ئەمساڵ 614 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنە كڕاوە

:: PM:03:12:11/08/2020 ‌
كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی سنە كە سەر بە حكوومەتە، سەرجەم ئەو گەنمەی لە جووتیاران كڕیوەتەوە كە لە خۆیان و پێداویستییەكانی پارێزگاكە زیادە.

جەمال ساڵحی نوێنەری كۆمپانیای بازرگانیی سنە ئاشكرای كرد، تا ئێستە 614 هەزار و 89 تۆن گەنمیان لە جوووتیارانی سنە كڕیوەتەوە و هێشتا كڕینەوەی گەنمیش بەردەوامە.

سەرووی تریلیۆنێك و 50 ملیار تمەن لە بری وەرگرتنی ئەو گەنمە خراوەتە سەر هەژماری بانكیی جووتیاران كە بە دۆلار دەكاتە 42 ملیۆن دۆلار.

40 هەزار و 326 جووتیار گەنمەكەیان رادەستی سایلۆ كردووە.
بەگوێرەی ئیرنا، رۆژانە لە سایلۆكانی ئەو پارێزگایە 11 هەزار و 500 تۆن گەنم وەردەگیرێت و 40 هەزار و 326 جووتیار گەنمەكەیان رادەستی سایلۆ كردووە.

پارێزگای سنە خاوەنی نزیكەی پێنج ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵییە و بە یەكێك لە پارێزگا لەبارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بواری كشتوكاڵ هەژمار دەكرێت. ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكە سەرووی ملیۆنێك و 600 هەزار كەسە. بەرهەمی ساڵانەی كشتوكاڵی سنە سالانە خۆی لە دوو ملیۆن تۆن دەدات.

پارێزگاكە جگە لە كشتوكاڵ، بۆ بواری ئاژەڵداریش دەوڵەمەندە. دوو ملیۆن و 210 هەزار مەڕ، 200 هەزار رەشەوڵاغ و 13 ملیۆن پەلەوەر و 116 هەزار كەندووی هەنگی هەیە.



وشە - سلێمان تاشان