كه‌رتی نه‌وت و غازی كوردستان بكرێته ئامانج؟
یه‌كه‌م، ناوچه‌ی ستراتیجی، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی سارددا به‌و ناوچانه ده‌گوترا كه له بواری سه‌ربازیدا خاوه‌ن پێگه‌ی ستراتیج بوون، به‌ڵام له دوای شه‌ڕی سارد ئه‌م پێناسه‌یه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و ناوچه‌ی ستراتیجی به‌و جیۆگرافیایانه ده‌گوترێت، كه له بواری سامانی سروشتی‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندن.
ئه‌م گۆڕانكارییه جیۆپۆڵه‌تیكه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی به جیهانیبوون، هه‌رێمی كوردستان ناچار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه و ده‌ست بۆ كارتی نه‌وت و غاز ببات، چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێوه‌ری ده‌سه‌ڵات گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و ئه‌گه‌ر گه‌لێك بیانه‌وێت له گۆڕانكارییه ناوچه‌ییه‌كاندا بمێننه‌وه، ده‌بێ له پاڵ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و كارگێڕیدا، خۆی له بواری ئابووری وگه‌شه‌پێدانیشه‌وه پێش بخات.
دووه‌م، ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێته ئامانج، ئه‌وه‌یه كه عێراق و زۆربه‌ی وڵاته نه‌وتییه‌كان، له‌گه‌ڵ كورتهێنانی بودجه به‌ره‌وڕوون و ئه‌مه‌ش له دوو هۆكاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ:
1- خه‌رجی و تێچووی زۆری ئه‌و وڵاتانه.
2- جێگیرنه‌بوونی نرخی وزه كه وا ده‌كات ئه‌و وڵاتانه تێچوو یان خه‌رجی خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه یان نه‌ختینه‌ی دراو زیاد بكه‌ن و پاره‌ی بێ ده‌سه‌ڵات چاپ بكه‌ن.
زۆربه‌ی وڵاتان ڕێكاری دووه‌م ده‌گرنه‌به‌ر، به‌تایبه‌ت عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه به‌ره‌وڕووه و ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵات له به‌غدا تێڕوانینێكی باشیان بۆ هه‌رێمی كوردستان نییه و خۆیشیان نغرۆی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستی ده‌ره‌كی بوون، بۆیه بارودۆخه‌كه وا ده‌خوازێت كوردستان كه‌رتی نه‌وت و غاز په‌ره پێ بدات و ده‌سته‌مۆی عێراق نه‌بێت، چونكه ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست سیاسییه‌كانیه‌وه داهاتووی لێڵه.
سێیه‌م، له كۆمه‌ڵناسی سیاسی‌دا چه‌مكێك بۆ نه‌بوونی دیموكراسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌كار ده‌به‌ن كه به ده‌وڵه‌تی ڕانتر به‌ناوبانگه، پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه ئه‌وه‌یه كه داهاتی ئه‌م وڵاتانه له پرۆسه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانه‌وه به ده‌ست نایه‌ن، به‌ڵكو له سه‌رچاوه‌گه‌لێكه‌وه به ده‌ست دێن كه له‌ژێر زه‌وییه‌وه هه‌ڵكه‌وتوون. بۆیه زۆربه‌ی شرۆڤه‌كارانی سیاسی پێیان وایه ده‌وڵه‌تی ڕانتر له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی سه‌ره‌ڕۆ ده‌بێت و گوێ به داواكاری خه‌ڵك نادات، چونكه داهاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه دابین ناكرێت. عێراق رێك له‌م بارودۆخه‌دایه و پێی وایه به وزه‌ی كوردستان خۆی له‌و هه‌موو ته‌نگژه و بنكۆڵكارییه‌ی له ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا كراون، رزگاری ده‌بێت.
كه‌واته هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له پرۆسه‌ی نه‌وت و غازی خۆی به‌رده‌وام بێت، چونكه یه‌كه‌مین خاڵ كه ده‌بێ له به‌رچاوی بگرین ئه‌وه‌یه، پاشكۆیه‌تی ئابووری، پاشكۆیه‌تی سیاسی به‌دوای خۆیدا دێنێت. جیا له‌وه‌یش ئه‌زموونی وڵاته نه‌وتییه‌كان سه‌لماندوویه‌تی كه ده‌وڵه‌ته ڕانتره‌كان به‌هۆی پرۆسه‌ی نه‌وته‌وه، به‌ره‌و وڵاتێكی ناوه‌ندیی و سوپای پڕچه‌ك هه‌نگاو ده‌نێن.
چواره‌م، ئێسته ده‌وڵه‌ت تاقه ئه‌كته‌ری سیستمی نێوده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵكو ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌م سیستمه نوێیه‌دا به‌شدارن و هێنانی كۆمپانیا نه‌وتی و غازییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێ پێگه‌ی هه‌رێمه‌كه به‌رزتر بكاته‌وه و دواتریش ئه‌م كۆمپانیایانه لۆبی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌كه‌ن.
پێنجه‌م، ئاسایشی وزه به یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی بوونی وڵاتانی زلهێز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت، هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی به‌هۆی نه‌وته‌وه ئاسایشی خۆیان پاراستووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕوانگه‌یه ره‌ها نییه و كه‌مته‌رخه‌می وڵاته زلهێزه‌كان له دابینكردنی ئاسایشی وڵاته نه‌وتییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بینرێت، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی ئۆكراین و ڕووسیاوه، جارێكی تر نه‌وت و وزه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بره‌وی په‌یدا كردووه و ئێسته ئاسایشی وزه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به ئاسایشی وڵاته ڕۆژئاواییه‌كان داده‌نرێت. ئه‌مه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یش به كورد ده‌دات كه له ئه‌گه‌ری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ده‌توانێ وزه بۆ ئه‌و وڵاتانه دابین بكات و ئاسایشی خۆی به ئاسایشی وڵاتانی تره‌وه ببستێته‌وه.
شه‌شه‌م، له تیۆری ڕیالیزمدا به‌رژه‌وه‌ندی، مانه‌وه و به‌دواداچوون بۆ به‌رژه‌وندی نه‌ته‌وه‌یی، به كۆڵه‌كه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كان داده‌نرێت، بۆیه چیتر گوتاری به‌زه‌یی ناتوانێ سه‌رنجی سیستمی نیوده‌وڵه‌تی ڕابكێشێت. لێره‌وه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بێجگه له بابه‌تی ئابووری، ده‌توانرێت بۆ مانه‌وه و پارێزگاری له هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێت، چونكه كوردستان له ناوچه‌یه‌كدا هه‌ڵكه‌وتووه، ململانێ هه‌رێمی له ئه‌وپه‌ڕی خۆیدایه.
ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یش له ئارادایه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كردنیان له ته‌ك عێراقدا، به ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردوویشی داده‌نێن. پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو ئه‌وه‌یه كه له دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریدا، بێتوانان و به‌رده‌وام خۆیان به وڵاتێكی تره‌وه ده‌به‌ستنه‌وه.
لێره‌وه گرنگتر پێویستی وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا خۆی ده‌سه‌پێنێ، چونكه ئه‌م وڵاتانه‌ی وه‌ك عێراق، له بواری گه‌شه‌پێدانی مرۆییه‌وه لاوازن و نوقمی گه‌نده‌ڵین، ئه‌گه‌ر وڵاتێكی زلهێز یارمه‌تییان نه‌دا، لێك هه‌ڵدوه‌شێنه‌وه. قسه‌یه‌ك كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسان و په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دووپات ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه له ئه‌گه‌ری ڕاده‌ستكردن یان داگیركردنی كێڵگه نه‌وتییه‌كان، حكوومه‌تی عێراق مووچه بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كات، ئه‌م ڕوانگه و بیركردنه‌وه و گریمانه یاساییه‌یش، بۆ سیاسه‌ت له وڵاتێكدا كه به‌رده‌وام شوێنی ململانێی هێزه ناوچه‌ییه‌كانه و سیاسه‌تی په‌ره‌پێدان و سه‌پاندنی هێز تێیدا حوكم ده‌كات، هه‌ڵه‌یه.