لبنان لە كڕینی نەوت پشت لە ئێران و روو لە كوێت دەكات

:: AM:11:17:15/07/2020 ‌
لبنان پێویستیی بە بەرهەمەكانی نەوت هەیە و حكوومەتی ئەو وڵاتەش بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە نەوت لە ئێران بكڕێت و لە ئەلتەرناتیڤی تر دەگەڕێت.

حەسەن نەسروڵا پێشنیاری بە حكوومەتی لبنان كردووە لە ئێران نەوت بكڕێت و هەر بە دراوی لبنانی پارەكەی بدات، بەڵام حكوومەتی ئەو وڵاتە رەتی كردووەتەوە و گوتوویەتی لەگەڵ كوێت و عێراق بۆ ئەو مەبەستە خەریكی دانوستانە.

وەزیری وزەی لبنان زۆر بە راشكاوی گوتوویەتی وڵاتەكەی هیچ پلانێكی بۆ كڕینی نەوت لە ئێران نییە، بۆیە هیچ دانوستانێك لەوبارەوە ئەنجام نادات.

حەسەن نەسروڵا بەر لە لێدوانەكەی وەزیری وزە گوتبووی لەگەڵ حكووومەت قسەی كردووە و پێشنیاری پێ كردوون بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران بكڕن.

هەندێك چاودێری سیاسی پێیان وایە ئەم پێشنیارەی حەسەن نەسرۆڵای سەرۆكی حزبوڵا، بۆ ئەو ئامانجەیە ئێران نەوتەكە بداتە حكوومەتی لبنان و حكوومەتی لبنانیش پارەكە رادەستی حزبوڵا بكات، ئیتر بەمەش ئێران كێشەی ئەوەی نامێنێت بە چ شێوەیەك یارمەتیی حزبوڵا بدات.

بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا حكوومەتی ئێران ناتوانێ لە هیچ كەناڵێكی داراییەوە یارمەتیی حزبوڵا بدات، وەك رابردوو ناتوانێت مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار بداتە حزبوڵا بۆ ئەوەی پلانەكانی ئێران لە ناوچەكە جێبەجێ بكات.

لە ماوەی ساڵێكدا دراوی فەرمی ئەو وڵاتە سەرووی 80% بەهای خۆی لە دەست داوە.
لبنان تووشی تەنگژەی دارایی بووە و لە ماوەی ساڵێكدا دراوی فەرمی ئەو وڵاتە سەرووی 80% بەهای خۆی لە دەست داوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش لەوبارەیەوە هەڵوێستی هەبوو و گوتبووی لبنان بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت و ئەمەریكا بە هیچ شێوەیەك رێ نادات نەوتی ئێران بكڕێت.

حكوومەتی لبنان لەگەڵ كوێت كەوتووەتە دانوستان بۆ ئەوەی بتوانێت لەم وڵاتە نەوت بكڕێت و پێداویستییەكانی خۆی پێ دابین بكات. 




وشە - سلێمان تاشان