له‌باره‌ی ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له كایه جۆراوجۆره‌كاندا ،زۆر ڕێسراوه و زۆر گوتراوه، هێشتا ئێمه ڕێیه‌كی زۆرمان له به‌رده‌مه تا ژن بگات به‌و ئاسته له پێگه و جێی خۆی كه وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رانبه‌ری له ماف و ئه‌ركدا، هاوسان بێت و ڕۆڵی دانسقه و جیاوازی خۆی له بنیاتنانی كولتوور و شارستانیی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی بگێڕێت.
دیاره من هیچ كات وه‌ك ژنێك به‌رگریم له یه‌كسانی ژن و پیاو نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌میشه داكۆكیم له هاوسانیی ژن و پیاو له ماف‌دا كردووه و هه‌ڵبه‌ت له ئه‌ركیشدا، پێداگریشم سه‌ره‌تا له‌سه‌ر مافه، چونكه ئێمه تا خاوه‌ن ماف نه‌بین و له كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر و زه‌وینه‌ی شیاو بۆ چالاكی و هه‌ناسه‌كێشان و ژیان به‌هره‌مه‌ند نه‌بین، به‌پێی لۆجیك هیچ ئه‌ركێكیشمان بۆ پێناسه ناكرێت و به‌سه‌رماندا فه‌رز ناكرێت.
به‌ر له‌وه بێمه سه‌ر باسه‌كه‌م، با ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م له درێژه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌تی یه‌كسانی و هاوسانیدا، بۆیه من و زۆر كه‌س له چالاكانی بواری مافه‌كانی ژنان ئه‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه له یه‌كتر جودا ده‌كه‌نه‌وه، چونكه هیچ كات ڕه‌گه‌زی ژن و پیاو به‌پێی پێكهاته‌ی له‌ش و مێشك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تییان یه‌كسان نین و ناشبن و هه‌ر یه‌كسانكردن و باسكردن له یه‌كسانكردنیان، هه‌ڵه‌یه‌كی زانستی و لۆجیكییه، به‌ڵام هاوسانیی بابه‌تێكی تره و پێوه‌سته به ماف و یاسا و هاوكێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌كانه‌وه، ده‌شێت ئێمه له ئاسۆی ئه‌م خۆری دره‌وشاوه‌یه بڕوانین و ڕێگای ئه‌م ئاسۆیه بگرینه به‌ر.
هه‌موو ساڵێك ژنانی كورد له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات (دیاره زیاتر له باشووری كوردستان، چونكه ئێمه له باشوور ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانیی كوردیمان هه‌یه)، ئاڵنگاری و كێشه و نه‌هامه‌تییه‌كانیان ده‌گێڕنه‌وه، بێگومان هه‌رجاره و له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی توێی برینێك ده‌گیرسێینه‌وه، هه‌رجاره و ڕمی كوشنده‌ی پیاوسالاری و سوڵته‌گه‌رایی پیاوان و نێرته‌وه‌ریی ده‌بینینه‌وه كه ده‌چه‌قێت به ڕۆح و جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئێسته‌ش له ڕۆژهه‌ڵات و له باشوور له ئاستی جیاواز، هه‌م دیارده‌ی فره‌ژنی ده‌بینین (به‌تایبه‌تی له باشوور و له‌م ڕووه‌وه ڕۆژهه‌ڵات دۆخی باشتره و ئه‌مه یه‌كێك له خاڵه جیاوازه‌كانی نێوان ژنانی كورد له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات دایه!)، هه‌م كوشتن به‌هۆی شه‌ره‌ف و نامووس و...ه‌وه.
به‌ڵام خاڵی هه‌ره گرنگ كه ده‌بێت له سه‌ری بوه‌ستین، وشیاری و هه‌ستیاربوونی ژنانه له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆیان و هه‌وڵدانیانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواكاری و داخوازییه‌كانیان. بۆ ئه‌م بابه‌ته من شۆڕشی ژینا یان "ژن، ژن، ئازادی" به پێوه‌رێكی گرنگ و سه‌نگی مه‌حه‌ك ده‌زانم. نابێت قورسایی و گرنگیی شۆڕشی ژینا له‌سه‌ر تێكدانی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئایدۆلۆجیكیی له ئێران و لێدان له گوتاری پیرۆزته‌وه‌ری پیاوسالاریی له كۆی ناوچه‌كه نه‌بینین، ئه‌گه‌رچی ڕاسته‌قینه‌كانی شۆڕشی ژینا به‌هۆی میدیاكان و تریبۆنه‌كانی مه‌لا سه‌له‌فییه‌كانی باشوور و ئیسلامی سیاسیی هه‌م هه‌وڵی شێواندنی درا و هه‌میش شارایه‌وه، به‌ڵام دواجار كڵپه‌ی ئه‌م ئاگره نه‌ورۆزئاسا به‌شی زۆری دنیای تاریكی داگیرساند.
هه‌موومان ئه‌م ڕاستییه ده‌زانین كه سفووربوون له باشووری كوردستاندا مێژوویه‌كی زۆر دوور و درێژی هه‌یه، ئه‌گه‌ر وێنه‌كانی 60 بۆ 70 ساڵی پێش ئێسته‌ی شاری سلێمانی و هه‌ولێر ببینین، به‌ڕوونی و ڕاشكاوی ده‌بینین كه باڵاپۆشیی ژنان له ئارادا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه كه‌سایه‌تیی ژن و پێگه‌یه‌تی نه‌ك جه‌سته و زوڵف و كه‌زییه‌كانی! واته به درێژه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه، پیاوسالاریی به ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ گوتاری ئیسلامی سیاسی، هه‌م خۆی به‌هێز و شه‌ڕانی كردووه‌ته‌وه و هه‌میش گوتاری چه‌واشه‌كارانه‌ی زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئێمه ته‌نانه‌ت وێنه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و ژنانی گوندیی ئه‌و سه‌رده‌مه كه به كامێرای بیانییه‌كان گیراوه ده‌بینین كه ژنان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و سروشتی، هه‌م ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هه‌م هاوكاریی شۆڕشیش ده‌كه‌ن، هه‌میش سه‌رپۆشیان نییه و هیچ غه‌زه‌بێكی ئیلاهیش دانه‌باریوه.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌لاله‌ت له‌و ڕاستییه ده‌كه‌ن كه كولتووری پیاوسالاری به‌هۆی ئاودرانی به چه‌مك و ماناكانی شه‌ره‌ف و نامووس و گوناهباربوونی ژن و... نه‌یویستووه ژنان بێنه ناو كایه‌یه‌كه‌وه. ژنانێك كه ده‌توانن ڕۆڵێكی بنه‌مایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه له دروستكردن و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه و دنیایه‌كی نوێی تێدا بگێڕن. ئه‌گه‌ر پیاوانی ئێمه وه‌ك نه‌ریتی پیاوسالارانه، پێشه‌نگی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی بوون له مێژووی ئێمه‌دا (به نیسبه‌ت ژنانه‌وه)، ئه‌وا ژنان ڕاهێنه‌ر و په‌روه‌رده‌كاری هه‌مان ئه‌و پێشمه‌رگانه بوون كه له به‌ره‌ی پێشه‌وه جه‌نگه‌كه بوون، ئێسته‌ش هه‌مان هاوكێشه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ژنانی ئێمه ئه‌و وشیارییه جێنده‌ری و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه‌یان هه‌بێت، بێگومان نه‌ك ته‌نیا قورسایی نه‌رێنی پیاوسالاریی هاوسه‌نگ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو ڕۆڵێكی زێڕین له پێشخستی په‌روه‌رده و بارهێنانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گێڕن.
به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو هاوكێشه‌كه نییه، فاكته‌رێكی زۆر گرنگ و كاریگه‌ری تر كه بووه‌ته هۆی گۆڕینی بنه‌مایی پێكهاته‌ی په‌روه‌رده و ڕاهێنانی به‌ره‌ی نوێ، بابه‌تی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاراسته‌كار و كاریگه‌ریی ژیانی ورد و درشتی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. ئێسته كارێكی ئاسان نییه وه‌ك ئه‌و مێژووه‌ی كۆن كه هه‌موو زانیاری و ئامۆژگارییه‌كان له ڕێی دایك و باوك و كۆی پێكهاتی بنه‌ماڵه بۆ منداڵ بخرێته ڕوو، به‌ڵكو میدیا به‌گشتی ڕۆڵێكی زۆر كاریگه‌رتر و قووڵتری هه‌یه.
یه‌كێك له شاڕێیه‌كانی كاریگه‌ری دانانی میدیاكان زنجیره دراماكانه كه به‌تایبه‌تی بۆ نه‌وه‌ی ئێسته، زۆر سه‌رنجڕاكێشه و كاتێكی زۆری بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی ئه‌م درامایانه‌ش یان ئێرانین یان توركین، ته‌نانه‌ت كه‌متریش عه‌ره‌بین! ئه‌مه خۆی نه‌ك ته‌نیا له ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له درێژماوه‌دا زیانی زۆر به كۆمه‌ڵگه و نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵی دایكان و باوكان بۆ په‌روه‌رده‌كردنێكی ته‌ندروست و ژیرانه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ده‌كات، بۆیه له‌م ڕووه‌وه چالاكتركردنی شێڵته‌ره سه‌ربه‌خۆكانی بواری په‌روه‌رده و گرتنه‌به‌ری ستراتیجێكی نیشتمانی و هاوكات زانستی، ده‌توانێت ئێمه لانیكه‌م ئاماده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشانه بكات.