پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و هەولێر پێكدێنێت

:: PM:04:12:24/11/2020 ‌

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێنوێنی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.
چەند لایەنێك دەیانەوێ ئەو دۆسیە وەك هەڵمەتێكی هەڵبژاردن بەكار بێنن
بەپێی ئەو رێنوێنییەی لە حەلبووسی دەرچووە، ئەركی لیژنەكە ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا و هەولێر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانیان، بەپێی یاسا و دەستوور و دابەشكردنی داهات بەشێوەیەكی دادوەرانە و رێكخستنی ئەو بابەتە بە دەقی یاسایی و جێگیركردنی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق.

لای خۆیەوە دیار بەرواری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە پێكهێنانی ئەو لیژنەیە كرد و گوتی، پاڵپشتی لە چارەسەركردنی هەر كێشە و ناكۆكییەكی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم دەكەین، بەپێی یاسا و دەستوور.

روونی كردەوە، دەستوەردانی هەر لایەن و كەسێك بۆ ئەو مەبەستە پێشوازی لێكراوە، بۆیە پاڵپشتی لە كاری لیژنەكە دەكەین، بەتایبەتی بۆ گەیشتن بە میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پێوەست بە نەوت و دارایی بەپێی دەستوور لە بودجەی 2021. 

بەرواری روونی كردەوە، كێشەی نێوان بەغدا و هەولێر لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم نییە، بەڵكو چەند لایەنێكی سیاسی گوشار دەخەنە سەر حكوومەتی عێراق و دەیانەوێ ئەو دۆسیە وەك هەڵمەتێكی هەڵبژاردن و بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەكار بێنن.

شایەنی باسە ئەندامانی لیژنەكە بریتین لە پەرلەمانتاران، محەمەد شەیاع سوودانی و عەدنان زورفی و محەمەد ساحب دەراجی و موزاحم تەمیمی و عەبوود عیساوی و هیشام سوهێل و حەسەن شوێرد و فەیسەڵ عیساوی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل