سه‌ربورده‌ی نوسین و بیرکردنه‌وه له دونیا ئیـمه‌ی کورددا به قه‌ده‌ر شۆڕش و خه‌بات و شکست و نسکۆکانمان ئاڵۆزی و خه‌م و شادی تێدایه. به‌شێکی زۆر له نوسه‌ران و شاعیرانی ئێمه پێشمه‌رگه بوون و ئه‌زموونی شاخ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاوله‌چاو بڕینی ئه‌ویدییه‌کی بکوژ و به‌عس و داگیرکه‌ریان هه‌بوو، ڕه‌نگه ئه‌مه شتێکی قبووڵکراو بێت که هه‌ر جۆره پێویستییه‌کی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تیی نوسین و بیرکردنه‌وه، خه‌ڵوت و ئارامی و هه‌ست به متمانه‌کردن له ناو ئه‌و ژینگه‌یه‌دا بێت که تێیدا هه‌ناسه ده‌کێشێت و خزم و دۆست و یار و نه‌یار و خۆشه‌ویستانی له‌وێن.
به‌ڵام ئه‌مه ڕه‌نگه بۆ مرۆڤ و سووژه و نوسه‌ری کورد که‌ش و دۆخێکی ئادیال و خه‌ونئامێز بێت ئه‌گه‌رچی ڕاستی و ئاتاجێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر و لێبڕاوه‌ی هه‌ر نوسه‌ر و بیرمه‌ندێکه! وێنه‌ی ئه‌و ته‌خته‌ڕه‌ش و منداڵ و مامۆستایانه‌ی که له سه‌ر لووتکه‌کان و ناو گردۆڵکه‌کان وانه‌یان ده‌گواسته‌وه له ئانوساتی شۆڕشی ئه‌یلوولدا له یاده‌وه‌ریماندا ناڕه‌وێته‌وه یان ماندووبوون و زه‌حمه‌تی خه‌باتگێڕانی ڕۆشنبیری سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود که ڕۆژنامه‌ی "بانگی حه‌ق"یان له ئه‌شکه‌وتی جاسه‌نه بڵاو ده‌کرده‌وه، یان برایانی موکریانی؛ حوزنی و گیوی که له ڕێگه‌ی قاترهکهیانهوه له حه‌له‌ب ماشینێکی چاپ دێننه‌وه ڕه‌واندز و گۆڤاری "زاری کورمانجی"یان چاپ کرد.
ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی دیکه ده‌رخه‌ری "دۆخ" و که‌شێکی دانسقه و "ئاوارته"ن له ژیان و ئه‌زموونی ژیانی مرۆڤ کورد، ئه‌م شێوه ئه‌زموونه به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌توانێت ڕێگربێت له به‌رده‌م بیرکردنه‌وه، له تێڕامان و نوسین و خه‌ونی گه‌وره گه‌وره به‌ڵام له ژێر ته‌قه‌ی فیشه‌ک و بۆردومان و ڕاوه‌دوونان و ئه‌نفال و گواستنه‌وه‌ی بنکه و باره‌گا و ده‌یان و سه‌دان هه‌ڕه‌شه‌ی دیکه نوسین و تێڕامانی کوردی له ئاسته ساده و مامناوه‌ندی و باڵاکهیهدا هه‌وڵی خۆی دا و قه‌ڵه‌می به هاوته‌ریبی چه‌ک و لووله‌ی به‌رگری و مانه‌وه دانا، له دۆخێکی ئاوارته‌دا که قه‌ڵه‌م جگه له هه‌ڵگرتن و گێڕانه‌وه‌ی خوێنی بێتاوانان و بێگوناهی و قهتیسکرانی له سووچی زیندانی به‌عس و داگیرکه‌ر و هاونهوابوون له‌گه‌ڵ ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وت و دۆڵ و چیا و شاخه‌کان هیچی دیکه‌ی لێ ههڵنهدخێزرا! ئه‌مه زه‌مینه‌ی گه‌شه و بارهاتنی به‌شێکی زۆر له نوسه‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ئێمه بوو، دۆخێکی ئاوارته و دانسقه که تۆ له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خۆشه‌ویستیت بۆ قسه و قه‌ڵه‌م و نوسین هه‌بوو، ده‌بوو باوه‌ڕێکی قووڵ و مهزنیشت به چه‌ک و فیشه‌ک و مه‌تاره‌ی ئاو و توێشهبهرهکهت ههبایات! ئه‌م زه‌مینه‌یه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌کوو که‌شێکی زه‌ینی و سایکۆلۆژی له هه‌ناوی گوتاری کوردایه‌تی و ناسیۆنالیزمدا گوازرایه‌وه بۆ نوسه‌ران و بیرمه‌ندانی ئێمه له دوای ڕاپه‌ڕینیشدا چ ئه‌وانه‌ی پێش ڕاپه‌ڕینیان دیبوو و چ ئه‌وانه‌ش پاش ڕاپه‌ڕین له‌دایکبووبوون، ڕه‌نگه خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره ڕاست و ڕه‌وا بێت که ئایا نوسه‌ری کورد خه‌ونی ئه‌وه نه‌بووه که تۆزێک دوور بێت له‌م هه‌موو شه‌ڕوشۆڕ و ئه‌نفال و کیمیاباران و ڕه‌و و ته‌قه‌تفه‌نگه؟ یان وه‌کوو شاعیری ناوداری کورد؛ عه‌بدوڵا په‌شێو ده‌ڵێت ئایا نوسه‌ری کورد حه‌زی نه‌ده‌کرد له په‌نای بورجی ئیڤڵ له‌دایک بایا تاکوو شیعری عاشقانه‌ی بنوسیبا؟ ئه‌مانه ده‌لاله‌تن له خواست و ئاره‌زووی نوسه‌ر بۆ شوێنێکی هێمن و خه‌ڵوه‌تێکی تێڕامان، به‌ڵام هه‌رگیزیش مه‌به‌ست ئه‌وه نییه به نه‌بوونی ئه‌و مۆدێله لهوخهڵوهته ئایدیال و خه‌ونئامێزه که بۆ زۆرێک له نووسه‌رانی دانیشتووی شاره گه‌وره و دیاره که‌لتووری و ڕۆشنبیرییه‌کانی ئه‌ورووپا دروست بوو، پێوه‌ر و پێودانگ بێت، به‌ڵکوو مه‌به‌ست داڵغه‌ی ئینسانه بۆ بێده‌نگی، بۆ ئاشتی و هێمنییه‌ک که چه‌مکی ژیانی تێدا له‌دایک بێت، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ئاوه‌ها دۆخ و خانه‌یه‌ک بۆ زه‌ین و ڕۆحی نوسه‌ران و شاعیرانی ئێمه، به‌رهه‌مهێنان و داهێنانی وشه و ڕسته و بیر و ئه‌ندێشه له ئاستی خۆیدا به‌رده‌وام بووه ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی زۆری نوسین و وشه‌ی ئێمه له خانه و تۆپۆسی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تی شیعردا خۆی به‌دیار خستووه، و هه‌روه‌ها به‌شێکی زۆر یان باشتره بڵێم زۆرینه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه ده‌چێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی "به‌رگری"یه‌وه، ئه‌ده‌بێک که سه‌ره‌ڕای پێویستبوونی له قۆناغه دیاریکراوه‌کانی شۆڕش و بوونی کورددا، ئاماژه‌یه‌کی مه‌زنیشه بۆ شێوه‌یه‌ک له ژیان له دونیادا که هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی وجوودی ده‌بێت و لایه‌نی ڕه‌مزی و سیمبولیک په‌یدا ده‌کات، پرسی به‌عس و سه‌دام له بابه‌تێکی ئۆبژه‌کتیڤ و به‌رهه‌ست تێده‌په‌ڕێت و ده‌بێت به چه‌مکی شه‌ڕ و تاریکی، دیکتاتۆرییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی توتالیتار و... جوگرافیای داگیرکراو هاوکات ده‌بێت به مۆته‌که و خه‌ونێکی مه‌زن بۆ دروستکردنی به‌هه‌شتێکی خه‌ونئامێز له وشه و ڕسته یان وه‌کوو ده‌ڵێن نیشتیمانێکی زمانی، هه‌موو ئه‌مانه ده‌رخه‌ری په‌یوه‌ندیی دۆخ و نوسین و بیرکردنه‌وه‌ن، شتێک که لێره‌دا ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین ئه‌وه‌یه که له هه‌ر نه‌وه‌یه‌کدا به شێوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وتن و پزیسکی هه‌یه، بۆ به‌ره‌ی دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی ئه‌نفال ڕوویه‌کی ڕاسته‌وخۆ و به‌رهه‌ست و بینراوی نه‌بووه، واته ئاوه‌ها نه‌بوو که زیل و سه‌ربازی به‌عس و جاش و جه‌یش و هه‌ڵاتن و شاردنه‌وه و ته‌رم و ئێسک و پرووسک و...ئه‌زموون بکات به‌ڵام هه‌موو ئه‌م نیشانانه وه‌کوو وانوێنراو و جۆره یادکردنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌مزی و زمانی له ئاستی وشه و وێنه‌دا ده‌هاتنه‌وه و به جۆرێکی دیکه مێژووی شاخ و شۆڕش و شکست و شکۆیان ده‌دایه‌وه به گوێ و زه‌ینی نوسه‌ر و سووژه‌ی ماڵ به‌کۆڵ و په‌شێوی ئێمه‌دا! بۆیه مێژوو هه‌میشه به کۆڵی زه‌ین و هه‌ست و نه‌ستی ئێمه ده‌مێنێته‌وه تا کاتێک که هێنده ئیراده‌ی ڕه‌خنه‌گرتن و گۆڕانمان هه‌بێت که ئیتر وه‌کوو ئاسه‌وارێک له قووڵاییه‌کانی زه‌مه‌ن و بۆ یادکردنه‌وه و بینینه‌وه‌ی پرۆسه‌ی شکڵگیری و دروستبوونی شوناسمان چاو له‌و مێژووه ببڕین.
دۆخی نوسین و بیرکردنه‌وه ئاوه‌ها زه‌مینه و به‌ستێنێکی بزۆر و له‌جووڵه‌ی هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئێمه چ له پێش هه‌شتاکاندا عه‌قڵی ئه‌وه‌مان هه‌بووبێت که دونیای کورد چ جۆره مه‌رگێکی ڕووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه یان پاش نه‌وده‌کان که گێڕانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی هه‌شتاکان به شکڵ و شێوازێکی دیکه ده‌بینین و ده‌بیستینه‌وه هێشتا له دۆخی ئاوارته و شۆڕشگێڕانه‌داین، ڕه‌نگه ئه‌مه ئه‌و دۆخه بێت که هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێیدا نهژیوه و ناژی و له قه‌واره‌یه‌کی وجوودی و فه‌لسه‌فی و له ئاستی به‌رهه‌مهێنانی وشه و ڕسته و داهێناندا به‌رده‌وام نه‌چێته‌وه سه‌ری، ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره به ڕه‌وا بزانین که ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌قێک به تێمای کاره‌سات و ئه‌نفال به‌رهه‌م بهێنێت ئه‌مه ته‌عبیره له‌وه‌ی که دۆخی ئه‌نفالکردن یان فۆبیای ئه‌نفالبوون به‌رده‌وامه؟ یان نا مێژووی کاره‌سات له زاکیره و یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا هه‌ر به‌ره‌یه‌ک به شێوه‌یه‌ک خۆی مانیفێست ده‌کاته‌وه و ده‌رده‌که‌وێته‌وه؟ ڕه‌نگه وه‌کوو عیرفان مسته‌فا ده‌ڵێت به شێویه‌ک له شێوه‌کان و به مانایه‌ک ئه‌مه جۆرێک"نێوانگیریی" بێت که دۆخه‌که به سه‌ر کورددا سه‌پاندوویه‌تی و به‌رده‌وام له ئاستی ده‌قدا دووباره‌ی ده‌کاته‌وه، واته له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا کورد نه ناسیونالیستێکی ته‌واوه نه چه‌پێکی ته‌واوه، نه لیبراڵێکی ته‌واوه و نه ئاییندارێکی ته‌واوه! و هتد، ڕه‌نگه ئه‌م چه‌مکه جۆرێک ته‌عبیری بێلایه‌ن بنوێنێت بۆ ئه‌و دۆخه‌ی کورد تێیدا ده‌گێڕێته‌وه و ده‌هزرێت و ده‌نوسێت به‌ڵام له بنه‌مادا دۆخێکه -لانیکه‌م له ڕوانگه‌ی به‌شێکی زۆر له ڕێبازه ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌کان و ئه‌زموونی نوسه‌رانی دیار و سه‌رکه‌وتووی جیهان- که داهێنان و بریسکانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و فیکری تێیدا به‌رهه‌م دێت واته نیوانگیریی جۆره بزۆزی و سهیالییهتێک بدات به گێڕانه‌وه و نوسین به‌ڵام له ئاستی واقیع و جیهانی به‌رهه‌ست و سیاسی و ژیانه‌کی ئێمه‌دا دۆخێکی هه‌ڵپه‌سێردراوانه و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه و ده‌بێت به ئه‌ندازیاریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه! ئه‌م دۆخه نێوانگیرییه ڕه‌نگه زۆرێک له نوسه‌ران و شاعیران و ته‌نانه‌ت گۆرانیبێژانی ئێمه‌ی خستبێته به‌رده‌م داوه‌ریکردن و قهزاوتکرنێک که به هۆیه‌وه ته‌نها چرکه‌ساتێکی ئاسایی له هه‌نووکه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییه بینرێت، کۆچی ناواده‌ی مامۆستا به‌کر حه‌سه‌ن که یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا سه‌رقاڵی بیرکردنه‌وه و تێڕامان له فه‌لسه‌فه و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و خێڵ بووه، ده‌شێت له ئاوه‌ها کۆنتێکست و زه‌مینه‌یه‌کدا له‌سه‌ری بوه‌ستین.
ئه‌بووبه‌کر حه‌سه‌نی که‌لاری، هه‌ڵگری خه‌مێکی گه‌وره‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان بوو، له هه‌ولێر ده‌ژیا و عاشقی سلێمانی بوو، له سلێمانی ده‌ژیا و خۆشه‌ویستیی بۆ هه‌ولێر ده‌رده‌بڕی، به‌کر یه‌کێک بوو له‌و که‌سایه‌تییانه‌ی باشوور که پرسی کوردی ته‌نها له قه‌واره‌ی عێراق! و باشووری کوردستان نه‌ده‌بینی و به ده‌م کێشه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه ده‌هات و به ته‌نگیانه‌وه بوو، هاوکاریی له‌گه‌ڵ گۆڤار و بڵاڤۆکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نموونه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یه و هه‌ڵوێسته‌کانی له‌سه‌ر گیران و لێدان و کوشتنه‌کانی کۆماری ئیسلامیی له‌سه‌ر کوردیش هه‌روه‌ها. جیاوازییه‌کی دیاری کاک به‌کر به پێچه‌وانه‌ی فه‌زای زاڵی نوسه‌رانی باشوور کرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌کی گه‌وره له په‌یوه‌ندی به ڕووی هه‌ر که‌سێکدا بوو که ڕێزێکی بۆ وشه هه‌بوو و ئه‌مه له هه‌ڵسوکه‌وتیدا له دونیای مه‌جازی و فه‌یسبوکدا به ڕوونی دیار بووه، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر کاک به‌کر له‌و دۆخه دانسقه و ئاوارتهیهدا نه‌بایات، ده‌نگێکی گه‌وره‌تر و دلێرتری له ئاستی ناوچه‌که‌دا هه‌بایه و ته‌نها ئه‌وه نه‌بایه له ناو کوردا بیناسن و ئه‌و به‌شه‌یش که ده‌یناسن وه‌کوو هه‌میشه گاڵته به به‌شێک له کرده‌وه و بیروڕاکانی مرۆڤ بکه‌ن و ناویشی لێ بنێن ڕه‌خنه! ئه‌مه باسکردنی دۆخه نه‌ک یاخیبوون له کورد و ژیانکردن و ئه‌زموونه‌کانی! به‌کر وه‌کوو بیرمه‌ند و نوسه‌رێک که به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌کرد و ئه‌مه‌ش ئه‌رکێک بوو که له کتێبه‌کانیدا به تۆخی ڕه‌نگی دابوویه‌وه.
کتێبه‌کانی ئه‌م بیرمه‌نده بریتین له "ڕه‌خنه له عه‌قڵی سیاسیی کورد(خه‌یاڵدان و قه‌ڵه‌مڕه‌وی خێڵ)"، "ژیل دولوز(له دوو به‌رگدا)"، "میشیل فوکو(ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌نگاری)"، "بیرکردنه‌وه له‌گه‌ڵ نیتشه: به‌ڵی بۆ ژیان"، پرۆژه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌نفال مابوو و من هیوایه‌کی زۆرم به تێڕوانین و تێگه‌یشتنه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌نفال و هه‌ڵکۆڵینی زیاتری و ئاڕاسته‌کردنی به‌ره‌و شوناسێکی گشتیگیر و نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌بوو، ئه‌و خه‌ڵکی خۆشده‌ویست به‌ڵام لێشیان تووڕه بوو، هاوڕات نه‌بوو به‌ڵام ڕقیشی لێت نه‌بوو، ئانفرێندی ده‌کردی به‌ڵام له مه‌سینجه‌ر وه‌ڵامی ده‌دایته‌وه، دوا پۆستی فه‌یسبووکی ئه‌م بیرمه‌نده ده‌لاله‌تێکی دووفاق و لایه‌نه‌ی پێوه دیاره که به شێویه‌ک نواندنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه نێوانگیرهیه: له هه‌لومه‌رجێکی نه‌خوازراودا، فه‌زیله‌تی گه‌وره گۆڕینی خه‌ڵکانێک نییه، به‌ڵکوو خۆت خراپ نه‌بیت". ده‌لاله‌تێک که ده‌شێت هه‌م جۆره بێهیواییه‌ک بێت له لایه‌ک و هه‌میش هیواداربوون بێت له لایه‌ک، له نێوان خه‌ڵک و خود. ماڵئاوا هاوڕێی هه‌مووان.