دوای سێ هەفتە لە داكشان زێڕ 20 دۆلار هەڵكشا

:: PM:02:09:19/10/2016 ‌

دوای سێ هەفتە لە داكشانی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا، ئەم هەفتەیە نرخەكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لە ماوەی سێ رۆژدا ٢٠ دۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.
 
لە كۆتای هەفتەی رابردوو نرخی هەر ئۆنسێكی زێر تا هەزار و ٢٤٥ دۆلار دابەزی، لە كاتێكدا سێ هەفتە پێشتر تا هەزار ٣٤٥ دۆلار بەرز بووەوە و لەو ماوەیەدا ١٠٠ دۆلار لە نرخەكەی دابەزی.

لە رۆژی دووشەمی ئەم هەفتەیەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كردووە، زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخەكەی ٢٠ دۆلار هەڵكشاوە و گەیشتووەتە هەزار و ٢٦٥ دۆلار.

زێڕ بە یەكێك لەو كاڵا گرنگانە هەژمار دەكرێت كە لە كاتی ئاڵۆزبوونی بازاڕ خەڵك، روو لە كڕینی دەكەن و هەر كاتێك بازاڕەكان جموجۆڵی زیاتری ئابوورییان بەخۆیەوە بینی، نرخەكەی دادەبەزێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە سەرمایەداران سەرمایەكانیان بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكەن و زێڕەكانیان دەفرۆشنەوە.



سەرەتای ئەمساڵ زێڕ گەیشتە نزمترین نرخی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو و نرخەكەی تا هەزار و ٤٧ دۆلار نزم بووەوە، بەڵام دواتر دەستی بە بەرزبوونەوە كرد. 

بەرزترین نرخی زێڕ لەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆڕسەی دنیایی بۆ شەشی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١، دەگەڕێتەوە كە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ بۆ هەزار و ٩٢٠ دۆلار بەرز بووەوە.

نزمترین نرخی زێڕ بۆ ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە ٢٥٢ دۆلار دەفرۆشرا. پێویستە بگوترێت یەكەم رۆژی تۆماركردنی بۆڕسەی زێڕ لە دنیادا ١٩ی ئابی ١٩٩٧ بووە.

هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و هەر مسقاڵێك زێڕیش ٤.٦٠٨ گرامە. بەو پێیە هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە سەرووی شەش مسقاڵ و نیو.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئاستی دنیادا راستەوخۆ كاریگەریی دەخاتە سەر بازاڕی زێڕنگران، چونكە ئەوان نرخی مسقاڵی زێڕ لەسەر بنەمای نرخی دنیایی دەستنیشان دەكەن.

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی سێ رۆژدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی مانگێكدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی شەش مانگدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی یەك ساڵدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا

سەرچاوە/ dailyfx


وشە - سلێمان تاشان