بانكی ناوەندی: عێراق توانای دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەیە

:: PM:05:47:19/03/2020 ‌

دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئابووری و بودجەی ساڵانەی عێراق بەو هۆیەوە كەوتووەتە مەترسییەوە، بە تایبەتی كاتێك رێژەیەكی گەورەی كورتهێنانی تیادایە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی دەڵێت، عێراق توانای دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەیە و نرخی نەوت بەمشێوەیە نامێنێتەوە. 
نرخی نەوت بەمشێوەیە بەردەوام نابێت و بەرز دەبێتەوە
عەلاق بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاند، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەكان، توانای دانەوەی قەرزی دەرەكی و مووچەمان هەیە، راستە جۆرێك لە نیگەرانی هەیە، بەڵام زۆریش نا، چونكە نرخی نەوت بەو شێوەی ئێستە بەردەوام نابێت، پێشبینی ناكەین زۆر بەرز ببێتەوە، بەڵام بەشی ئەوە دەكات كە پێویستییەكان دابین بكەین.

عەلاق دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە بەرپرسان پێداچوونەوە بە رەشنووسی بودجەی 2020 دەكەن كە یەكێكە لە گەورەترین بودجەكانی عێراق و بڕەكەی 164 ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە 137 ملیار دۆلاری ئەمەریكی و 75%ی بۆ مووچە و خەرجی تر تەرخان كراوە و ئەوەی دەمێنێت بۆ وەبەرهێنان. 

شایەنی باسە خەرجی مووچە لە بودجەی عێراق لە 36 ملیار دۆلار لە 2019 بۆ 47 ملیار دۆلار بۆ ئەمساڵ زیادی كردووە دوای دامەزراندنی 500 هەزار فەرمانبەری نوێ بۆ رازیكردنی شەقامی ناڕازی، لەوكاتەی عێراق خاوەن چوار ملیۆن فەرمانبەری مووچەخۆرە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل