عێراق و یەكێتی ئەوروپا كۆمەڵێك رێككەوتنیان واژوو كرد

:: PM:04:54:20/09/2020 ‌
عێراق و یەكێتی ئەوروپا بە واژووكردنی كۆمەڵێك رێككەوتن، هەوڵ دەدەن دۆخی عێراق لە بوارە جیاوازەكاندا پەرە پێ بدەن و كۆتایی بە بەشێك لە كێشەكان بهێنن.

خالید نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشكرای كرد، سێ رێككەوتننامەی جیاوازیان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا واژوو كردووە كە بریتین لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پاڵپشتیكردنی ئابووری عێراق.

بەگوێرەی مێهرنیوز، خالید نەجم  ئاماژەی داوە، لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كار دەكەن بۆ ئەوەی بە هاوكاری بانكی جیهانیی كەرتی وزە پەرە پێ بدەن و لەو كەرتەدا كۆمەڵێك چاكسازی ئەنجام بدەن.

رێككەوتن كراوە بە بەشداریی رێكخراوی یۆنسكۆ، دەرفەتی كاری نوێ لە عێراق بڕەخسێنرێت
 جگەلەمە رێككەوتن كراوە بە بەشداریی رێكخراوی یۆنسكۆ، دەرفەتی كاری نوێ لە عێراق بڕەخسێنرێت و بەشی كۆنی شاری مووسڵ نۆژەن بكرێتەوە و لە بەسرەش بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژە، پەرە بە ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵك بدرێت.

لە لایەكی ترەوە لە رێككەوتنیكی تردا یەكێتی ئەوروپا بەڵێنی بەعێراق داوە لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا یارمەتی بدات، وێڕای ئاسانكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی كشتوكاڵ لە دەشتی نەینەوا لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی نیشتەجێبووونی خۆیان رۆڵی كاریگەر بگێڕێت.



وشە - سلێمان تاشان