بەڵێن عەبدوڵا: رووداوەكەی بەغدا مەترسیدارە و پێویستە لە هەڵسوكەوتی چەند كەسێكی سەرەرۆ بچووك نەكرێتەوە

:: PM:01:14:18/10/2020 ‌
بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەكانی بەغدا و سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی دەربڕێ‌ و دووپات دەكاتەوە كە نابێت ئەو بابەتە بچووك بكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی ئۆكتۆبەر، بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، پێویستە لە بەرانبەر ئەو پلان ‌و سیاسەتە دوژمنكارییەی بەرانبەر كوردستان پێڕەوی دەكرێت، نێوماڵی كوردستانی رێك بخرێتەوە و "سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا مەحكووم دەكەین".

هەروەها دووپاتی كردەوە كە چەند ساڵێكە سیاسەتی هەندێ لەهێزە باڵا دەست‌ و دەست رۆیشتوەكانی عێراق دژ بە هەرێمی كوردستان ‌و مافە رەواكانی لەبەغدا بە راشكاوی ‌و بە ئاشكرا پێڕەو دەكرێ و "دواجار گەیشتە ئەوەی بە بەرچاوی هێزەكانی پۆلیس‌ و ئاسایش لەبەغدا پەلاماری بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانیاندا و سووتاندیان، بەمەیش نەوەستان، رق‌ و كینەیان گەیشتە ئەوپەڕی شۆڤێنیەت ‌و ئاڵای كوردستانیان سووتاند.

" ئەم كارە قێزەونە سیاسەتێك لەپشتیەوەیە و هەڵیدەسوڕێنێ ‌و ئاراستەی دەكات ‌و بووەتە بەشێك لە نەهجیان، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێ زۆر لەوە خراپتر دەكەن، بۆیە پێویست دەكات لەبەرانبەر ئەو پلان‌ و سیاسەتە دوژمنكاریەی بەرانبەر كوردستان پێڕەوی دەكرێت، نێوماڵی كوردستانی رێك بخرێتەوە" بەڵێن عەبدوڵا وای گوت.

باسی لەوەیش كرد كە دەبێ ئەم رووداوە ترسناكە بەرژد وەربگرین ‌و بچووك نەكرێتەوە لە هەڵسوكەوتی چەند كەسێكی سەرەرۆ ‌و لە یاسا دەرچوو.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم