له كاتێكدا ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه و هاوكات وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ له ئاریشه و قه‌یرانی جۆراوجۆر و نه‌خوازراو، پێویستیمان به وشیاری و هه‌وڵی زیاتری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كولتووری و ڕۆشنبیریی هه‌یه، ناو به ناو هه‌ندێ ڕووداوی نابه‌رهه‌مهێن و بێسوود، وزه و سه‌رنجی كۆمه‌ڵێكی زۆر له خه‌ڵك ده‌دزن و به‌داخیشه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێ په‌یج و میدیاوه په‌ره‌ی پێ ده‌درێت. ئێسته ڕه‌نگه یه‌كێك له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی كه ده‌بێت ئێمه وه‌ك تاك و هاووڵاتی هه‌م له ئاستی كۆمه‌ڵگه و هه‌م له ئاستی شوناسدا له خۆمانی بپرسین، ئه‌مه‌یه "له‌م قۆناغه‌دا من چیم له ده‌ست دێت بۆ كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كه‌می بكه‌م؟".
دیاره ئه‌م پرسیاره به‌و مانایه نییه ئێمه له پێداویستی و ئاره‌زووی تاكه‌كه‌سی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانمان ده‌ست ده‌شۆین و وازیان لێ دێنین، ئه‌گه‌ر وابێت، ئه‌وا ئه‌و پرسیاره ته‌نیا وه‌ك دروشمێكی سواو و ته‌نانه‌ت بێ بریقه‌ش وه‌رناگیرێت، خۆشه‌ویستیی خود ئه‌وه بابه‌ت و خواستێكی ده‌روونیی قووڵی هه‌موو مرۆڤه‌كانه كه له سه‌رووی هه‌موو شته‌وه‌یه، هه‌ڵبه‌ت و بێگومان به‌پێوه‌ر و پێناسه‌ی ئه‌خلاقی و ڕه‌وشدارانه‌ی هه‌ر كه‌سێكیش، دیاره من له سه‌روو و له پاش ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌م خستووه‌ته ڕوو. پرسیاری ئاوایش له بنه‌ڕه‌تدا گریمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین، قه‌یران و ئاریشه‌ی جۆراوجۆری تێدایه، هه‌بوونی ئه‌م قه‌یران و ئاریشانه به‌ر له هه‌ر شتێك، ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی-مێژوویی دروست ده‌كات.
مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م جۆره ئه‌ركانه، ته‌نیا كائینێكی مه‌سره‌فكار و به‌كارهێنراوه، له دواجاردا بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت تاڵ بێت یان شیرین، ده‌پووكێته‌وه و ئه‌مه هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه هه‌ندێك له بیرمه‌ندان پێی ده‌ڵێن "له مرۆڤخستن" یا "له مرۆڤكه‌وتن". واته دۆخێك كه تێیدا مرۆڤ به هۆكاری جۆراوجۆر، له ئه‌ركه ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وی و ئینسانییه‌كانی داده‌ته‌كێت و واز ده‌هێنێت. وازهێنان لێره و له هه‌ر ئاستێكی مانایی و ده‌لاله‌تێكدا هاوتای مه‌رگه، وازنه‌هێنان به‌هه‌ر شێوازێك بێت هه‌وڵ و زیندووبوونه، ته‌نانه‌ت به تووڕه‌یی نواندنێك بووبێت یان هاوار و نه‌عره‌ته‌وه یان چالاكیی مه‌ده‌نییانه، یاخۆ ده‌ركه‌وتنێكی خه‌مخۆرانه‌ی ئاسایی ڕۆژانه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا.
له ئه‌نجامی دروستبوونی هاوسه‌نگییه‌كی لۆجیكی و ئاوه‌زمه‌ندانه له نێوان خواسته تایبه‌تییه زاتییه‌كان و ئه‌ركه ئه‌خلاقییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مرۆڤیك دروست ده‌بێت كه چاوی له ئاسۆیه، له‌م دوورانه‌ی سه‌رما و سۆڵه‌وه، چاوی له هه‌ڵاتنی خۆری تینبه‌خشی ڕۆژ و دیسان له‌م تینه‌ی گه‌رمای تاقه‌تپرووكێندا، چاوی له داكه‌وتنی خۆری وه‌ڕه‌زكه‌ری ڕۆژگاره گه‌رمه سه‌خته‌كانه. ئه‌م گوزارشته میتافۆڕی و ئیدیۆمییانه هێنده‌ی ئاماژه و گوزارشته بۆ دۆخی ئێمه چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك كۆمه‌ڵگه له كوردستان، ئاماژه نییه بۆ كۆمه‌ڵگه و پێكهاته سیاسی و كولتوورییه‌كانی تر.
