عێراقییەکان ساڵانە حەوت ملیار هێلکە دەخۆن

:: AM:11:53:26/04/2024 ‌
شارەزایەکى ئابووری لەبارەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە زیادکردنى باجى هاوردەکردنى هێلکە دەڵێ، ئەم بڕیارە بە مەبەستى پشتگیریکردنى بەرهەمى ناوخۆییە بەڵام عێراق ساڵانە بە بەهاى 900 ملیۆن دۆلار هێلکە هاوردە دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، نەبیل مەرسوومی پسپۆڕی ئابووری، لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هێلکەی هاوردەکراو لە 20% بۆ 70% راى گەیاند، ئەم بڕیارە بە مەبەستی پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆییە.

مەرسوومى دەڵێ، بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران کە نزیکە بکەوێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە، لە کاتێکدایە عێراق ساڵانە بە بەهای نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار هێلکە هاوردە دەکات "عێراقییەکان ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار هێلکە بەکاردەهێنن".

نەبیل مەرسوومى کە پەیامەکەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوى کردووەتەوە، لە کۆتاییدا نووسیویەتى، "عێراقییەکان بۆ "مێخلەمە" هێلکە لەگەڵ تەماتەدا دەمرن".

دوێنێ پێنجشەم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر هێلکەی سەر هاوردەکراو وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، سەپاندنی باجی گومرگی زیادە بە بڕی 50% لەسەر هێلکەی هاوردەکراو، جگە لە باجی گومرگی ئێستە 20%، هەروەها ڕاسپاردنی لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

لە کۆتایی بڕیارەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە دووی ئایاری 2024ەوە جێبەجێ دەکرێت.


وشە - رزگار خدر