له هه‌ر باسێكی کۆمه‌ڵکوژییه‌کانماندا ده‌شێت پرسیاری نوێمان به‌رهه‌م هێنابێت، له هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ڕووفاتی پیرۆزی شه‌هیدانی کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفالدا، ده‌شێت وه‌ڵامی نوێمان بۆ پرسیاره کۆنه‌کان پێ بێت، له هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی تیۆری و فه‌لسه‌فی له‌بارەی کاره‌ساتەوە، ده‌بێت ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رووی هه‌موو کاره‌ساته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مەوە بن. هۆکاره‌که‌یش ئه‌وه‌یە پرۆژه‌ی کوردقڕان و پاکتاوکردنی نەتەوەیی له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی-میتافیزیکی دیاریکراودا، جێبه‌جێ کراوه و هاوکات له‌ناو دیسکۆرس و گوتارێکی میدیایی و سیاسیی‌دا ئیشی پێ کراوه، که قۆناغی دوای پاکتاو و جینۆسایدکردنه‌کە، خۆی ئه‌زموونێکی نوێ و تازه له برین لێکه‌وتن و زامچه‌شتن و که‌رامه‌تشکاندن بووه.
پرۆژه‌ی قڕکردنی جووه‌کان له میانه‌ی جه‌نگه جیهانییه‌کاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بوو به بنه‌مایه‌ک بۆ یه‌کانگیریی و بیچمگرتنی ناسیۆنالیزمێکی ڕزگارکه‌ر، بۆ جوو بوو به هه‌وێنی چه‌کداماڵین له هه‌ندێ وڵات، له‌وانه‌یش ئەڵمانیا، تا هه‌م وه‌ک په‌ند و تانه‌یه‌ک به ناوچاوی کو‌لتوور و کرده‌وه‌ی سیاسیی و مێژووی ئەڵمانیا‌وه بێت و هه‌میش مه‌ڵهه‌م بێت له‌سه‌ر برینی کۆی جووه‌کان.
دوای 40 ساڵ له کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان، هێشتا ئێمه به دوای ئێسک و پرووسک و کاسه‌سه‌ر له بیابانه‌کانی خوارووی عێراقی عرووبه‌دا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌مه له حاڵێکدایه که به‌شداریی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌م گه‌ڕان و پشکنینه‌یشدا سنوورداره و هێز و گوتاری عروبه هه‌ر ئه‌وه‌نده بوار ده‌دات بچیته سه‌ر لاشه‌ی خۆت و ناهێڵێت هێماسازیی نه‌ته‌وه‌یی ومرۆیی بۆ بکرێت!
هه‌ر کاتێک پرووسكی شه‌هیدانی کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال له بیابانه‌کانی عێراق گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه باوه‌شی خاکی پیرۆز و خوێناوی کوردستان، ئایا ده‌بێ دیسان خۆمان بده‌ینه ده‌ست ئه‌و هه‌سته شینگێڕ و شیوه‌نیه‌ی ساڵانێکه برین و ئازاره‌کانی خۆمانی پێ ده‌لاوێنینه‌وه؟ یا ئه‌و گوتاره سینگكوت و له‌خۆدانه که له ئه‌ده‌ب و گۆرانیشماندا به قووڵی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟ ئاخۆ نابێت له قۆناغی گریان بۆ قۆناغی تێڕامان و داڕشتنی به‌ها مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له په‌روه‌رده و کولتووری خۆمان هه‌نگاو هه‌ڵبگرین؟ ئەی نابێت نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر هه‌موو فه‌لسه‌فه ئه‌خلاقی و سیاسیی و ده‌وڵه‌تدارییه‌کانی دنیا دابنێین و په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش بنێین به نێوچاوانیانه‌وه؟ ئاخۆ له‌م هۆلۆکۆست و کوردقڕانه‌دا سه‌گه‌کانی نوگره‌سه‌لمان تاوانبارن یان لایه‌نی ڕه‌ش و تاریکی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیته و گه‌شپێدانی ته‌کنه‌لۆجیای ده‌سکرد و عه‌قڵیه‌تی ئامێریانه و سه‌رمایه‌دارانه؟ یان نا عه‌قڵیه‌تی شۆڤێنیی عروبه و کولتووری به‌ده‌ویی ڕۆژهه‌ڵاتییانه که ئامێره‌کانی ڕۆژئاوای کرد به هه‌وێنی جێبه‌جێکردنی هه‌موو خواست و ئاره‌زوو ڕه‌ش و نامرۆییه‌کانی؟
دیاره له پشتی ئه‌م پرسیارانه‌ی منەوە ته‌وسێک هه‌یه که ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤی سه‌رده‌می پێشکه‌وتوو له ئه‌ورووپا و ئەڵمانیا و شارستانیه‌تی ئه‌وان به به‌رپرس ده‌زانێت، له پڕچه‌ککردن و به ته‌کنۆلۆجیاکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌ده‌ویی و بیاباننشین، قه‌ت مه‌به‌ستی به‌ده‌نگهێنانی ئه‌و بیرۆکه‌یه نییه که جیهان به ئه‌نجامێکی کاره‌ساتاویی خه‌لیقه‌ت ده‌زانێت و ئێش و ئازاره جیهانگیره‌کان ده‌کات به بیانوو و به‌ڵگه‌ی ڕۆحیه‌تێکی ئابزوێرد و نیهیلیزمانه. دیاره ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره ئیراده‌گه‌رێتی و ئاماده‌بوونێکی ئێمه‌یه له پانتایی بوون و مێژوودا! ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ت ساڵ به‌رخۆدان و کۆڵنه‌دانی گه‌لی ئێمه‌دا ناگونجێت و دژی ڕاستییه مێژووه‌که‌مانە.
کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال هاته ئاراوه چونكە کولتووری عروبه ئازادی و سه‌ربه‌ستیخوازیی کوردی پێ قووت نه‌درا، کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال كراین چونكە فاشیزمی میشێل ئه‌فله‌ق له باوکه مه‌عنه‌وییه‌که‌ی واته هیتله‌ر، له ئه‌وروپاوه گوازرایه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌سه‌ر کورددا پراکتیزه کرا! ئه‌گه‌رچی ئه‌نفال ناوی پرۆژه‌یه‌کی مه‌زنی کوردقڕان و پاکتاوکردنی کورد بوو، به‌ڵام کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان به‌هۆی جۆراوجۆری سیاسی و حزبی، تووشی جۆرێک له په‌راوێزخستن و ته‌راکه‌وته‌بوون کراوه، ئه‌مه‌یش ئه‌نجامی ململانێی به‌رته‌سکی حزبییه که کاره‌ساته گشتگیر و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا له نێوان به‌رداشی خواست و کایه‌کانی خۆیاندا ده‌پلیشێننه‌وه و تا ئێسته‌یش ئێمه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵینین!
ئه‌م وشانه زه‌وینه‌یه‌کی ساده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ین کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال ته‌نیا وه‌ک ڕووداوێکی بچووک که به‌سه‌ر کورددا هاتوون، نه‌بینین /ئه‌گه‌رچی له ئه‌رزی واقیعدا له‌م ئاسته‌یشدا له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که و زلهێزانی دنیا و ته‌نانه‌ت عێراق خۆیشیەوە دانی پێدا نه‌نراوه و هیچ ده‌سکه‌وتێکی بۆ کورد دابین نه‌کردووه، ته‌نانه‌ت دوای به جینۆسایدناساندنی له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراقیشەوە له 3/5/2011/، به‌ڵکوو ده‌بێت له ئاسته هه‌ره گه‌وره مرۆیی و وجوودییه‌که‌یدا بیبینین، بیگێڕینه‌وه که نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتیخواز بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ڕه‌وای خۆی و ژیانکردن له‌سه‌ر زێدی باوباپیرانی، له‌لایه‌ن کولتووری عوروبه‌وه ژن و منداڵ و پاکیزه و گه‌نج و پیره‌کانی گوازراونه‌ته‌وه بۆ شوێنێک هاوشێوه‌ی دۆزه‌خ، /تۆپزاوه و نوگره سه‌لمان/ کچانیان به‌شێکیان تا ئێسته‌یش بێسه‌روشوێنن و به گوێره‌ی هه‌ندێ گێڕانه‌وه گوازراونه‌ته‌وه بۆ میسر و ناو مه‌کینه‌ی حه‌ز و شه‌هوه‌تی مسوڵمانانی عروبه! ئایا جیهان نابێت له به‌رده‌م ئه‌م ڕیسواییه گه‌وره‌یه‌دا ڕۆژێک له ڕۆژان ئاره‌قه‌ی شه‌رم به ناوچاوانیدا بێته خواره‌وه و هه‌موو فه‌لسه‌فه و ڕێبازه فکری و سیاسییه‌کان تووشی گومان و پرسیار بکات؟
تا کاتێک کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد و ئه‌نفال نه‌بێت به سه‌رچاوه‌یه‌کی نه‌مر و ئیلهامبه‌خش بۆ پاڵاوتن و پاککردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیی گشتیی و هزری مرۆڤایه‌تی، هیچ هیوایه‌ک له به‌رده‌م ئاشتی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و دانوستاندا نییه، ئه‌گه‌ریش هه‌بێت هیوایه‌کی زۆره‌ملێ و ناچارییه.