به‌و هه‌موو ئه‌م ئازار و ته‌نگ پێهه‌ڵچنراوییانه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، زۆر كه‌س و كه‌سایه‌تی له گۆشه و قوژبنی ئه‌م وڵاته و له په‌نا و په‌سێوی ناو ڕێكخراو و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كان، هه‌موو هه‌وڵیان له‌وپه‌ڕی ماندوویی و داهێزراویدا ئه‌وه‌یه، پووشێك بخه‌نه سه‌ر خه‌رمانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه و وشیاركردنه‌ی تاك و كۆمه‌ڵ، ته‌نانه‌ت ورده تیشكێك بگرنه تاریكستانی خه‌مۆكیی هاوڕێ یان دراوسێكه‌یان، واته به ئاراسته‌ی جۆرێك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئینسانی و نیشتمانی به‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه كه "ئه‌ركی ئێمه له هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا چییه؟" ده‌جووڵێنه‌وه. ڕووداوه‌كانی ناو واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و هاوكات تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كوردی، قه‌ڵشت و دابڕاوییه‌كی وایان له نێواندایه كه به هیچ موتوربه و پێوه‌نكردنێك، به ئاسانی پێكه‌وه هه‌ڵناپێكرێن، لێكۆڵینه‌وه‌كانی بواری میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ریانخستووه، ئه‌وانه‌ی وا زۆرترین وێنه و ڤیدیۆی شادی و خۆشی به‌شێوه‌ی په‌یتاپه‌یتا و یه‌ك له دوای یه‌ك له تۆڕه‌كانی خۆیان داده‌نێن، زۆرترین فشار و كێشه‌یان له ژیانی خۆیاندا هه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه هه‌وڵدان بۆ خۆده‌رخستن و بوونه باسوخواسی میدیاكان، گه‌وره‌ترین ئاره‌زوو و هه‌وڵی هه‌ندێك له‌و كه‌سانه بووه كه جۆرێك په‌راوێزخستنیان له ژیانیاندا به‌سه‌ردا سه‌پاوه، یان جۆرێك له ئاره‌زووی نالۆجیكی بۆ خۆنواندن به هۆی ژینگه‌ی منداڵییانه‌وه شه‌پۆل ده‌دا و ئه‌مه واده‌كات، چاو و مێشكی به‌شێكی زۆر له منداڵ و مه‌زنی ئه‌م وڵاته بكه‌وێته سه‌ر، نمایش و نواندنه‌كانی ئه‌وان به‌بێ ئه‌وه به ئاستی سووسه و گه‌ردیله‌یه‌ك، سوودی له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌بێت، نه‌ك ئه‌وه، به‌ڵكو گه‌وره‌ترین زیانیش به‌ر وزه و تاقه‌ت و توانایی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌خات و له كه‌شێكی ئاودا زیاتر تووڕه و ده‌هرییان ده‌كات.
نموونه‌ی ئه‌و كوڕ و خاتوونه گه‌نجه‌ی كه له‌م ڕۆژانه‌دا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ناوی بیزنیس و كاری نیمچه مۆدێلینگ! ڤیدیۆیان بڵاو كرده‌وه، نموونه‌یه‌كی دیار و زه‌قی ئه‌م كاتكوشتن و وزه‌خه‌ساردانه‌یه كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه كوردییه‌كان و به‌شێك له كه‌ناڵه‌كان كه حه‌زیان له ده‌ركه‌وتنی خانمان و كوڕانی جوانكیله و مۆدێلئاسا هه‌یه، په‌ره‌یان پێ دا. ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م كایه میدیایی و كاتكوشتنه، زۆرترن له‌وه‌ی كه من لێره بپه‌رژێمه سه‌ری، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژ پێشه‌وه تا ئێسته، باس باسی ئه‌وه‌یه ئه‌م كوڕ و كچه كه خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشن، هاوسه‌ری یه‌كترن یان نا؟ ئێسته ده‌ركه‌وتووه ته‌نیا بۆ بیزنیسێك ئیشیان كردووه و ته‌واو، هه‌موو ئه‌مانه ئاساییه و مافی خۆیانه، به‌ڵام تۆ كه ناتوانی به‌رگه‌ی شكاندنی ئه‌و تابۆیانه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاینی و نه‌ریتیدا بگری، بۆچی خۆت و كۆمه‌ڵگه تووشی سه‌رئێشه ده‌كه‌یت و ئێسته‌ش شاشه‌ی هه‌ندێ میدیات داگیر كردووه و پاكانه‌ی خۆت ده‌كه‌ی.
ئێسته ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌تا، ده‌بێت بڵێم هه‌ر كام له ئێمه زۆر ئاساییه چۆن بژین و هه‌ڵبژاردنه‌كانمان چی بن له ژیانی تایبه‌تی خۆماندا، به‌ڵام ئاسایی نییه كات و وزه و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌لاڕێدا ببه‌ین و سه‌رئێشه بۆ تاك و كۆمه‌ڵ دروست بكه‌ین، به كورتییه‌كه‌ی وه‌ك له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقدا ده‌ڵێن: ئێمه كه ناتوانین خێرمان بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌بێت، باشترین ڕێ ئه‌وه‌یه تووشی شه‌ڕیان نه‌كه‌ین و شه‌ڕیان بۆ نه‌سازێنین.