بەفرەكەی پێنجوێن زیانی گەورەی مادی لێ كەوتەوە

:: PM:05:55:16/02/2017 ‌

ماوەی زیاتر لە سێ رۆژە شەپۆڵێكی قوڕسی بەفربارین سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەورووبەری گرتووەتەوە و تا ئێستەش زیاتر لە 130 سم بەفر باریووە و زیانی مادی زۆریش بەر چەند شوێنێك كەوتووە.

لەو بارەیەوە زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن، بە"وشە"ی  راگەیاند، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا كە بەفربارین بەردەوام بووە و جیاواز لە ساڵانی رابردوودا بەفرێكی زۆر باریووە، بەجۆرێك لە ئێستەدا كۆی گشتیی بەفربارینی ناوچەكەمان گەیشتووەتە 132 سم، ئەوەش هێندەی تر دۆخی ناوچەكەی سەخت كردووە.

زیاتر گوتی، بەداخەوە بەهۆی بەفر و دواتریش بارانی بە لێزمەوە، سەربانی گەراجی وەستانی تەكسی و پاسەكانی هێڵی (پێنجوێن–سلێمانی) لە شارۆكەكەماندا رووخاوە و بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییەك برینداربووە و  زیانیش بەسێ ئۆتۆمبێل كەوتووە.

رەحمان روونی كردەوە كە هاوكات لە نزیك گوندی نزارەی نزیك پێنجوێن، بەهۆی زۆری باران بارینەوە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەر رووخاوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 11  هەزار جووجك لەناوچوون و زیانەكانیش بە نزیكەی (20) هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هاوكات "وشە"بۆ زانینی دواین ئامارەكانی روودا و زیانەكان بەهۆی بەفرەوە پەیوەندی كرد بە لوقمان لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدانی پێنجوێن، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی قوڕس بەهۆی خلیسكانی سەر بەفر و رووداوی هاتوچۆوە نەهاتووەتە لامان.

شایەنی باسە، ماوەی چەند ساڵێكە پێنجوێن وەك ئەمساڵ بەفربارینی قوڕسی بەخۆیەوە نەبینیووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاستەنگكردنی ژیان لەو سنوورە كوێستانییەی پارێزگای سلێمانیدا.

وشە/ رێبین پێنجوێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل