پاریس... بەبێ ئێران كۆبوونەوەی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ دەكرێ

:: PM:06:15:18/10/2016 ‌

پێنجشەمی داهاتوو پاریسی پایەتەختی فڕەنسا مێوانداری كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە باسكردنی دۆخی شاری مووسڵ و سەقامگیركردنەوەی لە دوای دەركردنی داعش لێی دەكات، بەڵام ئێران ئامادەی نابێت.

دوێنێ دووشەم لە چەند قۆڵێكەوە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی نۆ گوند ئازاد بكاتەوە، ئەمڕۆش هێزەكانی عێراق لە چەند ناوچەیەكەوە دەستیان بە هێرش كرد و توانیان بۆ چەند ناوچەیەك پێشڕەوی بكەن.

جان مارك ئێرۆلیت وەزیری دەرەوەی فرەنسا ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە هەریەك لە فرەنسا و عێراق كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی 20 دەوڵەت بۆ باسكردنی "ئامادەسازیی داهاتووی سیاسی"ی مووسڵ لە پاریس ساز دەكەن، ئەوەش دوای دەست پێ كردنی جەنگی ئازادكردنەوەی شارەكە لە داعش. 

زیاتر گوتی، بانگهێشتنی ئێران بۆ كۆبوونەوەكە نەكراوە و جەختی كردەوە كە پێویستە لە ئێستەوە ئامادەسازی بۆ دواڕۆژی مووسڵ بكرێت بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەكە لە دوای جەنگ.

شاری مووسڵ كە دووەم گەورە شاری عێراقە لە دوای بەغدای پایەتەخت، لە حوزەیرانی 2014 كەوتە دەستی داعش و ئەویش وێرانكاری گەورەی تیادا ئەنجام دا، ئێستەش چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی جەنگی ئازادكردنەوەی وێرانكاری زیاتری تیادا دروست بێت، بۆیە بەهۆی گرنگی شارەكە لە ئێستەوە هەوڵی داڕشتنی پلان بۆ ئاوەدانكردنەوەی دادەنرێت.

سەرچاوە: سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل