بودجەی 2021ی عێراق دامەزراندن و وەبەرهێنانی تیادا نابێت

:: PM:04:29:12/09/2020 ‌

ئێستە حكوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی دوو پڕۆژەی بودجەیە، هی چەند مانگی داهاتووی 2020 و ساڵی 2021، كە دەستگرتنەوە و كاریگەریەكانی تەنگژەی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتیان بەسەردا دیارە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات، بودجەی 2021 بودجەیەكی دەستگرتنەوەیە و دامەزراندن و وەبەرهێنانی تیادا نییە.
ئەو 15 ترلیۆن دینارەی حكوومەت قەرزی كرد تەنیا بۆ مووچە بووە
ئەحمەد جبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بودجەی 2020 تەنیا بریتییە لە چەترێكی یاسایی بۆ خەرجییەكانی چەند مانگێك و بریتییە لە بودجەیەكی دەستگرتنەوە دوور لە وەبەرهێنان، بەتایبەتی كاتێك ئەو 15 ترلیۆن دینارەی حكوومەت وەك قەرز رایكێشا، تەنیا بۆ مووچە بووە.

زیاتر گوتی، تەنانەت بودجەی 2021یش چەند بڕگەیەك لەخۆ دەگرێت بۆ قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكی، بە مەبەستی دابینكردنی مووچە، بۆیە هیچی نوێی تیادا نییە و دوورە لە دامەزارندن و وەبەرهێنان، روونی كردەوە، وەزیری دارایی عێراق لەكاتی مێوانداریكردنی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان سەبارەت بە دامەزراندن گوتی، ویستێكی بەهێزتر لە وەزارەت هەیە بەوەوە پێوەست بووە.

جبووری دووپاتی كردەوە، هەموو دامەزراندێك لەلایەن خۆی و كارمەندانی پێشكەوتووی وەزارەتەكەی رەت كراوە بووە، چونكە چەتری دارایی نەبووە، بەڵام لەلایەن حكوومەتەوە بە بڕیار و دەنگدانەوە سەپێنرا.  

ئاشكرای كرد، بودجەی 2021 خەرجی تەواوكردنی پڕۆژە تەواو نەكراوەكانی تیادایە نەوەك پڕۆژەی نوێ، بۆیە پێم وا نییە دەوڵەت دەست بۆ دامەزراندن ببات، لەوكاتەی خەرجییەكان 20% زیادی كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل