پۆمپیۆ: ئەوەی گەمارۆی چەكی سەر ئێران بشكێنێ سزای دەدەین

:: PM:10:00:18/10/2020 ‌

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە هەر مامەڵەیەكی فرۆشتنی چەك بە ئێران سزای بەدواوەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی تاران دووپاتی كردەوە كە گەمارۆی كڕین و فرۆشتنی چەكی ئاسایی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر لاچووە. 
ئێران واز لە هەناردەكردنی شۆڕش بێنێ هاوبەشێكی دەستكراوەی دەبین
پۆمپیۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هەناردنی چەكی ئاسایی بۆ ئێران، پێشێلكردنی بڕیاری ژمارە 1929ی ئەنجوومەنی ئاسایشە، هەروەها كڕینی چەك و تەقەمەنی لە ئێران پێشێلكردنی بڕیاری ژمارە 1747ی ئەنجوومەنی ئاسایشە، بۆیە ئەمەریكا ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسایەتی و قەوارەیەك بەشداری بكات بە كڕین و فرۆشتنی چەك یان گواستنەوەی چەك بۆ ئێران و لە ئێرانەوە، هەروەها ئەوانەیش كە مەشق و پاڵپشتی دارایی و خزمەتگوزاری و یارمەتی تر پێوەست بەو چەكانە پێشكەیش تاران دەكەن.  

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە، پێدانی چەك بە ئێران دەبێتە زیادكردنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و گەیاندنی چەكی مەترسیدارتر بە دەستی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاكان، ئەوەیش هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و وڵاتانی تری ئاشتیخواز زیاتر دەكات، بۆیە هەر وڵاتێك ئەو گەمارۆیە بشكێنێت، زیادكردنی ململانێكان و ئاڵۆزی لە ناوچەكە لەبری بەهێزكردنی ئاشتی و تەناهی هەڵدەبژێرێت.

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە فرۆشتنی چەك بە ئێران كاریگەری بۆ سەر گەلی ئێرانیش هەیە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی رژێمی ئەو وڵاتە پارەی دەوڵەت لە گەلی ئێران دووربخاتەوە و بۆ ئامانجی سەربازی بەكاری بێنێت، ئەمەریكا خوازیاری ئاشتییە لەگەڵ ئێران و هیواخوازە ئەو رۆژە بێ و سەرانی ئەو وڵاتە واز لە خەونەكانیان بێنن بە هەناردەكردنی شۆڕش، ئەوكات هاوبەشێكی پێشوازیكار و دەستكراوە لە واشنتن دەدۆزنەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل