تمەن بەرگەی نەگرت و جارێکی تر هاڕەی کرد

:: AM:09:51:03/08/2020 ‌
بەهای تمەنی ئێرانی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی یەک دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی گەیشتە 25 هەزار و 150 تمەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران 21 هەزار و 400 تمەن بوو

نووسینگەکانی دراوی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو بەهای تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی هەزار و 50 تمەن دابەزیوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران 21 هەزار و 400 تمەن بوو.

پێشتر بەهای دۆلار بەرانبەر دراوی ئێرانی گەیشتە 25 هەزار تمەن، بەڵام ئێران تمەنێکی زۆری بە قاچاخ بۆ ئەفغانستان و عێراق و سلێمانی گواستەوە و دۆلاری هاوردەی بازاڕەکانی کرد، ئەوەیش وای کرد لە ماوەی هەفتەیەک دا بەهای تمەن بەرانبەر دۆلار نزیکەی چوار هەزار بەرز ببێتەوە.


حەسەن شتاب، خاوەنی نووسینگەی گۆڕینەوەی دراوی "ئەرز" لە مهاباد بۆ "وشە" رای گەیاند، چاوەڕوان دەکرێت بەهای تمەن تا کۆتایی ئەم مانگە 30 هەزار تێبپەڕێنێت و داوا لە خەڵک دەکەم هەرگیز بۆ قازانج کردن تمەنی ئێرانی نەکڕن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، خەڵک ئەوەی تمەنی لە ماڵەوە هەیە، هەوڵ دەدات بیکات بە دۆلار بۆ ئەوەی چیتر دابەزینی بەهای تمەن زیانی پێ نەگەیەنێت و بەشێکی بەرچاوی خەڵکیش پارە نەقدییەکانیان کردووە بە زەوی و خانوو بۆ ئەوەی چارەنووسی سەرمایەکانیان نەدەنە دەست بەهای تمەنی ئێرانی.

دابەزینی بەهای تمەن بەو خێراییە دوای ئەوە دەستی پێ کرد ساڵی رابردوو گروپی FATF بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و مەترسییەکانی بۆسەر ئابووری دنیا، ئێرانیان خستە ناو لیستی رەشەوە.

به‌یانی رۆژی هه‌ینی 21ی شوباتی 2019، گرووپی FATA كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێریی دارایی له‌ پاریس، ئێرانی به‌هۆی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و یارمه‌تیدانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان خسته‌ ناو لیستی ره‌شه‌وه‌.



وشە - هیدایه‌ت جان