واشنتن داوای ئازادكردنی سەرمایەدارێكی ئێرانی-ئەمەریكی لە ئێران دەكات

:: PM:01:20:19/10/2016 ‌

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، داوا لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات، دەستبەجێ سەرمایەداری ئێرانی-ئەمەریكی سیامەك نمازی و محەمەد باقر نمازیی باوكی ئازاد بكات، كە ئێران سزای 10 ساڵی زیندانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ ئەمەریكا بەسەردا سەپاندوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا، داوای ئازادكردنی سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمەریكا دەكات كە لە ئێران گیراون، بە تایبەت سیامەك و باقر نمازی.

جێی ئاماژەیە، سیامەك نمازی سەرمایەدارێكی بە رەسەن ئێرانی و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكایە، لە ناوەڕاستی چلەكانی تەمەنیدایە، لە ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەمی 2015 لە میانەی گەڕانەوەی بۆ ئێران بە مەبەستی سەردانی خێزانەكەی لە تاران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە گیرا و دواتریش لە مانگی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ، محەمەد باقر نمازیی باوكیشی كە تەمەنی 80 ساڵە گیرا، كە ئەویش پێشتر بەرپرسی رێكخراوی یونیسێف بووە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكایە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی