کاتێک باسی ژن ده‌که‌ین، واته باسی بوونه‌وه‌رێکی تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین که له کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا ناسینی به‌رده‌وام سه‌رکوت کراوه و خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه، وه‌ک ده‌زانین ژن له کۆمه‌ڵگە ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا وه‌ک بڤه و تابۆ، واته سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕ (شه‌ڕ له هه‌مبه‌ر خێر)دا بینراوه. ئێمه کاتێک باس له ژن ده‌که‌ین به هه‌مان ئاست و به ئاڕاسته‌ی ترریش باسی پیاو ده‌که‌ین. واته کاتێک باس له دۆخ و پێگه‌ی ژن وه‌ک ئۆبژه و به‌کارهێنراو ده‌که‌ین، هاوكات باس له پێگه و دۆخی پیاو وه‌ک سووژه و به‌کارهێنه‌ر ده‌که‌ین.
هاوکێشه‌ی نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه له چه‌شنی هاوکێشه‌ی سه‌رده‌ست/ژێرده‌ست یان به گشتی ئه‌و هاوکێشانه نییه که لایه‌نێک تێیدا زاڵ و هاوکات سوودمه‌ند و چیژگره و لایه‌نێکیش تێیدا ژێرده‌سته و زووەسك، به‌ڵکوو هاوکێشه‌که ئاڵۆزییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه به قه‌ده‌ر ئاڵۆزیی گوناهی یه‌که‌م و تاوانباربوونی ژن وه‌ک بکه‌ری سه‌ره‌کی!
زۆر سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشه، کاتێک گێڕانه‌وه‌ی کتێبه پیرۆزه‌کان له‌باره‌ی ژیانی ئاده‌م و حه‌وا له عه‌ده‌ن وه‌ک خۆشترین شوێنی به‌هه‌شت ده‌خوێنینه‌وه، بکه‌ری سه‌ره‌کیی و هانده‌ری ئاده‌م بۆ خواردنی میوه حەرامەكە، حه‌وایه! لێره‌وە ئارکی تایپ و سه‌رچه‌شنێک بۆ ژن فۆرمەله و بیچمبه‌ند ده‌کرێت که ژن له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ شه‌ڕ، واته ئیبلیس، که له ماردا خۆی ده‌رخست، وه‌ک سووژه ده‌بینرێت و ئاده‌م وه‌ک ئۆبژه ده‌بینرێت.
ژن خه‌ڵه‌تێنه‌ره و پیاو خهڵه‌تێنراو، واته ژن سووژه‌ی شه‌ڕه، خۆی ئه‌م گوزاره گشتییه ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی سه‌تان ساڵه کردووه به باو که ژن له شته تاریک و ئیبلیسییه‌کاندا سووژه و بکه‌ره، بۆیه نابێت دەرفەتی سووژه‌گه‌رێتی و بکه‌ربوونی پێ بدرێت. ئه‌مه تا سه‌رده‌می پێش مۆدێرنە له ئه‌ورووپایش باو بوو، به‌ڵام پاش شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان له بواری زانست و مه‌عریفه و ته‌کنه‌لۆجیا و... دواتر په‌سندبوونی یاساكانی سەردەم، ژن له قاوغ و کڵێشه‌ی پێناسه نه‌ریتی و ئاینییه‌کان ده‌رهێنرا و به هه‌موو هێزییه‌وه هاته ناو کۆمه‌ڵگە.
ئه‌گه‌رچی شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ نه‌ستی هه‌زاران ساڵه‌ی مرۆڤی ده‌رکراو له عه‌ده‌ن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه ڕه‌شه‌ی بۆ ژن هه‌یه‌تی (ته‌نانه‌ت ژنانیش خۆیشیان هه‌یانه)، کارێکی زۆر سه‌خت و تاقه‌تپڕووکێن بوو، به‌ڵام وڵاتانی پێشکه‌وتوو تا ئاستێكی باش سه‌رکه‌وتن و تێڕوانینه هه‌ڵه پێشوه‌خته و پێشینییه‌کانیان ڕه‌خنه کرد و ژنیش له پێگه‌ی سووژه و بکه‌ری ڕه‌سه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ڕۆشنبیری و ته‌نانه‌ت عیرفانیش، پێگه‌ی خۆی ورده ورده دۆزییه‌وه و هێشتایش له پێشوه‌چوون و بره‌ودان به‌و کاروانه، به‌رده‌وامه.
هه‌رچی له وڵاتانی ڕۆهه‌ڵاتیشە، به‌هۆی زاڵبوونی ئاین و ڕوانگه نه‌ریتییه‌کانی له‌وانه باوکسالاری و پیاوسالاری و تابۆپه‌رستی و... هاوکێشه‌ی ژنان هێشتا له ململانێیه‌کی سه‌خت و خوێناویدایه و ئێمه مانگانه و ساڵانه ئاماری کوژرانیان له‌و وڵاتانه و له کۆمه‌ڵگەی خۆیشماندا ده‌بینین. ئه‌گه‌رچی له کولتووری خۆماندا حکوومه‌ت کارئاسانیی باشی کردووه بۆ ده‌رکه‌وتنی ژنان له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیریدا، به‌ڵام کێشه‌که هێنده قووڵه که حکوومه‌ت ته‌نیا له ئاستێک‌دا کاریگه‌ر و کاردانه‌ر ده‌بێت و ئاستی گرینگیی دیکه کارکردنه له‌سه‌ر خه‌یاڵی کولتووری و ئه‌و تێڕوانینه‌ی که به هه‌ست و نه‌ست سه‌تان ساڵه له ناخی خانه‌کانی مێشک و خوێنی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و بێگومان خۆیشماندا به گه‌ڕ خراوە و له گه‌ڕدایه.
ئه‌مانه ته‌نیا به‌شێکی کێشه‌که‌ن و له کێشه‌کانی تر پێوه‌ست به گۆڕینی دۆخ و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگە ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، بابه‌تی جیهانی سه‌رمایه‌دارانه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا و بازاڕ و هه‌روه‌ها میدیاکانه.
زێده‌بێژی ناکه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم له دنیای سه‌رمایه‌داریدا هه‌موو شتێک کاڵایه و میدیا جامخانه و مه‌کۆی پێشکه‌شکردن و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌کانه، بۆیه میدیا لێره‌دا ده‌که‌وێته خزمه‌ت بیرکردنه‌وه و جیهانبینییه‌کەوە که کرۆکی خۆی له‌سه‌ر کاڵابوون به‌گشتی و کاڵابوونی مرۆڤ به‌تایبه‌تی، بنیات ناوە.
کاتێک باس له سه‌رمایه‌داری ده‌که‌ین، مه‌رج نییه سه‌ر به ئایدۆلۆجیایه‌کی دژبه‌ری سه‌رمایه‌داری وه‌ک چه‌پ یان ئیسلام بین، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر وه‌ک مرۆڤیک پرسیار له بوونی خۆمان و غایه‌تی مرۆڤبوونمان بکه‌ین، پێمان ناخۆشه وه‌ک کاڵا و ماتریاڵێکی ناو بازاڕ ببینرێین و به‌کار بهێنرێین، ئه‌مه‌یه دۆخی ژن له کۆمه‌ڵگەکان به تایبه‌تی کۆمه‌ڵگە ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان كە وەها سه‌رمایه‌دارییه‌کیان به‌رهه‌م هێناوه و تێکه‌ڵی نه‌ریت و توندڕه‌ویشه و جۆرێک له فاشیزمی ئایدۆلۆجی واته توندڕۆییه‌ک که ئه‌نجام دژوازیی ناو ئایدۆلۆجیاکه (مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری و شه‌ره‌فپه‌ره‌ستی یان نه‌ریتپه‌ره‌ستیی پێشمۆدێرنه) به‌رهه‌م هێناوه که دۆخ و کیانی ژن ده‌خاته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌وه، بۆیه نه‌ک ته‌نیا له ڕزگاریی دووری ده‌خاته‌وه، به‌ڵکوو ده‌توانێت بیخاته ناو سه‌رابێکیش تا وه‌همی ڕزگاریی پێ بدات و ئه‌ویش له ڕاستیدا پێی وابێت وه‌هایه.
ده‌شێت بڵێین ژن، کۆمه‌ڵگە و په‌روه‌رده و نه‌ریت ده‌یکات به‌و ژنه‌ی خۆی پێناسه‌ی بۆ کردووه، نه‌ک ژن پێناسه‌ی بۆ کردبێت! ژن ده‌کرێت به کاڵا ئه‌گینا کاڵا نییه، مرۆڤ و بوونه‌وه‌رێک نییه که ته‌نیا له ئاستی جه‌سته‌دا فۆرمەله و به‌رجه‌سته ببێته‌وه و دنیای ده‌روون و فیکر و بیری نا‌دیدە بگیرێت.
به‌داخه‌وه پێوه‌ست به‌م باسه‌وه له سۆشیال میدیای کوردستاندا ساڵانێکه تاقمێک له کچ و ژن سه‌ریان هه‌ڵداوه و ده‌رکه‌وتوون که به دوو ئاڕاسته‌دا شوناسی خۆیان پێناسه ده‌که‌ن،
یه‌که‌م، ئه‌وانه‌ن كه به هه‌موو پاڵەپەستۆ و سه‌خڵه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌کی نه‌ریتی و پیاوسالار، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژن بن و ژنانه‌بوونی خۆیان له بواره جیاجیاکانی ناو کۆمه‌ڵگە وه‌ک توانا و هه‌ڵکه‌وتوویی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژن ده‌ربخه‌ن و ته‌نیا له ئاستی فۆرم و ڕواڵه‌تی جه‌سته‌دا خۆیان نه‌خنکاندووه.
دووه‌م، ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌یه که زیاتر ژن به جه‌سته‌وه زه‌ق ده‌کاته‌وه، یان ئه‌گه‌ر ته‌نیا جه‌سته‌یش نه‌بێت، ئه‌وا جه‌سته ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت له شوناسمه‌ندکردنی ژنانی ئێمه له‌م قۆناغه‌دا که بێگومان به‌شێکی هه‌مان ڕوانینی کاڵاته‌وه‌رانه‌ی جیهانی سه‌رمایه‌دارییه و له ڕێی پیاو و حه‌زه‌کانییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ جیهانی ژن و له‌م پرۆسه‌ی به‌کاڵابوونه‌دا، سه‌رمایه‌داری هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی پیاو و ژن یه‌کانگیر ده‌کات و ده‌یكات به ئامانج که به‌ده‌ستهێنانی بازاڕه به مانا گشتییه‌که‌ی.
بێگومان ده‌ربازبوون له‌م تونێله تاریکه پێویستی به مۆمی وشیاریی و تێگه‌یشتنی ژنان له پله‌ی یه‌که‌م و دواتر پیاوانه له دۆخ و پێگه و که‌رامه‌تی ژن وه‌ک مرۆڤ، نه‌ک ته‌نیا جه‌سته و پارچه گۆشتێک که ئه‌وان خه‌یاڵی خۆیانی پێ هه‌سان بده‌ن.