هاووڵاتییانی هەڵەبجە شەپۆلی دروستكردنی خانوویان دەست پێ كردووە

:: PM:03:32:21/09/2020 ‌
هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور بە فراوانی دەستیان كردووە بە دروستكردنی خانوو، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە دەڵێ، لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەستی كار و جووڵەی بازاڕ فراوان بووە. 
دروستكردنی خانوو هەلی كاری له ‌بازاڕدا بۆ كرێكار و وەستاكان ڕەخساندووە

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، پێشەوا ئەحمەد سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەڵەبجه بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە فراوانی دەستیان كردووە بە كردنەوەی یەكەی نیشتەجێبوون و گۆڕینی دیكۆری خانووەكانیان و ئێستە پێداویستی بیناسازی نرخی هەرزانە، ئەم شەپۆلی دروستكردنی خانووە‌ هەلی كاری له ‌بازاڕدا بۆ كرێكار و وەستاكان ڕەخساندووە.

روونی دەكاتەوە، هاووڵاتییان خواستیان هەیە بۆ تازەگەری و نەخشەی نوێی خانووەكانیان، به ‌تایبەت دیكۆری ناوەوەی ماڵەكانیان، ئەمانە هەمووی هۆكارن خەڵكێكی زۆر پەنا بەرن بۆ دروستكردنی خانووی تازە، ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و عێراق بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوه،‌ هاووڵاتییان زیاتر دەست دەكەن بە دروستكردنی خانوو.

"ئەم شەپۆلی خانوو دروستكردنە لەلایەن هاووڵاتییانەوە جێی خۆشحاڵییە، جووڵەی بازرگانی و بازاڕ و دروستبوونی هەلی كار بۆ كرێكاران بەدوای خۆیدا دەهێنێت". پێشەوا ئەحمەد وای گوت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی هەڵەبجه دووپاتی دەكاتەوە، بوونی حكوومەتێكی بەهێز و هاوئاهەنگی لە نێوان حزبەكانی پێكهێنەری حكوومەت، فاكتەرێكی باشە بۆ كەرتی بازرگانی و جووڵەی بازاڕ و دڵنیایی هاووڵاتییان.

وەك ئاماژەی پێ دەدات، ئیرادەی بەهێزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و كارنامەی باشی حكوومەت بەگشتی باس لە چاكسازی دەكات لە سێكتەرەكاندا، ئیرادەی چاكسازی لە  سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان بەدی دەكرێت و بەبێ جیاوازی كار بۆ دادپەروەری دەكرێت لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان.



وشە - هیدایه‌ت جان