پەرلەمانتارێك: عێراق چاكسازی بكات تەنگژەی ئابووری نامێنێت

:: PM:07:37:14/07/2020 ‌

لەگەڵ ئەو تەنگژە داراییەی بەرۆكی عێراقی گرتووە بەهۆی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە چارەسەرنەكردنی دۆخەكە و چاكسازی نەكردن و قەرزكردن، بەهای دیناری عێراق كەم دەكەنەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دووپاتی كردەوە كێشەی عێراق نەبوونی داهات نییە. 
تەنگژی عێراق نەبوونی داهات نییە بەڵكو دزینی داهاتەكەیە
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، چەند هۆكارێك هەن كار دەكەنە سەر بەهای دیناری عێراقی، سێ هۆكاری سەرەكین، یەكەم یەدەگی بانكی لە دراوی بیانی، چەند یەدەگت لە بانكی ناوەندی هەیە، دووەم یەدەگی زێڕت چەند هەیە، سێیەم عێراق نەكەوێتە ژێر سزای ئابووری بە هاوشێوەی ئێران و سووریا.

زیاتر گوتی، ئێستە لیرەی سووریا و تمەنی ئێرانی كەوتوونەتە بەر هێرشی سزاكان، بۆیە ئەگەر دینار تووشی سزا نەبێت، بەو كورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە بەهاكەی ناشكێنێت، چونكە راستە بودجەی عێراق كورتهێنانی زۆری تیادایە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە دوو تا سێ مانگی تر ئابووری دنیا بكرێتەوە.

كۆچەر روونی كردەوە، ئێستە دەبینین كە لە بابەتەكانی فڕۆكەوانی و گەشتەكان و پێدانی ڤیزە، دنیا هەموو بەو ئاراستەیە كە ئەوانە دەست پێ بكەنەوە، مانای وایە كۆرۆنا دەبێتە پرسێكی ئاسایی ژیان و دەبێت خەڵك لەگەڵی هەڵبكات، چونكە هیچ دەوڵەتێكی دنیا ناتوانێت خەڵكەكەی بەخێو بكات، دەبێت قوربانی بە یەكێكیان بدات، دەوڵەت یان بە هەندێك لە هاووڵاتییانی پابەندی خۆپاراستن نابن، بۆیە دنیا لەبەردەم كرانەوەیە و ئەوكات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

"هەرچەند پێشبینی دەكرێت تا نیوەی 2021 نرخی نەوت لە 50-55 دۆلار تێپەڕ نەكات، عێراق ئەگەر نەشتوانێت قەرزی زیاتر بكات، بەڵام دەتوانێت چاكسازی بكات، ئەگەر كردی، هیچ تەنگژەیەك دروست نابێت، چونكە تەنگژەكە ئەوەیە داهاتی وڵات دەدزرێت، نەوەك داهات نییە"، كۆچەر وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل